ســەرۆك بارزانی پێشوازی لــە كونسوڵی هیندستان لە هەولێر دەكات

ســەرۆك بارزانی پێشوازی لــە كونسوڵی هیندستان لە هەولێر دەكات

ڕۆژی پێنجشەممە 21ی كانوونی یەكەمی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز مادان گۆپال كونسوڵی هیندستان لە شاری هەولێر كرد.
لەدیدارەكەدا باس لە بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و ئەو بوارانە كرا كە دەكرێ لە برەودانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی هیندستان كاری لەسەر بكرێت. كونسوڵی هیندستان لە هەولێر، خوازیاری ئەوە بوو كە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لە بواری پێگەیاندنی توانای مرۆیی و كوولتوری و تەكنەلۆژیا و پزیشكی پەرەی پێ بدرێت.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی پێزانینی هەبوو بۆ سەركردە گەورەكانی هیندستان وەك گاندی و نەهرۆ كە ڕۆڵیان هەبووە لە پاڵپشتیكردنی گەلانی مەزلووم و ئاشتی و تەبایی لە جیهان و ڕایگەیاند گەلی كوردستان ڕێزێكی تایبەتیان بۆ گەلی هیندستان و كولتووری فرەیی و پێكەوەژیانی هیندستان هەیە. لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی كورتەیەكی لە مێژووی خەباتی گەلی كوردستان خستەڕوو و كونسوڵی هیندستانیش ڕۆڵ و خەباتی پێشمەرگە و گەلی كوردستانی لەپێناو ئازادی و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەرز نرخاند.

ســەرۆك بارزانی پێشوازی لــە كونسوڵی هیندستان لە هەولێر دەكات
Top