پەیامی فازڵ میرانی بۆ ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان: گوڵان لە یەكەم ڕۆژی دەرچوونیەوە ڕچەشكێن و دەنگ و ڕەنگی میدیایەكی بوێر و ڕژد بووە لەسەر بنەما و پرەنسیپەكانی نەتەوە و نیشتمان

پەیامی فازڵ میرانی  بۆ ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان:  گوڵان لە یەكەم ڕۆژی دەرچوونیەوە ڕچەشكێن و دەنگ و ڕەنگی میدیایەكی بوێر و ڕژد بووە لەسەر بنەما و پرەنسیپەكانی نەتەوە و نیشتمان

 

 

بەڕێز فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی «30» یەمین ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرنووسەر و دەستەی نووسەران و تێكڕای كارمەندانی گوڵان كردووە، كە ئەمە دەقەكەیەتی.

 

بۆ سەرنووسەر و دەستەی نووسەران و تێكڕای كارمەندانی گوڵان

 

ڕێز و سڵاو

سەرووی سی ساڵە گوڵان وەك ئۆڕگانێكی چالاك و زیندوو بێ پسانەوە دەردەچێت. لە یەكەمین ڕۆژی دەرچوونییەوە (گوڵان) لە نێو میدیای پارتی دیموكراتی كوردستاندا ڕچەشكێن بوو، دەنگ و ڕەنگی میدیایەكی بوێر و ڕژد لەسەر بنەما و پرەنسیپەكانی نەتەوە و نیشتیمان بوو. سەرەتا وەك ڕۆژنامەیەكی هەفتانە بڵاو بووەوە، كە دەنگدانەوەیەكی زۆر گەورەی لە نێو خوێنەراندا هەبوو، دواتر بوو بە گۆڤارێك كە خوێنەرانی هۆگری خۆی كرد، ئێستاش ئەم گۆڤارە یەكێكە لەو چاوگانەی بۆ هەموو ئەو كەسانەی لە خەمی سیاسەت و نەتەوە و نیشتیماندان، گرنگ و جێی بایەخە، لە پاڵ چەندین دۆسێی دیكە بۆ بەدەنگەوەچوونی خوێنەرانی جۆربەجۆر.

هاوكات لەگەڵ ساڵیادی دەرچوونی (گوڵان)دا، ژمارە (1410)ی گۆڤارەكە بڵاو دەبێتەوە، مایەی خۆشحاڵییە كە ئەم ئۆڕگانە پێگیری (پەیامی ئەمڕۆ و سبەی)یە، لە ڕووی ناوەڕۆك و دیزاینەوە، لە ئاستێكدایە كە خوێنەرانی ڕاستەقینە و ئەوانەی بە دوای وشەی ڕاستگۆ و بیری پاك و بەرنامەی نەتەوەیی و نیشتیمانیدا دەگەڕێن، لە گوڵاندا توێشووی خۆیان دەبیننەوە.

سەركەوتن و گەشەی بەردەوام بۆ (گوڵان).

 

فازڵ میرانی

بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان

 

Top