ســەرۆکی هەرێمی کوردستان : ئاڵای کوردستان تابلۆیەکی رەنگینە بە خوێنی هەموو ئەوانەی کە کوردستان بە ماڵی خۆیان دەزانن، نەخشێنراوە
لە دەرگەی باڵەخانەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەسەر فەرشی سووردا رۆیشت و لەگەڵ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاڵای کوردستانیان بەرزکردەوە.
17ـی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێک، وەکو رۆژی ئاڵای کوردستان، لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دیاریکراوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەدوای یادی بەرزراگرتنی ئاڵا، گوتارێکی پێشکێش کرد و گوتی، ئاڵای کوردستان تابلۆیەکی رەنگینە بە خوێنی هەموو ئەوانەی کە کوردستان بە ماڵی خۆیان دەزانن، نەخشێنراوە.
"پێویستە دووبەرەکی تێپەڕێنین و رێزی جیاوازەکان بگرین"، ئەمە بەشێکی دیکەی گوتارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو کە تێیدا جەختی کردەوە "نەتەوەیەک بنیاد بنێین کە ببێتە جێی ئومێدی هەموو ئەوانەی كە لە كوردستاندا دەژین. كوردستان ببێتە ماڵی پێکەوەژیان، ببێتە نموونەی لێبوردەیی لەنێو گەلانی ناوچەکە و لە جیهاندا."
لە باسی ئاڵای کوردستاندا، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، "ئاڵاکەمان هێمای ئاواتی هاوبەشمانە، هێمای رووبهڕووبوونهوهى ئاڵنگارييهكان و سەرکەوتنمانە بەسەر بەربەستەکاندا. هێمای بەڵێنمانه بۆ هێنانەدی داهاتوويهكى رووناکتر بۆ هەموومان."