داواكارم كە گرنگیەكی جدی و نیشتمانی بە وەرزشی ئافرەتان بدەن

داواكارم كە گرنگیەكی جدی و نیشتمانی بە وەرزشی ئافرەتان بدەن

ڕۆژین محەمەد یاریزانی تۆپی پێی هەڵبژاردەی نیشتمانی عێراق

داواكارم كە گرنگیەكی جدی و نیشتمانی بە وەرزشی ئافرەتان بدەن
پارێزگای سلێمانی لە باشوری كوردستان یەكێك لەم شارانەی كوردستانە كە گرنگیی زۆر بە یاری تۆپی پێی كچان دەدات، هەموو كات كچە یاریزانانی ئەو پارێزگایە بەردەوام لە ڕكابەری سەرسەختی یانەكانی تری كوردستان و عێراقن لە یاری فوتساڵ و تۆپی پێی گەورە، لە زۆربەی چاڵاكییە وەرزشییەكان ساڵانە تیپە جیاوازییەكان بەشدارن لە خولەكانی عێراق و كوردستان، یانەی سیروانی هەڵەبجەش یەكێك لەم یانانەی گرنگیی زۆر بە بواری وەرزشی دەدەن لە سەر ئاستی ئافرەتان ، تیپی فوتساڵی یانەكە خاوەنی چەندین یاریزانی بەتوانایە كە ساڵانە لە هەریەك لە خولەكانی كوردستان و عێراق بەشدارن، یەكێك لە كچە یاریزانەبەتواناكانی یانەكەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لەگەڵ یانەكەی لەسەر ئاستی كوردستان ئەویش ڕۆژین محەمەد-ە ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2006ی پارێزگای سلێمانیە و قوتابی قۆناغی 12 ئامادەییە، لە خولی عێراقی بۆ یاریگای گەورە بۆ هەریەك لە یانەكانی بیلادی و ئەمانەی بەغداد یاری كردوە لە یاری فوتساڵیش ئەم ساڵ بۆ یانەی سیروانی هەڵەبجە یاری كردوە، جگە لەوەش یاریزانی هەڵبژاردەی نیشتمانی عێراقیە لە یاریگای گەورە بۆ یاری تۆپی پێی ، ئێمەش لەنزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
دیمانە: كارزان كانەبی
* ئاستی یاری فوتساڵ چۆن دەبینی لە كوردستان ؟
- یاری فوتساڵ ئاستی زۆر باشە، بەڵام زۆر شت ماوە كە فێری ببم، وە لە تۆپی پێی یاریگای گەورە زیاتر گرنگی پێ دەدرێت لە كوردستاندا.
*ئەنجامدانی پاڵەوانێتی كەم تا چەند دەبێتە هۆكار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەوپێش نەچێت؟
-كەمی پاڵەوانێتیەكان بێگومان گرفتێكی گەورەیە لە بەردەم یاریزانەكاندا، چونكە دەرفەتی خۆ دەرخستنی كەمتر دەبێت، وە تا پاڵەوانێتی زیاتر ڕێك بخرێت بۆ یاریزانەكان باشترە، چونكە دەرفەتی خۆ دەرخستنیان زیاتر دەبێت.
* چی بكرێت باشە بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە لە شارەكانی كوردستان بەرز بكرێتەوە؟
-بەڕاستی بەرپرسەكانی وەرزشی پێم باشە وەك چۆن گرنگی بە یاری كوڕان دەدەن با زیاتر گرنگی بە وەرزشی ئافرەتانیش بدەن، وە حكومەت و ڕێكخراوەكان پاڵپشتی وەرزشی ئافرەتان بكەن.
* گرفتی وەرزشیی یاری فوتساڵ لە چی دەبینی ؟
- بەرپرسانی وەرزشی وەكو پێویست هاوكاری یانەكان ناكەن لە ڕووی ماددی و لە ڕووی كەڵوپەلو پێویستیەكان و یاریگاوە، یاریزانەكان ناتوانن بە پێی پێویست كار لە سەر خۆیان بكەن، چونكە ناتوانن مەسرەف و پێویستیەكانی خۆیان دەستەبەر بكەن.
*لەلایەن یانەكانەوە گرێبەستت پێشكەش كراوە؟
- بەڵێ لە تۆپی پێی فوتساڵ یانەی(سیروانی هەڵەبجە) وە لە یاریگای گەورەش یانەی(ئەمانەی بەغداد) گرێبەستم كردوە لە هەمان كاتیشدا یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقم.
*بەنیازی چی بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە یاریزانێك؟
- بەردەوامم لەوەی كە كار لە سەر خۆم بكەم، وەكو ئەوەی ئاواتی یەكەمم بە جێگەیاندنی كارەكانم ببم بە یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقی و، وە ببم بە یەكێك لە باشترین یاریزانەكان لە سەر ئاستی تۆپی پێی ئافرەتان لە جیهان.
*لەگەڵ ئەوەی یانەكان پشت بە ڕاهێنەر و یاریزانی بیانی ببەستن؟
- وەكو پشت بەستنی تەواو نەخێر، بەڵام لە زۆر لایەنەوە سوود بە یانەكان و یاریزانەكان دەبەخشن.
*داواكاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
-داواكارم كە گرنگیەكی جدی و نیشتمانی بە وەرزشی ئافرەتان بدەن.
*خەونی وەرزشیت چیە وەكو كچە یاریزانێكی كورد؟
-ئامانجێكم بەدی هاتووە كە بووم بە یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق، ئامانجی تریشم ئەوەیە كەوەكو كچە یاریزانێكی كورد ببم بە یەكێك لە باشترین یاریزانانی دەرەوە ئاڵای كوردستان بەرز بكەمەوە.
*بەهیوای ئەوە نیت كە هەڵبژاردەی كوردستان دابمەزرێ و تۆش یەكێك لە یاریزانانی هەڵبژاردەكە بیت؟
-بێگومان زۆر دڵخۆش دەبم كە هەڵبژاردەی كوردستان دابمەزرێت و منیش یەكێك بم لەم پێكاهتەیە كە شانازیش دەكەم كە ئاڵای كوردستان لە سەر درێسەكەم هەڵبگرم.
*بۆ هەڵبژاردەی فوتساڵی كچانی عێراقی داوا نەكراوی؟
- نەخێر تا ئێستا هیچ شتێكم پێ نەگوتراوە.
* بە چ یاریزانێكی جیهانی سەرسامیت؟
- كریستانۆ ڕۆنالدۆ یاریزانە دڵخوازەكەمە.
*یاری كردن لە ریزی هەڵبژاردەی عێراقی چ هەستێكت پێ دەبەخشێ؟
- بەڕاستی هەستێكی زۆر خۆشە، وە یەكێكم لەم یاریزانانەی متمانەی تەواوم هەیە لەلایەن ڕاهێنەرەكانەوە.
*سەركەوتن چ هەستێكت چی دەگەینێ‌ لای تۆ؟
-بێگومان هەموو ئەو هەوڵ و ماندووبوونەی كە لە نێو یاریگادا ئەنجامی دەدەم بۆ بەدەستهێنانی ئامانجێە ئەویش سەركەوتنە.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
- زۆر سوپاس بۆ گۆڤارەكەتان كەوا پشتگیری یایزانەكانی كوردستان دەكات بە بێ جیاوازی لە شارەكانی كوردستان، زۆر سوپاس بۆ مامۆستا عەباس فەرەج كە زۆر ماندووە تا ئێستاش لەگەڵمان بەردەوامە سوپاسی خانەوادەكەم دەكەم بەردەوام پاڵپشت بووینە.

 

Top