"ئەنفالی بارزانییەکان؛ یەکێک لە تاوانە گەورەکانی سەدەی ڕابردوو.

 

((لە یادی پڕ خەمگینی 41 ساڵەی کارەساتی ئەنفالی بارزانیەکان))


ئەنفال یەکێکە لە هەرە کارەساتە جەرگ بڕەکانی مێژوو کە بەسەر گەلی کوردا هاتووە، بۆتە زامێکی یەکجار قووڵ لە ناو رۆحماندا و هەرگیزلە هیچ ساتێکی دا سارێژ نابێت.

ووشەی ئەنفال لە رووی دەروونی یەوە کاریگەری زۆر نێگەتیڤی زامداری لەسەر نەستی تاکی کورد هەیە، بەجۆرێک کە لەهەر شوێنێکی دونیابێ ئەم ووشەیە ڕایدەچەچڵەکێنێ و رۆحی دەلەرزێنێ. هەر کوردێ خاوەنی هەر دیالکتیک و زاراوەیەک بێ، لەباکور بێ، لە رۆژهەڵات یان لە تاراوگە، مندال بێ یان گەورە، هەڵگری هەر ئاین و مەزهەب و بیروباوەڕێ بێ، دیندار بێ یان بێ دین، چەپ یان ڕاست، نەتەوە پەرست بێ یان لیبراڵ، هەر کوردێک! باش یان خراپ؛ کاتێک ئەم شەش پیتەی "ئەنفال"ی بەر گوێ دەکەوێ؛ ئاگر لە ناو دڵیدا دادەگیرسێ، مات دەبێت ولە ناخەوە ئازارێکی نادیار ڕۆحی شەکەت دەکات.

بەداخەوە زۆر جار ئەم مەینەت و ئازارە لە میژوودا بیهودەیی وبێ هیوایی لەناو گەلدا دروست کردووە، بەجۆرێک کە کورد، وەک میللەتێکی دێرین و ڕەسەنی ناوچەکە تەنیا قوربانی دەستی زۆردارانە و لەهەمانکاتیش لە چیاکان زیاتر نەدۆستی هەیە و نەکەسیش لە تەنگانەکاندا داڵدەی دەدات.


پرۆسەی ئەنفال واتە زیندە بەچاڵکردنی هەزاران کەس بەزیندووی هەتامردن (بەتایبەتی نێرینە)، هاوکات لە زۆر باردا بەدیل گرتنی مێینەوە وەک کەرەستە و دەستکەوتی جەنگ، یان لە زۆر قۆناغی میژوویدا وەک کۆیلەو کەنیزەک بەکارهێنراون. کە لەهەردوو سەردەمی رژێمی بەعسی فاشی و گروپی تیرۆریستی داعشدا پراکتیک کراوە. عەرەبە رەگەزپەرستەکان چی بەناوی ئاینەوە بووبێ یان بەناوی پیرۆزی نەتەوەیی و عروبەوە چەندین جار پرۆسەی پاکتاوکردنی رەگەزی و ئەنفالیان بەسەر کوردا هێناوە.

ئەوەی جێی داخێکی زۆر گەورەیە، ئەنفال و تەواوی کارەساتە ترسناکەکانی تری کە بەسەر میللەتی کوردا هاتووە، هەرگیز نەبۆتە کۆدێکی بەهێز بۆ یەکگرتن ووشیاربوونەوە و بوونیادنانی بیرێکی پۆڵاینی نیشتیمان پەروەری وا کە بتوانێت هەموولایەنەکانی گەلی کورد بەهەمەچەشنی باوەڕەکان یەکبخات، یان هەر هیچ نەبێ کەمێک تۆوی ئاسودەیی و دڵنیای لە ناو گەلدا بچێنێت، بەوەی کە جارێکی تر ئەنفالێکی تر رووبەڕووی کورد نەبێتەوە.

ئەمڕۆکە کە 41 ساڵ بەسەر کارەساتی بەدناوی ئەنفالی هەشت هەزار بارزانی دا تێدەپەڕێ، بەڵام بەداخەوە هەرەشەکانی ئەنفال و ڕاگواستن و کۆمەڵکوژی کوردان هەتا ئێستا نەڕەویوونەتەوە و بۆی هەیە جارێکی تر گەلی کورد دووچاری کارەساتی لەو شێوەیە ببێتەوە.
بارزانیەکان لە میژووی گەلی کوردا ، شوێنێکی پرشنگدار و پڕ شانازیان هەیە. ئەمە نەک تەنها لەبەر ئەوەی بارزان سەرکردە مەزنەکانی وەک عەبولسەلام بارزانی و مەستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانی و مەسعوود بارزانی تێدا هەڵکەوتووە، بەڵکوو ئەم دەڤەرە هەمیشە خەڵکانێکی نیشتیمان پەروەر و شۆڕشگێربوون و هەرگیز هیچ کاتێک لە مێژوودا سەریان شۆڕنەکردوە بۆ دوژمن.

