مـــه‌كــتــــه‌بـــی سیاسیی پارتی: ئه‌م هێرشه‌ ناڕه‌وا و تاوانكارییه‌، ئامانجی تێكدانی سه‌قامگیریی هه‌رێمی كوردستانه‌

مـــه‌كــتــــه‌بـــی سیاسیی پارتی: ئه‌م هێرشه‌ ناڕه‌وا و تاوانكارییه‌، ئامانجی تێكدانی سه‌قامگیریی هه‌رێمی كوردستانه‌

 له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا، مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی، سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌ مووشه‌كه‌ییه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێر ده‌كا و ده‌ڵێ ئه‌م هێرشه‌ ناڕه‌وا و تاوانكارییه‌ و ئامانجی تێكدانی سه‌قامگیریی هه‌رێمی كوردستانه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 16/1/2024، مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە ڕاگەیاندراوێكدا، دەڵێت، "بەداخێکی زۆرەوە، جارێکی دیکە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پاساوی بێ بنەما لەڕێگای ژمارەیەک مووشەکی بالیستی و درۆنەوە ھێرشی کردە سەر شاری ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان کە زیانێکی زۆری گیانی لێ کەوتەوە".

مەكتەبی سیاسیی پارتی ئیدانەی ئەم ھێرشە دەكات و دەڵێت، بە توندی ئیدانەی ئەم ھێرشە بێ پاساوە دەکەین کە بووە ھۆی شەھید و برینداربوونی ژمارەیەک ھاووڵاتیی سڤیل و ئافرەت و منداڵی بێتاوان، كە ئەم ھێرشە ناڕەوا و تاوانکارییە ئامانجی تێکدانی سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان و دروستکردنی پشێوییە و، پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەری ھەرێمی کوردستان و عێراقە.

ئاماژەی بەوەش كردووە، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتانی جیھان و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەکەین کە دژی ئیرھاب و توندوتیژین، بەرامبەر ئەم دەستدرێژییەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پەلامارە چەندبارەکانی بوەستنەوە و ڕێگا لەم جۆرە کردەوە نامرۆڤانە و دوور لە عورفی ھاوسێیەتییە بگرن و چیتر ھاووڵاتیانی سەربەرزی کوردستان نەکرێنە ئامانجی مووشەک و درۆنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەستوپێوەندەکانی، ھەروەھا حکوومەتی فیدراڵ ئەرکی یاسایی و دەستووریی خۆی بۆ پاراستنی ھاووڵاتیان و سەروەریی عێراق ئەنجام بدات و چیتر وەکوو پێشوو لە ئاست ئەم ھێرش و دەستدرێژییانە بێھەڵوێست نەبێت.

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەكەیدا مەكتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت، وێڕای دەربڕینی دڵتەنگیی خۆمان، سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری شەھیدانی ئەم ھێرشە تاوانکارییە دەکەین و ھیوای تەندروستی و زووچاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.

Top