دـیــپــلۆمــاســیــی كەشوهەوا و دیپلۆماسیی هاوتەریبی سەوز  

دـیــپــلۆمــاســیــی كەشوهەوا و  دیپلۆماسیی هاوتەریبی سەوز   

 

 

چەمكی دیپلۆماسیی كەشوهەوا لەو كاتەوە هاتەئاراوە، كە زانرا گۆڕانی كەشوهەوا دۆزێكی جیهانی و گرفتێكی گەورەی نێودەوڵەتییە و پەیوەندیی بە زۆر بواری سیاسەتی نێودەوڵەتی و دەرەكییەوە هەیە، بە جۆرێك كە پێویستی بە كاری دیپڵۆماسی هەیە لە گشت ئاستەكاندا بۆ بەڕەنگاربوونەوەی.

تەنانەت پەسەندكردنی ڕێككەوتننامەی پاریس لە ساڵی 2015 و، واژۆكردنی وڵاتانیش لەسەری، بەڵگەی ئەوە بوو، كە هەوڵە دیپلۆماسییەكانی ساڵانی نەوەدەكان بەرهەمدار و كاریگەر بوون بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لەسەر هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانی گۆڕانی كەشوهەوا.

دیپلۆماسیی كەشوهەوا گشت جۆرەكانی كاری دیپلۆماسی لەخۆ دەگرێت، لەبارەی گۆڕانی كەشوهەوا و، لە بەكارهێنانی گشت كەناڵ و ڕێكارە دیپلۆماسییەكانی وەك دانوستاندن و پەیماننامە و ڕێككەوتننامە ژینگەییەكان بۆ چارەسەركردنی گۆڕانی كەشوهەوای جیهان و، كۆنتڕۆڵكردنی كاریگەرییە نەرێنییەكانی لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان.

ئەمڕۆ لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، ڕۆڵی ڕێڕەوی دووەمی دیپلۆماسی و دیپلۆماسیی هاوتەریبی سەوز لە بواری گۆڕانی كەشوهەوادا بە ئاشكرا دەركەوتووە، بەتایبەت پاش ئەوەی دەركەوت كە حكومەتە ناوەندییەكان ڕۆڵیان زیاتر كارایە لە بواری پەیوەندیی فەرمی و دیپلۆماسیی سیاسیدا، بۆیە هەرێمەكان لە ئێستادا لە ڕێگەی (دیپلۆماسیی هاوتەریبی سەوز) دەستكراوەتر و چالاكتر بوون لەبواری گۆڕانی كەشوهەوادا، بە بەشداربوون لە كۆڕ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكاندا، لەم بوارەشدا چەندین ڕێككەوتننامەی ژینگەیی لەگەڵ هەرێمە هاوتاكانیان لە وڵاتانی دیكەی جیهاندا واژۆ دەكەن.

ڕۆڵی دیپلۆماسیی هاوتەریبی سەوز لە ئێستادا لە هەرێمە ناسراوەكانی وەك (فلاندەرز و واڵۆنیا)ی بەلجیكا و (كەتەلۆنیا)ی ئیسپانیا و (كیوپیك)ی كەنەدا و لە هەرێمی كوردستانیش بە ڕوونی دیارە لە بواری چالاكییە دەرەكییەكان و ڕاكێشانی وەبەرهێنان و، پێكهێنانی تۆڕی پەیوەندیی لەگەڵ یەكدیدا، هەموو ئەمانەش لە چوارچێوەی چەمكێكدا جێگەیان كراوەتەوە، كە بە چەمكی «ڕێڕەوی دووەمی دیپلۆماسی» ناسراوە.