بەرگری و خۆڕاگری و خەڵکی بارزان لە هەستان و ڕووبەڕوونەوەیان دژی زۆرداری و داگیرکاری هەمیشە دوژمنانی گەلی کوردی؛ بەتایبەتی رژێمە خوێنڕێژە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقی قین لەدڵکردووە بۆ تۆڵەسەندنەوە و پەلاماری دڕندەیی بۆ سەریان. سەڕەڕای هەموو ئەو کارەساتانەی بەسەر ئەم دەفەرەدا هاتووە، بە ئەنفالیشەوە، هیچ کاتێک کۆڵیان نەداوە لە خەبات کردن و ڕاپەڕین و روو لە چیاکردن. بەڵکو بەپێچەوانەوە کارەساتەکان گیانی بەرخودان و هەستان وشۆڕشکردنی زیاتر کردووە.


هەڵبەتە سەرکردەی مەزنی گەلی کورد مەستەفا بارزانی بەهۆی ئەو بیرە کوردپەروەری و نەتەوەیی یە ڕەسەنەی کە هەیبووە. هەر لەسەرتادا کاریگەری بەهێزی لەسەر ئەم دەڤەرە هەبووە کە هەمیشە نیشتیمان پەروەر و خۆڕاگربن بەرامبەر بە بە دوژمنان. پاشانیش بەدەستپێکردنی شۆرشی مەزنی ئەیلوول ڕێبازی بارزانی وەک فەلسەفەیەکی سیاسی پرشینگداری پر ئومێدی کوردپەروەری، بە بەرچدانەوەی زۆرداری، لەتەواوی کوردستاندا بوو بەڕێبازێکی گشگیر و شۆڕشگێڕی و چرای ڕۆشنکەرەوەی ڕێگەی ئازادی کورد بۆ سەربەخۆبوون و رزگاربوون.


ڕوداوی ئەنفالکردنی هەشت هەزار بارزانی،کەلە31تموزی1983دەستی پێ کردو بەسێ قۆناغ لە 11ئابی1983 هەمان ساڵ کۆتای پێ هات کارەساتێکی گەورەی پڕ تراژیدیای میژووی گەلی کوردە. هەموو ساڵێک لەم یادە خەمگینەدا گەل بەسەر نەویەوە چاو دادەخات، بەدڵی پڕ لە ئازارەوە دادەمێنێت وکرۆنۆش دەبا و لەسەر چۆک هەلدەکوڕمێ لە سەرگڵکۆی پر ئێسک و پروسکی شەهیدان فرمێسک دەرژێت. هەموومان گوێمان لە هاوار و ناڵەتانە، هەرگیز ئەو ساتانەمان لەیاد ناچێ کە تەنها لە پێناوی کوردبوونتاندا بە زیندووی لمی گەرمی بیابانەکان دەکرێتە سەرتان.

هەمووتان بە شەرواڵی دڕاو جامانەی بەشەرفی کوردایەتی تاندا باوەش بەیەکدا دەکەن، هەناسەتان تێکەڵاو دەبێت و یەکتری دەگوووشن. فرمێسک و لالاندنەوەتان، ناڵەتان لەبێکەسی و ئازاری گیان و ڕۆحتانەوە زەمین و ئاسمان دێنێتە لەرزە.. بێ دەرەتان سەربەیەکەوە دەنێن، بۆ یەکتری دەگرین بۆ بۆ کچ و ژن و خوشک و دایکی بەجێماو، دەگرین بۆ خۆتان و بۆ گەلێکی ستەمدیدەی بێ هەواڵ و هاوڕێ و دۆست. دەمتان پر لە خۆڵ و دوور لە هەوای کوێستانەکان و شنەبای نێو دار هەنارەکانی بارزان زۆر بەحەسرەت و نامورادی بەداماوی بەڵام زۆر بەسەربەرزی لە خاکێکی سوتاوی نامۆدا هەمووتان بەیەکەوە گیان دەسپێرن.
چیرۆکی هەر یەکێکتان هاواری میلەتێکە بە خوێن لە ناو پەرەکانی میژووی کوردا نووسراوەتەوە. ئێوە شەرفی میللەتێک بوون، ئەستێرەی پرشنگداری ئاسمانی شۆرشی کوردبوون ئەوەی ئەو تیشکە نەبینێت کوێرە و سەربە کاروان نیە. کاروانی درێژی بارزانی نەمر کە بێ کۆشک و تەلار، هەموو ماڵی دۆڵ و شاخ و ئەشکەوتەکانی کوردستان بوو.

ئەوەی ئەوە لەیاد بکات و ئەنفال نەکات بە وانەیەکی پڕئەزموون بۆ نەوەکان...دەبێ سبەینێ چاوەڕوانی ئەنفالێکی تر بێ، چونکە دوژمن هەر ماوە و زۆر نزیک لە ماڵ و چاوەڕوانی فرسەتێکە..ئەو هەر ماوە بە خۆی و شمشێر و بیابانەکانیەوە، ئەوەی گۆڕاوە تەنها رەنگی بەرگەکەیەتی. بۆیە تەنها ئەمان و ئارامی و دڵنیای لە ئایندە کۆبوونەوە و هاتنەژورەوەیە بۆ ناو ماڵی سەرۆک بارزانی کە هەمیشە ماڵی پارێزراوی پر ئاشتی و ئاسوودەیی بووە بۆ هەموو کوردێکی نیشتیمان پەروەر و دلسۆز بۆ خاکی کوردستان. 

Top