دۆزینەوەی تەرمی ٣٤ پەناخوازی دیکە لە دەریای ناوەڕاست لەلایەن پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتاڵیا

دۆزینەوەی تەرمی ٣٤ پەناخوازی دیکە لە دەریای ناوەڕاست لەلایەن پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتاڵیا

  

ڕۆژی شەممە 22ی حوزەیران، پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتاڵیا دۆزینەوەی لانیکەم ٣٤ تەرمی دیکەی پەناخوازانی لە دەریای ناوەڕاست ڕاگەیاند.

سەرەتای ئەم هەفتەیە، دەزگاکانی پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتاڵیا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایانگەیاند: کە نزیکەی ٦٠ کەسی ناو ئەو دوو بەلەمە بێسەروشوێنن کە ٢٦یان منداڵ بوون و ١١ پەناخوازیش ڕزگارکران، بەرپرسانی پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتاڵیاش ڕۆژی هەینی تەرمی ١٤ کەسیان دۆزیوەتەوە.

گەڕان بەدوای کەسانی دیکەی بێسەروشوێندا بەردەوامە، كە ژن و منداڵیش لەنێوانیاندا هەن.

بەگوێرەی ئاماری ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵی ڕابردوو 3155 پەنابەر لە دەریای ناوەڕاست خنکاون یان بێسەروشوێن بوون، زیاتر لە هەزار پەنابەر لە سەرەتای ئەم ساڵ، لە دەریای ناوەڕاستدا گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون.

بەپێی ئەم داتایانە، هاتنی پەناخوازان بۆ ئیتاڵیا لەم ساڵدا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top