مـــەســـرور بـــارزانـــی و فایەق زێدان باس لە گرنگیی پاراستنی سەربەخۆیی دادگاکان دەکەن
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبووەوە. مەسرور بارزانی دەڵێت، باسیان لە گرنگیی پاراستنی سەربەخۆی داگاکان کردووە.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی ئایار، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، لە بەغدا لهگهڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبووەوە.
لەدوای کۆبوونەوەکە، مەسرور بارزانی لە پۆستێکی تۆڕی ئێکس رایگەیاند: "هاوڕابووین لەسەر پشتیوانیکردنی هەوڵ و گفتوگۆکانی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەپێناو گەیشتن بە چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ گشت کێشەکان و رێزگرتن لە قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: "تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانمان، تایبەت بوو بە گرنگیی پاراستنی سەربەخۆیی دادگەکان بەشێوەیەک نابێت بڕیاری دادگەکان ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندی گشتیی و پێشێلکردنی مافە رەواکانی گەلی کوردستان و پێکهاتەکان و هاووڵاتییانی عێراق بەگشتی".
مەسرور بارزانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە سەردانێکی فەرمیی گەیشتە بەغدا؛ لەگەڵ هەریەکە لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و قەیس خەرعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق و خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەری کۆبووەوە.
لەو بارەیەوە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ خەمیس خەنجەر رایگەیاند: "کۆبوونەوەکان باش بوون. ئەو کۆبوونەوانەی تائێستا هەمانبوون، باشن و ئیشەڵڵا ئومێدبەخشن و، هیوادارین ئێمە بتوانین هەواڵی خۆش بۆ هاووڵاتییان بگەڕێنینەوە. لەگەڵ هەموو ئەو بەرپرسانەی دانیشتنمان کردووە، هەموویان پشتیوانیی خۆیان دەربڕیوە. ئەو کێشانەی کە ماویشن، لەسەر ئەوانەش هەمووی قسەمان کردووە و میکانیزمی باش دانراوە بۆ چارەسەرکردنیان."
لە وەڵامی پرسارێکی زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لەبارەی مووچەوە، کە ئایا ئەم جەژنە بۆ مووچەخۆران دەکرێتە دوو جەژن؛ مەسرور بارزانی گوتی: " هەموو هەوڵێکمان داوە بۆ ئەوەی بەغدا بابەتی مووچە بەهیچ جۆرێک تێکەڵی بابەتە سیاسییەکان نەکات. ئەوەی لەسەر هەرێم بووە، پابەندییەکانمان جێبەجێ کردوون. ئێستاش لەسەر بەغدا دەمێنێت بۆ ئەوەی ئەوانیش بەرپرسیارێتیی خۆیان جێبەجێ بکەن و ئیشەڵڵا من ئومێدم هەیە کە هەواڵی خۆش بە هاووڵاتییان دەگات."