بیرخستنەوەیەك لە ڕۆژی جیهانیی ژینگەدا

بیرخستنەوەیەك  لە ڕۆژی جیهانیی ژینگەدا

 

 

 

لە پێنجی حوزەیرانی هەموو ساڵێكدا گەلانی جیهان یادی ڕۆژی جیهانیی ژینگە دەكەنەوە، كە لە هەمان ڕێكەوتیشدا لە ساڵی 1972 یەكەم كۆنگرەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لەبارەی ژینگەوە لە ستۆكهۆڵمی پایتەخی سوێد بەسترا، كە یەكەم كۆنگرەی نەتەوە یەكگرتووەكانیش بوو، كە تەوەری سەرەكیی باسەكانی بریتی بێت لە ژینگە، دامەزراندنی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكانیش بۆ ژینگە (یونیپ) یەكێك بوو لە گرنگترین دەرئەنجامەكانی ئەم كۆنگرەیە، هەر ئەم بەرنامەیەش لەوساوە تا ئەمڕۆ بووەتە هەوێنی كاری ژینگەیی نەتەوە یەكگرتووەكان و جیهان.

ڕۆژی جیهانیی ژینگە لە ساڵی (1973)وە ساڵانە بە میوانداریی وڵاتێك یادی دەكرێتەوە، بۆ ئەمساڵیش (2024) شانشینی سعودیە دیاری كراوە بۆ میوانداریكردنی چالاكییەكانی ئەم ڕۆژە، كە تیایدا باسەكان زیاتر لەسەر خاك و بەبیابانبوون و بنیادنانی تواناكان بۆ ڕێگری لە وشكبوون تەرخان دەكرێن.

ئەمە ئەو ڕاستییە دەردەخات كە تا چ ڕاددەیەك دەوڵەتان و ڕێكخراوەكان و كۆمەڵگە و تاك توانیویانە دروشمەكان بەرجەستە بكەن، لە یاسا و ڕێنمایی و سیاسەت و بەڕێوەبردن و ڕەفتاردا، بە مەبەستی بەسەربردنی ژیانێكی تەبا لەگەڵ سرووشت بە شێوەیەكی ژینگەدۆستانە.

لەگەڵ ئەوەی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەرك بەو ڕاستییە دەكات كە هەتا ئەم ساتەش جگە لەم هەسارەیە، شوێنێكی دیكەمان نییە بۆ ژیان، كەچی ئەمڕۆ بە شێوەیەكی گشتی جیهان ڕووبەڕووی ئەو كێشە گەورانە بووەتەوە كە بەشی زۆریان هەر زادەی دەستی مرۆڤەكان خۆیانن، چ گۆڕانی ئاووهەوا بێت، یان لەدەستدانی فرەجۆریی زیندەوەران، یانیش بە هۆی هەموو جۆرەكانی پیسبوونەوە بێت.

زۆر جار ئاماژەمان بە چەند خاڵێك كردووە لە بارەی ئەوەی كە ڕۆژی جیهانیی ژینگە هەر وەكو سەكۆیەكی جیهانییە، لە هەمان كاتیشدا جێگەی هاندانی هەمووانە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكارییەكی ئەرێنی و باش لەلایەن زۆرێك لە چین و توێژە جیاجیاكانەوە، بەڵام گرنگە ئێستاش لەم بۆنەیەدا ئاماژە بە ئەركی بەشێك لەو چین و توێژانە بكەین، لەوانە:

كۆمەڵگە: بۆ ئەوەی جارێكی دیكە بەخۆداچوونەوە بكات لەو بەكاربردنە بێ پلانەی كە لە دەرامەتە سنووردارەكانی زەویدا دەیكات.

كۆمپانیاكان: بۆ ئەوەی شێوازی بەرهەمهێنانی گونجاوتر لەگەڵ ژینگەدا پیادە بكەن بەرەو ئابوورییەكی سەوزی بەردەوام.

