كۆڤان حوسێن  ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی لە زاخۆ: ئێران ئامانجەكانی خۆی لەسەر ئاستی ناوچەكە بە وەكیلەكانی جێبەجێ دەكات

كۆڤان حوسێن   ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی لە زاخۆ:  ئێران ئامانجەكانی خۆی لەسەر ئاستی ناوچەكە بە وەكیلەكانی جێبەجێ دەكات

 

كۆڤان حوسێن، ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی لە زاخۆ، سەبارەت بەو هەڕەشە و ئالنگاریانەی ڕووبەرووی هەرێمی كوردستان دەبنەوە، بەمجۆرە دید و بۆچوونەكانی خۆی بۆ ڕاپۆرتەكە خستەڕوو:

كۆماری ئیسلامیی ئێران، هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هەتا ئێستا سیاسەتێك لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانیدا پیادەكات، كە خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ بپارێزیت، بەڵام لە بەرانبەر جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی «فراوانخوازی و سەپاندنی هەژموونی خۆی لە ناوچەكەدا» زیاتر ئەو خەڵكانە بەكار دەهێنێت كە شەڕی بەوەكالەتی بۆ دەكەن. سەبارەت بە هەرێمی كوردستانیش چەند جار بە ڕاستەوخۆ هێرشی كردووەتە سەر هەرێمی كوردستان، ئەمەش بەو مانایەی لەوە دڵنیا بووە كە حكومەتی عێراق كاردانەوەیەكی ئەوتۆی نابێت، بە هەمان شێوەش مامەڵەی لەگەڵ هەرێمی كوردستانیش كردووە، لە ڕێگەی وەكیلەكانییەوە هێرشی كردووەتە سەر هەرێمی كوردستان.

ئێمە دەبێت هەموو كات ئەوە لەبەر چاوی خۆمان بگرین، كە ئێمە هەڕەمێكین لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا، ڕاستە عێراق لەم پرسەدا بێلایەن نییە و چاوپۆشی لە ڕەفتار و هێرشەكانی ئێران دەكات بۆ سەر كوردستان، بەڵام ئێمە ڕێگە چارەی دیكەمان نییە و هەر دەبێت لە ڕێگەی دەوڵەتی فیدڕاڵییەوە هەڵوێستی خۆمان یەك بخەین و بەپێی دەستووریش، سیاسەتی دەرەوە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانیش وەك دەسەڵاتێكی حەسری دەكەونە چوارچێوەی دەسەڵاتەكانی دەوڵەتی فیدڕاڵییەوە.

ئەوەی جێگەی گەشبینی و خۆشحاڵییە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، هەموو ڕەهەندەكانی ئەم تەنگژە و ململانێیەی لەناوچەكەدا هەیە، لەبەر چاو گیراوە و سەركردایەتیی سیاسیی ئێمە بە وردبینی مامەڵەی لەگەڵ دەكات و هەوڵی داوە تەرەفگیری هیچ لایەك نەكات لەدژی لایەكی دیكە و تەنیا ئامانجی ئەوە بووە كە ئەزموونی هەرێمی كوردستان پارێزراو بێت.

 

Top