بەرهەمهێنانی وزە و باش بەكارهێنانی، پارێزەری دەستكەوتەكانمانە
لەبارەی زاراوەی وزەوە بە شێوەیەكی ساكار و سەرەتایی دەتوانین بڵێین: وزە هەر شتێكە توانای بەدیهێنانی گۆڕانی هەبێت، یان هەر كارێكە كەهێزێك دەتوانێت بەدیی بهێنێت، باشترین جۆری وزەش ئەویانە كە سەرچاوەیەكی سرووشتیی هەمیشەیی كۆتانەهاتووی خۆنوێكەرەوەی خاوێنە، كە بەهۆیەوە ژینگە پیس نابێت، وەك: وزەی خۆر، وزەی با، وزەی كارۆئاوی، وزەی شەپۆلەكان، وزەی گەرمی، بایۆ وزە.
ڕۆڵی وزە لە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤدا بە ئاشكرا دیارە، وەك: بەكارهێنانی لە ڕووناككردنەوە و چێشتلێنان و فێنككردنەوە و گەرمكردنەوە و گواستنەوەدا.
بۆیە پێویستە وزە بپارێزین لە ڕێگەی بەكارهێنانیەوە بە شێوەیەكی ئابوورییانە، بە مەبەستی كەمكردنەوەی بڕی پارەی هاوبەشیكردن لە كارەبا، كەمكردنەوەی دەرهاویشتە گازییەكانی كاریگەر لەسەر ژینگە، پشتگیریكردن لە پیشەسازی لە بواری بەرهەمهێنانی ئەو ئامێرانەی دۆستی ژینگەن و وزەی كەم بەكار دەبەن.
لێرەشەوە وەك بەگشتی ئاماژەیەكی كورتمان بە وزە دا، جێگەی خۆیەتی ئاماژەیەكیش بە ڕۆڵی وزە نوێبووەوەكان بدەین، كە لە سەرچاوەی سرووشتی و هەمیشەیی ئەوتۆی وەك خۆر و با و ئاو و گەرمییەوە دێنە بەرهەم و، خۆ نوێ دەكەنەوە، بە بڕی زۆریش لە بەردەستدان و لە هەموو شوێنیكیشدا هەن.
ئێمەش لە هەرێمی كوردستان ماوەی (10) ساڵە یادی ڕۆژی كاتژمێری زەوی دەكەینەوە، بەمەش چووینەتە سەر نەخشەی جیهانیی ئەم بۆنەیە، كە (سندووقی جیهانی بۆ سرووشت) لە ساڵی (2007) لە (ئوسترالیا)وە بۆنەی ساتی زەوی هێنرایە ئاراوە، وەك یەك سەعات بیركردنەوە لە گرنگیی دەستگرتن بە وزەوە، كە لە زۆربەی ناوچەكانی جیهاندا یاد دەكرێتەوە بۆ ماوەی یەك سەعات، لە نێوان (8:30) هەتا (9:30)ی ئێوارە بەكاتی نێوخۆی هەر وڵات و هەرێم و ناوچەیەك، لە ڕۆژی (شەممە)ی كۆتاییەكانی مانگی (ئادار)ی هەموو ساڵێك.
هەرێمی كوردستانیش وەك بەشێك لەم جیهانە، ساڵانێكە بە هەوڵی دەستەی ژینگە و گشت لایەنە ژینگەییەكان، لە چەند شوێنێكدا ئەم یادە زیندوو ڕادەگرن و، دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستانیش وێڕای دەستخۆشی لە هەوڵ و ماندووبوونی هەموو لایەك، ساڵانە لەم بۆنەیەشدا جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە دەكاتەوە كە هەموو كەسێك وەك تاك، یان لەسەر ئاستی تەنانەت خێزانێكیش، دەتوانن لە ماوەی ئەم كاتژمێرەدا زۆر كاری ساكار، بەڵام گرنگ ئەنجام بدەن، وەك:
یەكەم: ڕاگرتنی بەكارهێنانی ئۆتۆمۆبێل لەو ماوەیەدا، یان كوژاندنەوەی مۆبابل و كۆمپیوتەر.
دووەم: ئاگاداركردنەوەی كەسوكار و هاوڕێ و هاوكاران لەم بۆنەیەدا، بە ناردنی نامەیەك لە ڕێگەی ئیمێڵ، یان مۆبایل، یان تۆڕەكانی سۆشیال میدیاوە.
سێیەم: دروستكردنی بۆنەیەكی تایبەت بەخۆمان یان خانەوادەمان، بۆ كۆبوونەوە لە یەك شوێندا بەمەبەستی بەكارهێنانی كارەبا لە یەك شوێندا بۆ هەمووان.
چوارەم: بەشداربوون لەگەڵ ئەو دواییەی دانیشتووانی جیهاندا بە كوژاندنەوەی ڕووناكییە زیادەكان و تەلەفزیۆن، كاتێك كەس سەیری ناكات.
ئەمە جگە لە جەختكردنەوە لەسەر ئەم خاڵانەی لای خوارەوە سەبارەت بە ڕۆژی جیهانیی كاتژمێری زەوی:
یەكەم: ئەم دەستپێشخەرییە خۆبەخشانەیە هەرچەندە كارێكی ساكارە، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات ئێستا بووەتە گەورەترین بزاڤی میللیی جیهانی، كە ڕۆڵی هەبووە لە ڕێگرتن لە بەفیڕۆدانی بڕێكی كەمیش بێت لە وزە.
دووەم: تەرخانكردنی سەعاتێك بۆ كەم بەكارهێنانی وزە، ئاماژەیەكە بۆ ئەوی كە تا ئێستا تەنیا ئەم هەسارەیە تاقانەیە جێگە و ژینگەی تەواوی مرۆڤەكانە و، پێویستە بیپارێزین.
سێیەم: هۆشیاركردنەوەی تاك و كۆمەڵگە لە بەرپرسیارێتییان و، ئاگاداركردنەوەی دروستكارانی بڕیاریش لەو ڕاستییەی كە بەرهەمهێنانی وزە و پاراستنی و باش بەكارهێنانی، پارێزەری گشت دەستكەوتەكانمانە.