هونەرمەندان قەڵای هەولێریان ڕەنگاوڕەنگ کرد

هونەرمەندان قەڵای هەولێریان ڕەنگاوڕەنگ کرد

٢٠ هونەرمەندی شێوەکار و خۆشنووس، لە پێشانگایەکی هونەری سەر قەڵای هەولێر بەشداریان کرد و چەند تابلۆیەکی ڕەنگینیان کێشا، کە گوزارشت بوون لە جوانیی هونەر و داهێنان لە بواری شێوەکاری دا.
پێشانگاکە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک چالاکیی دەزگای ڕۆشنبیری زانکۆکانی جیهان بوو لە ماڵی ڕۆشنبیری زانکۆی جیهان و بە هاوکاری گەلەری فەیحا بۆ ڕۆشنبیری و هونەر بە دروشمی "باوەشی پەڕ و سیحری کەلەپور" بەڕێوەچوو.
پڕۆژە هونەرییەکە سیمپۆزیۆمی هونەرمەندان بوو، کە گردبوونەوەیەکی هونەرییە و هەر جاره و لە ناوچەیەکدا داهێنانی نوێ لەو هونەرە پێشکەش دەکرێت.
ئەمساڵیش قەڵای هەولێر ڕەنگێکی نوێ پۆشی و خامەی ڕەنگاوڕەنگی شێوەکاران تایبەت کرا بە جوانییەکانی ئەم وەرزە گەرمەی هاوینی کوردستان و ناوچە و دەڤەرە دڵڕفێنەکان بوون بە هەوێنی تابلۆکانی هونەرمەندان.
ئەندازیار "بورهان سابیر" سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە هونەرییەکە و بەرپرسی ماڵە ڕۆشنبیرییەکەی زانکۆی جیهان لە بارەی ئەنجامدانی ئەو چالاکییە هونەرییەوە بۆ "هەولێر" گوتی: بەشداریکردنی هونەرمەندانی کورد و عەرەب لەم سیمپۆزیۆمیەی قەڵای شکۆداری هەولێر و نەخشاندنی تابلۆکانیان، دوای زنجیرەیەک چالاکیی و فێستیڤاڵ و ژوانی هونەری دەزگای ڕۆشنبیری جیهان دێت، کە لە ماوەی ڕابردوودا ئەنجاممان داوە و بەردەوامین لە چالاکییەکان، کە تەنیا شێوەکاری و میوزیک لەخۆ ناگرێت، بەڵکو شیعری و شانۆ و فیلم و هونەری پەیکەرتاشیش لەخۆوە دەگرێت، تا ئێستا چەندین پێشانگای بەرفراوانی فۆتۆگرافیی و شێوەکاری و چاپکردنی کتێبی نوێی لەخۆوە گرتووە.
پەیامی ئێمەش لەم دەزگایە هونەرییەدا ئەوەیە، بتوانین نەوەیەکی زانستخواز و هونەردۆست و تەندروست پەروەردە بکەین و لە داهاتوودا خزمەت بە وڵاتەکەمان بکەن، هەروەها ئەنجامدانی ئەو چالاکییانە و هاوکاریکردنی هونەرمەندان و شاعیر و ئەدیبان لە پێشکەشکردنی کۆڕ و سیمینار و چالاکیی جۆراوجۆر بە ئەرکی سەرشانی خۆمان دەزانین، چونکە ئەوانە گەنجینەیەکی دەوڵەمەندن و دەکرێت سوود لە ئەزموون و بەرهەمە ناوازەکانیان وەرگیرێت و پشتیوانی کار و بەرهەمەکانیان بین، بۆ ئەوەی بە هەموو لایەک کوردستانمان جوانتر و ئاوەدانتر بکەین و ئاستی ڕۆشنبیری کوردی بەرەو لوتکە بچێت، ئەمەش بە پشتیوانی ئێمە و ناوەندە فکری و ڕۆشنبیرییەکانی دیکە دەکرێت، کە بتوانین ڕێز له قەڵەم و هونەری کەسایەتیەکانمان بگرین، وەک ئەوەی ئەمڕۆ بینیمان ٢٠ هونەرزان لە باوەشی قەڵای هەولێردا ڕەنگەکانیان ئاوێتەی یەکتر کرد و تابلۆی جوانی و عەشق و خۆشەویستیان پێشکەش بە هاوشاریان کرد.

Top