دیدگای شاندی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەی لایەنەكان (كۆپ28)   لە ڕوانگەی پلانی خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی كەشوهەوا

دیدگای شاندی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەی لایەنەكان (كۆپ28)     لە ڕوانگەی پلانی  خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی كەشوهەوا

 

 

 

 

ئەمساڵیش وەك ساڵانی پێشوو كۆنفڕانسێكی دیكەی لایەنەكان لەبارەی گۆڕانی كەشوهەواوە بەڕێوە چوو، كە ئەویش بۆ جاری بیست و هەشتەمینە دەبەسترێت و، هەر ساڵێكیش وڵاتێك میوانداریی دەكات، هەر ساڵەو لە كیشوەرێك دەبێت، ئەمساڵ لە كیشوەری ئاسیا بوو لە وڵاتی ئیمارات.

كۆنفڕانسی لایەنەكان لە ماوەی دوو هەفتەدا چەندین كۆبوونەوەی جۆراوجۆری ئەنجام دا، بە ڕەچاوكردنی ئاستەكانی بەرپرسیارێتی وەك: كۆبوونەوەی سەرۆكانی وڵاتان و سەرۆك وەزیران و وەزیرەكانی ژینگە و نوێنەرانی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و زانكۆكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و چالاكوانە تاكەكان.

بۆ ئەمساڵیش لە (كۆپ28) بە هەمان شێوەی ساڵانی پێشوو شاندی دەستەی ژینگە و نوێنەرانی وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشداریی كارایان كرد، هەروەها لە كۆنفڕانسی ئەمساڵ بەشدارییەكی كاراتری هەرێمی كوردستان بینرا، ئەوەیش بەشداریكردنی گرنگ و چالاكیی ڕێزدار سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ڕێزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو لە (كۆپ28) لە دوبەی.

دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستانیش لە ڕێگەی لێژنەی باڵای تایبەت بە گۆڕانكاریی كەشوهەوا لە هەرێمی كوردستان، ماوەیەكی زۆر بوو لەگەڵ نوێنەرانی وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی دیكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین كۆبوونەوە و وۆركشۆپیان لە نێوخۆی هەرێمی كوردستان و دەرەوەدا ئەنجام دابوو، هەتا دواجار (پلانی هەرێمی كوردستان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی كەشوهەوا) ئامادە كرا.

ئێستا پلانەكە بە زمانی ئینگلیزی ئامادە كراوە، كە (99) لاپەڕەیە و لەبەر ڕۆشنایی پلانەكەشدا شاندی دەستەی ژینگە و نوێنەرانی وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەی لایەنەكان (كۆپ28)دا دیدگا و داواكارییەكان دەخەنە ڕوو لە ڕووانگەی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە:

یەكەم: پشتبەستن بە چەمكی خۆگونجاندن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا لە هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی:

1- كاركردن لەسەر ناساندنی بەڵگەنامەی (پلانی هەرێمی كوردستان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی كەشوهەوا) ناسراو بە(لاپ).

2- داواكردنی هاوكاریی تەكنیكی بۆ هەرێمی كوردستان لەپێناو جێبەجێكردنی (پلانی هەرێمی كوردستان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی كەشوهەوا).

3- دۆزینەوەی سەرچاوەی دارایی بۆ پڕۆژە و بەرنامە و پێداویستییەكانی (پلانی هەرێمی كوردستان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی كەشوهەوا).

دووەم: جەختكردنەوە لەسەر چۆنیەتی سوود وەرگرتن لە (سندوقی لەدەستدان و زیانەكان) و میكانیزمی هەڵسەنگاندنی ئەو زیانانەی بەهۆی گۆڕانی كەشوهەواوە دێنە ئاراوە، لە ڕێگەی:

1- داواكردن بۆ دانانی بنەمای ڕوون و ئاشكرا لە هەژماركردنی لەدەستدان و زیانەكان.

2- گەشەدان بە بەرنامەكانی بنیادنانی تواناكان لە بواری كەمكردنەوەی زیانەكانی گۆڕانی كەشوهەوا، لەسەر كەرتەكانی ئاو و كشتوكاڵ و دارستانەكان و گەشتیاری و تەندروستی.

3- هەڵسەنگاندنی بارودۆخی توێژە لاواز و زیانلێكەوتووەكان بەهۆی گۆڕانی كەشوهەواوە و، دابینكردنی هاوكاری و كۆمەككردنیان.

سێیەم: خستنەڕووی ڕێكارەكانی هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان لە كاتی ڕووداوە نەخوازراوەكانی پەیوەست بە گۆڕانی كەشوهەواوە، لە ڕێگەی دابینكردنی هاوكارییەكان بۆ تواناداركردنی هەرێمی كوردستان لە بواری میكانیزمەكانی كەمكردنەوەی كاربۆن.

چوارەم: وەبەرهێنانی سەوز بۆ پاڵپشتیكردنی كارەكانی كەشوهەوا لە هەرێمی كوردستان، لە ڕێگەی هاندان و بەهێزكردنی بەشداریكردنی كەرتی تایبەت لە پڕۆژە ژینگەییەكاندا، بە ئاراستەی بەدیهێنانی ئامانجەكانی ڕێككەوتننامەی پاریس.

پێنجەم: پاڵپشتیكردنی گواستنەوەی تەكنۆلۆژیای ژینگەدۆست لە وڵاتانی پێشكەوتووەوە، لە ڕێگەی بنیادنانی توانا هونەری و زانستییەكانی پەیوەست بە كەشوهەواوە، لە دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان، لە ڕێگەی:

1- پشتگیریكردنی داهێنانەكانی پەیوەست بە كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا و خۆگونجاندن لەگەڵ ئاسەوارەكانیدا.

2- هاوكاریكردنی پڕۆسەی هەڵسەنگاندنی پێداویستییە نوێیەكانی پێویست بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا.

بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ گەشەپێدان (یو. ئێن. دی. پی)یش، بۆ دوای تەواوبوونی لە كۆنگرەی لایەنەكان (كۆپ28) هەنگاوی دیكە دەنێت لە بارەی (پلانی هەرێمی كوردستان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی كەشوهەوا)دا بەپێی دەرئەنجامەكانی ئەو وۆركشۆپانەی كە پێشتر بۆ خۆئامادەكردن بۆ (كۆپ28) ئەنجام دران، لە نێوان دەستەی ژینگە و نوێنەرانی وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لایەك و، بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ گەشەپێدان لە لایەكی دیكەوە، ئەو هەنگاوانەش كە دەنرێن لە ماوەیەكی نزیكی داهاتوودا، لە بارەی پلانی خۆگونجاندنی هەرێمی كوردستانی بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی كەشوهەواوە، بریتین لە:

یەكەم: پلانەكە بە زمانی ئینگلیزیی ئامادە كراوە كە (99) لاپەڕەیە.

دووەم: وەرگێڕانی پلانەكە بۆ هەر دوو زمانی كوردی و عەرەبی.

سێیەم: خستنەڕووی پلانەكە بۆ لایەنە فەرمییەكان.

چوارەم: ڕاگەیاندنی پلانەكە لە سەرەتای چارەكی یەكەمی ساڵی 2024 لە هەرێمی كوردستان.

 

Top