لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا ١٤٢ فەلەستینی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کوژران
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە غەززە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا لە ٣ کۆمەڵکوژی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە ١٤٢ کەس کوژراون و ١٥٠ کەسیش بریندار بوون.
لەم بەیاننامەیەدا جەخت لەوە دەکرێتەوە کە ژمارەی قوربانی و بریندارانی کۆمەڵکوژی ئیسرائیل لە قوتابخانەی ئەلتابعین لە ١٠ی ئابدا لە ئاماری دوو ڕۆژی ڕابردوودا نەخراوەتەڕوو و ئەمە تاکە ئاماری تاوانەکانی سوپای ئیسرائیلە لە غەززە لە ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا.
ئیسرائیل ماوەی ٣١١ ڕۆژە هێرشەکانی بۆ سەر غەززە بەردەوام بووە و لەم ماوەیەدا ٣٩ هەزار و ٨٩٧ فەلەستینی گیانیان لەدەست داوە و ٩٢ هەزار و ١٥٢ کەسیش بریندار بوون.
لەم بەیاننامەیەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هێشتا تەرمەکان لە ژێر داروپەردوو و لە کەناری ڕێگاکان ماون و بەهۆی هێرشی هێزەکانی ئیسرائیلەوە تیمە پزیشکییەکان و بەرپرسانی بەرگری شارستانی ناتوانن تەرمەکان دەربهێنن.
گوڵان: سەردار خەلیل