محەممەد شياع سوودانی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرۆک بارزانی پیرۆز دەکات

محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرۆک بارزانی پیرۆز دەکات.
پارتی لە 16ی ئابی 1946، واتە 78 ساڵ لەمەوبەر، بە سەرۆکایەتیی مەلا مستەفا بارزانی دامەزرا و ئێستا لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی-یەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.
نووسینگەی راگەیاندنی محەممەد شیاع سوودانی ئاماژە بەوە دەکات، سەرۆکوەزیرانی عێراق نامەیەکی پیرۆزبایی بۆ سەرۆک بارزانی ناردووە و تێیدا "جەختی کردووەتەوە کە ئەم ساڵیادە لەگەڵ خۆیدا بیرەوەریی خەباتی پارتەکە لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییە عێراقییەکانی دیکە دژی ستەمی رژێمی دیکتاتۆریی لەنێوچوو، هەروەها [یادی] بەشداربوونی [پارتی] لە چەسپاندنی سیستمێک کە هەڵگری بنەمای دادپەروەری و یەکسانی و بونیادنانی عێراقێکی ئازادی دیموکراسییە، نوێدەکاتەوە."
راگەیێندراوەکە هەروەها دەڵێت، سوودانی "هیوای بەختەوەری و خۆشگوزەرانی بۆ سەرکردایەتیی پارتی و هەموو گەلی کوردی و عێراقمان خواست."