لە باری ئاساییدا دیپلۆماتكارانی دەوڵەتان پەیڕەوی (ڕێڕەوی یەكەمی دیپلۆماسی) دەكەن لە بواری پەیوەندییە سیاسییەكاندا، بەڵام هەرێمەكان و ڕێكخراوەكان و زانكۆكان و دامەزراوە زانستی و كەلتوورییەكان پەیڕەوی (ڕێڕەوی دووەمی دیپلۆماسی) دەكەن، دوور لە كۆت و بەندی فەرمی، ئەوەش بە ئامانجی ڕێگەخۆشكردن بۆ هاوكاری و كاری هاوبەش و بەهێزكردنی پەیوەندی و بنیادنانی متمانە و باشتركردنی لەیەكگەیشتن و لەیەكدی نزیككردنەوەی بیروبۆچوونەكانە لە ڕێگەی وۆڕكشۆپ و كۆڕ و كۆبوونەوەی لاوەكی و نافەرمی، بەبێ ئەوەی ئەم هەنگاوانە ببنە جێگرەوەی دیپلۆماسییەتی فەرمیی نێوان دەوڵەتان.

بەڵام هەندێك جارو لە هەندێك كات و شوێندا، حكومەتەكان ناتوانن بچنە نێو دانوستانەوە لەبەر هەستیاریی بارودۆخێك، یان لەبەر بوونی بارگرژییەكی نێوان وڵاتان، یان بە هۆی ڕووداوێكی مێژوویی نێوانیانەوە، ئەو كات پەیڕەوكردنی (رێڕەوی دووەمی دیپلۆماسی) زیاتر پێویست دەبێت. پێویستە ئەوەش بزانرێت كە سەركەوتنی پەیڕەوكردنی (رێڕەوی دووەمی دیپلۆماسی) پێویستی بە چەند هەنگاوێك هەیە، وەك:

یەكەم: فراوانكردنی بنكەی كارپێكردن و زۆركردنی گرووپەكانی.

دووەم: سوودوەرگرتن لە تەكنۆلۆجیا و هۆكارەكانی نوێی گەیاندن و پەیوەندییەكان.

سێیەم: وەبەرهێنانی زیاتر و ئاشناكردن بە ڕێڕەوی دووەمی دیپلۆماسی لە پەروەردە و خوێندنی باڵادا.

چوارەم: سوودوەرگرتن لە زانیاری و ئەزموونی وڵاتان لەم بوارەدا.

لە هەمان كاتیشدا هەندێك ڕێگر هەن لە بەردەم باش پەیڕەوكردنی ڕێڕەوی دووەمی دیپلۆماسیدا، وەك:

یەكەم: ترس لە خراپ ئەنجامدانی و بەلاڕێدابردنی ئەنجامەكانی.

دووەم: كەمیی، یان لاوازیی دەرامەتە مرۆیی و داراییەكان بۆ ئەنجامدان و گەشەپێدانی.

سێیەم: گومانكردن لە سوود و بەرهەمەكانی لەلایەن بەشێك لە سیاسەتمەدارانەوە.

شێوازێكی دیكەی پەیوەندی هەیە، كە دەتوانرێت لە بواری دانوستانەكانی گۆڕانی كەشوهەوادا سوودی لێوەربگیرێت، ئەویش «ڕێڕەوی دیپلۆماسیی (1.5) یەك و نیو»ـە، واتە كۆبوونەوە و دانوستانەكە لە نێوان لایەنێكی فەرمیی حكوومی و لایەنێك، یان چەند لایەنێكی نافەرمیی لای حكومەتێكی دیكە كە لەم ساڵانەی دواییدا و لە بواری گۆڕانی كەشوهەوادا زۆر پێویستی بە پەیڕەوكردنیان بووە و دەبێت لەپێناو چارەسەركردنی ئاسەوارەكانی گۆڕانی كەشوهەوا و خێراتركردنی كارە لۆكاڵییەكان و، بەهێزتركردنی پەیوەندییەكان بە ئاراستەی هۆشیاركردنەوە لەبارەی قەیرانی گۆڕانی كەشوهەواوە.

 

Top