لـــەگـــەڵ عێراقی نوێدا نە دەستوور و نە شەراكەت و نە ڕێككەوتن  

لـــەگـــەڵ عێراقی نوێدا  نە دەستوور و نە شەراكەت و نە ڕێككەوتن   

 

لە مێژووی سەرجەم ڕێككەوتنە سیاسییەكانی نێوان كورد و دەسەڵاتدارانی عێراقدا، هیچ وەختێك بە قەدەر ئەم 20 ساڵەی بەغدا ڕێككەوتن و تێگەیشتن ئەنجام نەدراوە و هیچ كاتیش بەقەدەر ئەم سەردەمە كورد بەدەست جێبەجێنەكردن و پاشەكشەی لایەنی بەرانبەرەوە ئازاری نەچەشتووە.

لە 26ـی شوباتی ساڵی 2003 هەنگاوی یەكەم بۆ خۆئامادەكردن بۆ دوای عێراقی سەدام كە ناونرا (عێراقی نوێ) و درێژەدان بە ڕێككەوتننامەی ئۆپۆزیسیۆن لە (لەندەن) لە هەولێر و مەسیف سەلاحەدین كۆبوونەوە و، وەرەقەی ڕێككەوتنی نێوان كورد و هێزە ئۆپۆزیسیۆنە عێراقییەكان خرایە ڕوو، ئەوكاتیش هەندێك لایەنی عێراقی هێشتا نەگەیشتبوونە دەسەڵات، هەمان بیركردنەوەی دەسەڵاتەكەی (سەددام)یان تێدا بەدەركەوت و، پاشەكشەیان كرد لە بەشێك لەو تێگەیشتنە سەرەتاییانەی لە (لەندەن) بەڕێوە چووبوو.

9ـی نیسانی 2003 ئەمریكا ڕووخانی دەسەڵاتەكەی سەددامی ڕاگەیاند، ئەمە بووە سەرەتاییەكی نوێ، كورد ڕۆڵی گەورەی بینی بۆ سەرپێخستنەوەی عێراق، لە سەر بنەمای شەراكەت و فیدڕاڵییەت و ڕێككەوتن، وەك ڕاگرتنی هاوسەنگیی فرەیی پێكهاتەی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی، بەڵام دۆخەكە گۆڕا، چۆن گۆڕانێك وەك سەرۆك بارزانی (لە بەرگی شەشەم، كوردستان و عێراقی نوێ 2003- 2016)ـی بارزانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد ئاماژەی پێ دەكات، لە یەكەم دەرفەتدا كەس ڕێككەوتن و بەڵێننامە و لێكتێگەیشتنەكانی لەبیر نەما، ئەمە ئاماژەیەكی زۆر خراپ و مەترسیدار بوو.

بەڕێزان سەرۆك بارزانی و جەلال تاڵەبانی، وەرەقەی كوردیان بۆ ئەو دۆخەی ئەو كات لەگەڵ لایەنی عێراقی ئامادە كردبوو، بەڵام لە بەرانبەریشدا پاشەكشەیەكی زۆر بەدیار دەكەوتن، جێی داخە ئەمریكییەكان لایەنگریی ئەو هێزانەیان دەكرد، كە ئەمڕۆ بوونەتە ڕكابەری بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا.

لە نووسینی یاسای بەڕێوەبردنی وڵات كە ئامادەكارییەك بوو بۆ قۆناغێكی سەقامگیرتر و هێوركردنەوەی دۆخی دوای شەڕ و ململانێیەكان ئامادە كرابوو، كورد بووە شاهێدی پاشەكشەیەكی سەرسوڕهێنەری لایەنە شیعییەكان، ڕۆژی 5ـی ئاداری ساڵی 2004 ئەو پڕۆژەیەی ئامادە كرابوو و ڕێككەوتنی لەسەر كرابوو، بە هەموارێكی نوێترەوە هێنرایە سەر مێزی گفتوگۆ، كە تایبەت بوو بە خاڵی گرنگی(ج) لە ماددەی (61)ـی یاساكە و، دەیانویست ئەو بڕگەیە بگۆڕێت كە تێدا ئاماژە بەوە دەكات (ڕیفراندۆم سەركەوتوو دەبێت و ڕەشنووسی دەستوور پەسەند دەكرێت، لەگەڵ پەسەندكردنی زۆرینەی دەنگدەرانی عێراق و ئەگەر دوو لەسەر سێی دەنگدەرانی سێ پارێزگا، یان زیاتر ڕەتی نەكەنەوە).

