خوێندنەوە خۆشەویست بکەن لای قوتابی

خوێندنەوە خۆشەویست بکەن لای قوتابی

(عەبدوللا ئەلجعیشن) نوسەری سعودی دەڵێ" ئەگەر دەتەوێ كەسێك بەختەوەر بكەی ئەوا خوێندنەوەی لا خۆشەویست بكە".
خوێندنەوە بە هۆكارێكی هەرە گرنگ و پێویست دادەنرێت بۆ فێربوون و پەرەپێدان و ڕۆشنبیر كردنی تاكەكان، كەوا لە مرۆڤ دەكات زانین و زانست و كارامەییەكان بە گشتی و كۆمەڵێ شارەزایی جۆراوجۆر بە دەست بهێنێـت. لەم وتارەدا دەمەوێ باسی خوێندنەوە و گرنگیەكەی لای قوتابی باس بكەین كە بە بەردی بناغەی بنیاتنانی قوتابی دادەنرێت. قوتابی كە دەچێتە قوتابخانە فێری كۆمەڵێ بابەتی جۆراوجۆر دەبێت و دەخوێنێتەوە و دەنوسێت و تاكێكی بە ئاگا و خوێندەواری لێ بەرهەم دێت. بەڵام ئەوەی گرنگە تەنها بابەتەكانی پڕۆگرام و وانەكان فێرنەكرێت، بەڵكو دەبێت قوتابی فێری خوێندنەوە بكەین لە قوتابخانەدا و لە دوایی قوتابخانەش قوتابی ڕابهێنین ڕۆژانە لاپەڕەیەك یان چەند لاپەڕەیەك لە پەرتووكی تری پێویست بە ژیانی تاك بخوێنێتەوە لە ناو قوتابخانە و لە ماڵەوەش تاوەكو لە ئێستاوە ڕابهێنرێت كەسێكی خاوەن سەلیقە و متوو بە خوێندنەوەی لێ بەرهەم بێت، ئەوەش هاوتەریبە لەگەڵ بەرنامەی وەزارەتی پەروەردە كە لە ڕۆژانی پێشوو پلاتفۆرمی دیجیتاڵی (ئی-كتێبخانە، كتێبخانەی ئەلیكترۆنی) خستە بواری خزمەتی مامۆستا و قوتابیانی ئازیز كە تەنها لە ماوەی یەك هەفتەی ڕاگەیاندنی پلاتفۆرمی(ئی-كتێبخانە) ، (2809) مامۆستا و (4213) قوتابی داخیلی پلاتفۆرمەكە بوون دەستیان بە پڕۆسەی كتێب خوێندنەوە كردووە. ئەوەش بە دەنگەوە هاتنێكی گەورەیە و مایەی دڵخۆشییە كەوا قوتابیان و مامۆستایان خاوەن سەلیقەی خوێندنەوەن و بەو ئاستە بەرزە. لێرەدا گرنگە لە قوتابخانەكان هاندانی زیاتری قوتابیان بكەن بۆ خوێندنەوە و پاڵپشتیان بكرێ و تێ بگەیندرێن كەوا خوێندنەوە سوود و قازانجی زۆر و بێ كۆتایی بە تاكەكان دەگەیەنێ، جگە لەوەی تواناكان بەرەوپێش دەبات و كارامەییە كەسییەكان پەرە پێ دەدات و كەسایەتی قوتابی بەهێز دەكات وا دەكات هەمیشە كەسێكی سەركەوتوو سوودبەخش بێت و دیدگا و تێڕوانین بۆ ژیان فراوانتر دەكات و هەمیشە كەسێكی متمانە بەخۆ بوو كەسایەتی بەهێز دێنێتە بەرچاو، چونكە جگە لەوەی زانین و زانیاری نوێی بەدەست دەهێنێ و زیاتر متمانەت بە خۆت دەبێت و كەسێكی ئەرێنی و گەش بین دەبێت و ژیانی خۆی دەوروبەری زیاتر خۆشدەوێ چونكە بڕوای تەواوی بە تواناكانی خۆی زیاتر دەبێت، كەسێكی سۆزدار و یارمەتیدەر و بەخشندە و دڵ فراوان و خۆڕاگر دەبیت و بە ئاسانی ئاستەنگ و كێشەكانی تێ دەپەرێنێ و دڵی و پاشە ڕۆژت خۆش دەبێت و جگە لەوەش شارەزایی باش پەیدا دەكات لە سەر كۆمەڵێ بابەتی مێژوویی و جوگرافیا و بابەتەكانی تری ژیان و پەیوەندیدار بە ژیانی ڕۆژانە، چونكە خوێندنەوە هەر بەتەنها لایەنی بیر و هزر و زانین پێش ناخات، بەڵكو هەموو كەسایەتی گشتی تاك بنیات دەنێت لە هەموو ڕوویەكەوە كەسێكی سەركەوتووی لێ بەرهەم دێت لە ژیانی زانستی و ڕۆژانە و كرداری بە گشتی.
دەكرێ لە قوتابخانەكانە بە پێی بەرنامەیەك ڕۆژانە لە (5تاكو 10) خولەك لە هەر پۆلێك پرۆژەی خوێندنەوە ئەنجام بدرێ هاندان و پاڵپشتی زیاتر هەبێت و پادداشت و دیاری هەبێت بۆ ئەو قوتابیانەی كە زیاتر دەخوێنێتەوە و سەردانی كتێبخانە و پێشانگاكان بكرێن كەوا ساڵانە لە بەشێك لە قوتابخانەكان ئەنجام دەدرێن، ژینگەی لە بارو گونجاو بڕەخسێندرێت لە قوتابخانە و كتێبخانەكان زیاتر پەرەیان پێ بدرێت قوتابی ئاشنا بكرێ كەوا ئەوانەی كە ناخوێنێتەوە هیچ جیاوازییەكیان نییە لەگەڵ ئەوانەی كە ناتوانن بخوێننەوە و فێری خوێندنەوە و نووسین نەبوون. بە پێی دواین ئاماری یونسكۆ و نەتەوە یەكگرتووەكان منداڵی عەرەبی ساڵانە (7) خولەك دەخوێنێتەوە، بەڵام منداڵی ئەمریكی ڕۆژانە(6) خولەك دەخوێنێتەوە. هەروەها بە پێی دەزگای بیری عەرەبی لە ڕاپۆرتی خۆی دەڵێ تێكرای خوێندنەوەی تاكی ئەوروپی ساڵانە دەگاتە (200)دووسەد كاتژمێر، بەڵام خوێندنەوەی تاكی عەرەبی دەگاتە (6)خولەك لە سالێكدا، بۆیە پێویستە ئێمەی تاكی كوردی منداڵی كوردی قوتابی كوردستان فێری خوێندنەوە بكەین و خوێندنەوەی لا خۆشەویست و دڵگیر بكەین و پەیوەست و هۆگری خوێندنەوەی بكەین.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top