غــەفوور مەخمووری: هێرشى میلیشیا تیرۆریستییەکانى عێراق بۆ سەر هێزى پێشمەرگەى کوردستان بە توندى شەرمەزار دەکەین

غــەفوور مەخمووری: هێرشى میلیشیا تیرۆریستییەکانى عێراق بۆ سەر هێزى پێشمەرگەى کوردستان بە توندى شەرمەزار دەکەین

- گەلى خۆڕاگرو وڵاتپارێزى کوردستان ....
- بنەماڵەو کەسوکارى سەربەرزى شەهیدانى کوردستان ...
کاتژمێر (11:45)ى شەوی ڕابردوو، رێکەوتى 30/12/2023 بە 2 درۆنی بۆمبرێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنوری پیرمام - هەولێر، کە بێ زیانی گیانی بوو و تەنیا زیانی ماددی لێ کەوتەوە، ئەوا بۆ چەندین جارە ملیشیا عێراقییەکان بەبێ هیچ هۆیەک ئەو هێرشە تیرۆریستیانە دژی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدەن، بێگومان ئێمە بە پلەى یەک حکومەتى عێراق لە ئەنجامدانى ئەو هێرشانە بە بەرپرسیار دەزانین، لەبەرئەوەى ئەو ملیشیایانە لەلایەن حکومەتی عێراقە هاوکارى دارایى و سەربازی دەکرێن و، لەلایەن ولاتانى ناوچەکە بۆ دژایەتى هەرێمی کوردستان و گەلی کوردستان ئاراستەدەکرێن، بە ئامانجگرتنى هەولێرى قەڵاى خۆڕاگرى و بەرخودان لەلایەن میلیشیا عێراقییەکان و ناحەزان ئاماژەیەکى مەترسیدارە، بۆیە پێویستە هەموو لایەکمان دژى ئەو کارە تیرۆریستییانە بوەستینەوە.
ئێمە لە یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK ، ئەو هێرشانە بە کردەوەى تیرۆریستی هەژمار دەکەین و زۆر بە توندى دژیان دەوەستینەوەو وئیدانەیان دەکەین، لێرەوە بانگ لە حکومەتى عێراق دەکەین کەوا دەستهەڵگرێ لە جێبەجێکردنى سیاسەتى برسیکردن و ترس و تۆقاندن بەرامبەر گەلى کوردستان و، بەخۆدابچێتەوەو سنورێک دابنێت بۆ رێگریکردن لە کارى ملیشیاکانى، کەوا رۆژانە دژى کوردستان و هاوپەیمانان بەکاریان دێنێت و، دواتر لە رێگەى دەرکردنى بەیاننامە دەیەوێت خۆڵ بکاتە چاوى خەڵک، ئەو سیاسەتەى حکومەتى عێراق سیاسەتێکى بێزراوو رەتکراوەیەوە، لاى هەموو کەسێک ئاشکرایە کەوا لە ئێستادا عێراق وڵاتێکى بێ سەروەرییە، حکومەتەکەى دەسەڵاتى بەسەر خاک و ئاوو ئاسمانى عێراقدا نەماوەو عێراق بۆتە وڵاتێکى بێ سەروەرى، بۆیە پێویستە حکومەتى عێراق لەجیاتى دژایەتیکردنى کوردستان کار بۆ گەڕانەوەى سەرەوەرى خۆى بکات و، واز لە دژایەتیکردنى کوردستان بهێنێت و، بەڵێنەکانى بەرامبەر گەلى کوردستان جێبەجێ بکات.
ئێمە لە یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK ، داوا لە تەواوى هێزو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان دەکەین کەوا یەکڕیزو هاوهەڵوێست بن بۆ لەپاراستن پشتیوانیکردن لە قەوارەی سیاسیى هەرێمی کوردستان و دژى هەر هەوڵێکی تێکدەرانە و تیرۆرستیی دوژمنان و ناحەزان بوەستنەوە، بێگومان ئەوەش ئەڕکى نەتەوەیى و نیشتمانى هەر هەموو لایەکمانە.
- نەمرى و سەربەرزى بۆ تەواوى شەهیدانى رێى ئازادى و سەرخۆبوونى کوردستان.
- سەرکەوێ ویستى هەقخوازانەى گەلى کوردستان.
- مردن و رووڕەشى بۆ دوژمنان و ناحەزان و تیرۆریستان.

غەفوور مەخموورى
سکرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
31 / 12 / 2023

Top