پەکەکە لەلایەک کوردایەتیمان پێ دەفرۆشێت لەلایەکی تر کوردستانمان لێ دەفرۆشێت
بە پشت بەستن بە لێدوان و بەڵگەکانی خۆیان راستییەکان دەخەینە روو. سەرەتا بە وتەیەکی خوالێخۆشبوو جەلال تالەبانی دەست پێدەکەم کە گۆتی: (شەڕکردن لەگەڵ پارتی هەڵدەبژێرم نەک دۆستایەتی لەگەڵ پەکەکە)
یەکێتی هەڵەیەکی زۆڕ گەورە و مێژوویی دەکات گەر بیەوێت دەستبەرداری پارتی بێت و دەست لەگەڵ پەکەکە تێکەڵ بکات کە پەکەکە چەند دۆژمنی پارتییە دوو ئەوەندەش دۆژمنی یەکێتییە، پەکەکە چەند دەیەوێت پارتی لەناو ببات ئەوەندەش دەیەوێت یەکێتی لەناوبچێت.
بەڵگە بۆ ئەم قسەیەم وتەیەکی ئوجەلانە کە ساڵی ١٩٩٩ بە تورکیای گۆت: (پارتی و یەکێتی دۆستی ئێوە نین ڕۆژێک بەجێتان دەهێڵن، ئەگەر ئێمە تۆزێک بە ڕێک و پێکی کاریان لەسەر بکەین دەتوانین کاریگەرییان نەهێڵین و بەجورێک بە تورکیایان دەبەستینەوە کە نەتوانن هەناسە بدەن).
پەکەکە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بۆ دۆزی کورد و ئازادی کوردستان کاری نەکردووە ئێستا هاتووە کوردایەتی بە ئێمە دەفرۆشن و لافی کوردبوون لێ دەدەن، وا پیشان دەدەن کە ئێمە دژایەتییان دەکەین، لە کاتێکدا خۆدی سەرۆکەکەیان لەساڵی ١٩٩٩ لە ئیمڕاڵی بە تورکیای گۆت: (ئێمە بۆ خزمەتکردنی تورکیا دروست بووین و هەناسە لە بارزانی و تاڵەبانی دەبڕین)
من دەڵێم پەکەکە دروستکراوی نەیارانی کوردستان و عەمیلی ویستە گڵاوەکانی تورکیایە، بەڵگەشم بۆ ئەوە قسەکانی ئۆجەلانە کە لە ئیمڕالیدا بە تورکیای گۆت: (پلانی بەستنەوەی هەولێر بە ئەنقەرەوە بۆتان دادەڕێژم)
هەر لەسەر ئەو قسانەشم بەڵگەیەکی ترتان پێدەدەم هەر لەو قسانەدا ئوجەلان دەڵێت: (بەرەیەک دروست دەکەین خۆتان کەسەکان دەستنیشان بکەن) ئێستا سەیربکەن سەرکردایەتی پەکەکە بریتییە لە (جەمیل بایک) (دوران کاڵکان) (موراد قەرەیلان) چەند کورد لەم سەرکردایەتییەی پەکەکەدا بۆنی هەیە؟ ئەمەش قسەکانی ئوجەلان دوپات دەکاتەوە کە تورکیا بە پڕۆژەی ئوجەلان ڕازی بووە و خۆشیان کەسەکانیان دەستنیشان کردووە.
پەکەکە کە لە ١٩٧٨ تا ئەمڕۆ زیاتر رۆلی چەتە و ڕێگرەکان دەگێڕێت و لە ئەشکەوت و لە شاخەکان خەریکی خۆحەشاردانن، لەماوەی ئەو هەموو ساڵەی تەمەنی نە ئامانج و نە ستراتیجییەتێکی ڕوونی نەبووە، نەمان بینی یەک گۆرزی گەورە لە تورکیا بدەن یاخود گوندێکیان لەژێر دەستی تورکیا دەرهێنابێت، بە پێچەوانەوە هەمیشە عەمیلێکی دەستخۆشی تورکیابووە و بە هەموو توانایەکیانەوە هەوڵ بۆ بەجێگەیاندنی ویستی تورکیا دەدەن، بەتایبەت فراوانکردنی سنوری تورکیا و نەهێشتنی شوێنێک کە بونی کورد یان کوردستانی لێبێت، پەکەکە نەک بەس تورکیا هاوکارێکی باشی ئێران و عێراقیشە بۆ دژایەتی کردنی خواستی گەلی کورد کە لە کۆتا ڕووداوەکاندا لە شەنگال و مەخمور و دەوروبەری بە هەموو شێوەیەک دەستیان لەگەڵ حەشدی شەعبی و سوپای عێراق تێکەڵکرد بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی پێشمەرگەی کوردستان بۆ ئەو ناوچانە.
بەڵگەشم بۆ قسەکانم وتەیەکی تری خوالێخۆشبوو مام جەلالە کە لە ساڵانی نەوەتەکان وتی: (بەڵگەمان هەیە کە پەکەکە هاوکاری هێزی داگیرکەری حکومەتی عێراق دەکات بۆ لێکهەڵوەراندنی هێزی پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان کە پارێزگاری لە شەڕەف و نامۆس و کەڕامەتی خەڵکی کوردستان دەکات)
دوای هەموو ئەوانە لەساڵی ٢٠٠٢، تورکیا داوای لە ئوجەلان کرد کە لە سنوری باشوری کوردستان و بەتایبەتر سیدەکان جموجوڵ بکەن تا بەهانە بدەنە دەست تورکیا بۆ دەستوەردان لە عێراق.
ئەم زانیارییەش لە خۆدی پارێزەری ئەردوغانەوە بە محمەد پێنجوێنی دراوە تا بیگەیێنێتە مام جەلال.
ئەم پلانەیان لەو کاتەوە بەردەوامە تا ئێستاش بۆ پەلاماردان و داگیرکردنی خاکی کوردستان پەکەکە وەکۆ بەهانەیەک بەکاردەهێنن
لەکۆتاییدا بە وتەیەکی خۆدی ئوجەلان کۆتایی بە بابەتەکەم دەهێنم کە گۆتی: (ئێمە نییەتی ئەوەمان نییە هیچ دەوڵەتێکی کوردی لەهیچ شوێنێک دروست بکەین)
نەک نییەتی ئەوەیان نییە بەڵکو نییەتیان ئەوەیە هەر شوێنێک کوردستان بێت و ئاڵای کوردستانی لێ هەڵبکرێت نەهێڵن، ڕێگا نەدەن لە هیچ شوێنێک دەسهەڵات و حکومەتێکی کوردی هەبێت.