كورد لە عێراقی نوێدا هەمیشە پێداگری لەسەر كۆمەڵێك بابەتی گرنگ كردووە، كە پەیوەستن بە مافەوە نەك ئیمتیاز، بەتایبەتی شەراكەتی ڕاستەقینە لە بڕیاردان و ڕێزگرتن لە تایبەتمەندیی هەرێمی كوردستان وەك كیانێكی دەستووری لە چوارچێوەی ئەم وڵاتەدا، بەڵام لایەنی بەرانبەر هەمیشە لە لاوازیاندا پشتیوانییان دەربڕیوە و لەسەر مێزی گفتوگۆ كە یەكدەنگ بوون، دژایەتی ئەم خواستەی كوردیان كردووە، كورد هەمیشە پێداگری لەوە كردووە كە كێشە بنەڕەتییەكان چارەسەری ڕوونیان بۆ دیاری بكرێت، بەتایبەتی پرسی كەركووك و فیدڕاڵی (بەدەسەڵاتەكانیەوە) و هێزی پێشمەرگە.

ئاماژەی ڕوونی سەپاندنی هەژموونی تاكڕەویی شیعە لە یەكەم كابینەی حكومەتی عێراقی دوای سەددام و پاشەكشەكردن بەرانبەر ڕێككەوتن و لێگەیشتنەكان لەگەڵ كورد دەركەوتن، بەتایبەتیش لە دابەشكردنی پۆستە هەستیارەكانی ناو حكومەتەكەدا دەركەوت، وەك دیار بوو هەوڵی ئەوە دەدەن، دەست بەسەر هەموو جومگە و شوێنە گرنگەكاندا بگرن. بۆ كورد ڕوون بوو ئامانج لێی بەهێزكردنی پێگەی مەزهەبێكە لە عێراقدا. ئەم هەوڵە پێچەوانەی هەموو ڕێككەوتنەكان بوو بۆ ناساندنی عێراق، بەو ناسنامەیەی كە وڵاتێكی دیموكراتیی فیدڕاڵیی فرەیی بێت.

لەگەرمەی وەرزی هاوینی ساڵی 2005 پرسێكی گرنگ دێتە پێش عێراقییەكان كە نوووسینەوەی دەستوورە، لەم قۆناغەشدا كورد كەوتەوە بەرانبەر هەمان ئەو لایەنانەی پێشتر بڕوایان بە عێراقێكی دیموكراتی و فیدڕاڵی و فرەیی هەبوو، ئێستا بەڕوونی پاشەكشەیان پێوە دیارە، لە نێوان هەموو كۆبوونەوەیەكی لێژنە و سەركردایەتیی سیاسیی عێراقدا مادەیەكی ڕەشنووس دەستكاری دەكرا، یەكێك لەو سەركردانەی ڕووبەڕووی زۆر توڕەیی و پێداگیری دەبووەوە، بارزانی بوو، ئەو نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی میللەتەكەی و پێكهاتەكانی دیكەی عێراقی دەكرد، لەگەڵ هەر دەستكارییەك دەبوو دەستكاریكەرەكان خۆیان ئامادەیان بكردایە بۆ بەرپەرچدانەوەكانی بارزانی، بارزانی دەیزانی چ نییەتێك لە پشتەوەی دەستكارییەكان هەیە.