كشتیاران و جووتیاران: بۆ ئەوەی هەنگاو بنێن بەرەو كشتوكاڵكردنی زیرەكانە بە بەكارهێنانی میكانیزمی نوێی سەردەمییانە.

پەروەردەكاران و چالاكانی ژینگەیی: بۆ ئەوەی ببنە سەرچاوەی بەخشینی هزر و هۆشیاریی ژینگەپارێزی.

لاوان و گەنجان: بۆ بنیادنانی ئایندەیەكی دۆستانەتر لەگەڵ ژینگە.

ناوداران و كەسانی ناسراوی هەر بوارێك: بۆ بەكارهێنانی ناو و ناوبانگیان لە كار و چالاكیی ژینگەدۆستانەدا.

حكومەت و دەوڵەتان: بۆ وەبەرهێنانی ژینگەیی و چاكسازیی زیاتر لە بواری ژینگەدا و، بەرزڕاگرتنی ئەم یادە بە ئەنجامدانی چالاكیی گونجاو بۆ خستنەڕووی كێشە سەرەكییەكانی ژینگە لە هەر وڵات و شوێنێكدا.

گرنگە لەم ڕۆژەدا بەڵێن دووپات بكەینەوە، كە بەردەوام بین لە جێبەجێكردنی ئەركە هەنووكەیی و درێژخایەنەكانماندا و، لە خستنەڕووی ئەو ئەركانەش كە ڕوو لە هەرلایەكمان دەكەن، بۆ خێرا جێبەجێكردنیان، چونكە یەكێك لە ئامانجەكانی ئەم بۆنە جیهانییە گەیاندنی پەیامێكی گرنگە بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییەی كە تەنیا بە بوونی ئیرادەیەكی پتەو و ئارەزوویەكی ڕاستەقینە و هەوڵ و تێكۆشانێكی تەواوكارانەوە، دەتوانرێت ئامانجە ژینگەییەكان لە هەرێمی كوردستاندا بەدی بهێنرێن. ڕاستە ناتوانین كات بەرەو دوا بگەڕێنینەوە، بەڵام دەتوانین دارستانەكانمان، سەرچاوەكانی ئاومان، خاك و زەویوزارمان بپارێزین و گەشەیان پێ بدەین، ئەگەر بڕیار بدەین، ئێمە ئەو نەوەیە بین كە دەیەوێت بە ئاشتی لەگەڵ ژینگەدا بژی.

لێرەدا جێگەی خۆیەتی كە ئاماژە بە بەشێك لە وتەكانی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بكەین، كە لەمساڵدا لەبارەی بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژینگەدا دەڵێت:

«مرۆڤایەتیی پشت بە خێر و بەرەكەتی زەوی دەبەستێت، لەگەڵ ئەمەشدا تێكەڵەیەك لە پیسبوون و ئاژاوەی كەشوهەوا و داڕووخانی فرەچەشنیی زیندەوەرەكان، زەوییە بەپیتەكان دەكەن بە بیابان و ئیكۆسیستمە پڕ گیانەكەی دەمرێنن، ئەمەش واتا ڕاپبوونی كواڵێتیی بەروبوومەكان و كەمبوونەوەی سەرچاوەكانی ئاو و لاوازكردنی ئابووری و هەڕەشەكردن لە كۆمەڵگە نێوخۆییەكان. بۆ ڕێگری لەم مەترسییانەش پێویستە وڵاتان پابەند بن بە بەڵێن و پەیمانەكانیان و، پێویستیشە لە پلانە نوێیە نیشتمانییەكانیان لە بواری كەشوهەوادا هەوڵ بدەن، بۆ پاراستنی دارستانەكان و سیستمی ئیكۆڵۆژیی هەتا پێنج ساڵی داهاتوو، چونكە تەنیا هەنگاوی بەپەلە و خێرای كارا چارەسەرە، لەبەر ئەوەی ئێمە نەوەی چارەسەرین، بۆیە با پێكەوە كار بكەین بۆ بنیادنانی ئایندەیەكی بەردەوام بۆ زەوی و مرۆڤایەتی».

 

Top