مـــەکــتــەبـــی ســیـــاســیـــی پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی لە یەکێتی دەکات

مـــەکــتــەبـــی ســیـــاســیـــی پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی لە یەکێتی دەکات

مەکتەبی سیاسیی پارتی لە (49)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی، جەخت لە ھەماھەنگی و تەبایی نێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ "چارەسەرکردنی کێشە و پرسە ھەنووکەییە چارەنووسسازەکان و، پاراستنی دەسکەوتەکانی گەلەکەمان" دەکاتەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 01-06-2024، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی (49)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی کرد.

لە پەیامەکەدا هاتووە: "بە بۆنەی (49)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پیرۆزباییەکی گەرم لە ئێوەی بەڕێز و کادیر و ئەندام و لایەنگرانی حزبە تێکۆشەرەکەتان دەکەین و، ھیوای بەردەوامی و سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین".

مەکتەبی سیاسیی پارتی جەختی کردووەتەوە لە "ھەماھەنگی، تەبایی و ھاوخەباتیمان شانبەشانی سەرجەم ھێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشە و پرسە ھەنووکەییە چارەنووسسازەکان و، پاراستنی دەسکەوتەکانی گەلەکەمان و داکۆکیکردن لە قەوارەی ھەرێمی کوردستان و بەھێزکردنی دامەزراوەکانی".

لە 22ی ئایاری ساڵی 1975 لە سووریا، یەکەم کۆبوونەوەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرا و پڕۆژەی دروستکردنی یەکێتی گەڵاڵە کرا. کۆبوونەوەی دووەم لە بەرلین و لە 27ـی ئایاری هەمان ساڵ بە سەرپەرشتیی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری کۆچکردووی یەکێتی کرا و لە ڕۆژی 1-6-1975 بە فەرمی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاگەیەندرا.

Top