بارزانی دەیویست عێراق خاوەن سەروەری و بڕیار و ئیرادەی خۆی بێت، هەمیشە لە گفتوگۆكاندا لەلایەن ئەمریكا سەرۆك بۆش و كۆمكاری عەرەبی و هەندێك لایەنی دیكەوە فشاریان لەسەر دروست دەكرد، تا نەرمی بنوێنێ، ئەو هەر پێداگر بوو لەسەر ئەوەی دەستوورێكی مەدەنی و دیموكراتی، تێیدا بنەماكانی فیدڕاڵییەت جێی بكرێتەوە، كە ئەو گرێبەستە گرنگەی نێوان پێكهاتەكان دەرفەت نەدا بە دروستكردنەوەی دیكتاتۆریەت و تاكڕەوی.

بیرهێنانەوەیەكی بارزانی بنەمایە بۆ ئەوەی بزانین شیعەكان لە ڕابردوو و ئێستاشدا هیچ وەختێك پابەندی ڕێككەوتن نەبووون، كە دەڵێت: شەوی 12 لەسەر 13ـی ئابی ساڵی 2005 لەگەڵ شیعەكان لەسەر كارنامەیەك ڕێككەوتین، لە كۆی (12) خاڵی ڕێككەوتن(9) خاڵ كۆتاییان هات و ڕێككەوتنی لەسەر كرا، بۆ بەیانییەكەی حاشایان لەوە كردووە گەیشتبن بە ڕێككەوتن وتوویانە (نەخێر، ڕێك نەكەوتووین، تەنیا گفتوگۆمان كردووە).

ئەوانەی لە هەڵوێست و خوێندنەوەی بارزانی شارەزان لە سەر عێراق، تێدەگەن خاوەن چەند بیركردنەوەیەكی قووڵ و ناسینی پێكهاتەی نەتەوەیی و مەزهەبی و سیاسی و كەسایەتیی عێراقە، ئەوەندەی لە كۆمەڵناسیدا دەگوترێت (عەلی وەردی 1913 - 1995) تاكناسێكی عێراقییە، ئەوەندەش بارزانی سیاسیناسێكی لێهاتووی نێو ئەو فەزایەیە. زوو دەركی بەوە كرد (عێراقی نوێ) هیچ بنەمایەكی نییە، بەڵام هیچ چارەسەرێكی دیكەیش نییە دەست لە خەباتی مەدەنی و سیاسی هەڵگریت،‌ هەمیشە هەوڵی ئەوەی داوە بە پابەندبوونێكی نەتەوەیی و نیشتمانی درێژە بدات بە گفتوگۆ و دانوستان.

جەنابی بارزانی هەمیشە ئەوەی لەبەرچاو بووە، ئامانج لە‌ سەرخستنی پرۆسەی سیاسیی عێراق بێبەش نەكردنی هەموو پێكهاتەكان بووە و، پرەنسیپی شەراكەتی ڕاستەقینە و ڕێزگرتن لە ڕێككەوتن و هاوسەنگیڕاگرتن و پابەندبوون بە دەستوور، بنەمایەكی دروستن بۆ سەقامگیریی ئەو عێراقەی كە ناوی لێنراوە (عێراقی نوێ) بەڵام تەنیا دەموچاو گۆڕین لە ناو نوخبەی سیاسیی عێراقدا ڕووی دا، وەك بیركردنەوە هیچ گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ بەرچاو نەكەوتن.

بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە، بارزانی لە كتێبی (بۆمێژوو) ئەوەی بە دۆكیۆمێنت و ئارگۆمێنت بەدیار خستووە، كە زیاتر لە 50 ماددە و بڕگەی دەستووری عێراق كە تایبەتن بە مافەكانی گەلی كورد و پرسی فیدڕاڵی و كەركووك و هێزی پێشمەرگەی و سامانی سرووشتی و...هتد، نەك جێبەجێ نەكراون، بەڵكو پێشێل كراون، هیچ هێزێكی سیاسیی عێراقیش بە حكومەت و دامەزراوەكانیان، ئامادە نین ددان بەو ڕاستییەدا بنێن، بەڵكو بە پێچەوانەشەوە بەناو (دادگای فیدڕاڵی) لە ژێر پەردەی یاسایی و دەستووریدا ڕۆژانە سەرقاڵی لێدانە لە سەرجەم ئەو بنەمایانەی (عێراقی نوێ)ی لەسەر دامەزراوە.

 

Top