ئەمریکا لەناوبردنی ٢١ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی لە دەریای سوور ڕاگەیاند
بارەگای فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا "سێنتکۆم" لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، ئەمریکا وبەریتانیا ١٨ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ٣ مووشەکیان خستۆتە خوارەوە کە لەلایەن حوسییەکانەوە لە دەریای سوورەوە هەڵدرابوون.
لەم پەیامەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، بە ١٨ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ٢ مووشەکی ڕێنمایی دژە کەشتی و ١ مووشەکی بالیستی دژە کەشتی هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور.
ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوان و مووشەکانە لەلایەن کەشتییە ئەمریکی و بەریتانیاییەکانەوە خراوەتە خوارەوە کە لە چوارچێوەی ئەرکی "ئۆپەراسیۆنی پاسەوانی خۆشگوزەرانی" لە ناوچەکەدا ئامادەن.
لە پەیامی ئاماژەپێکراودا، بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەم هێرشانە هیچ زیانێکی دارایی و برینداربوونی لێنەکەوتووەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە ئەمە ٢٦ەمین هێرشە بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور لە دوای ١٩ی مانگی یازدەوە.
گوڵان: سەردار خەلیل