بانگهێشتە فەرمیی وڵاتان ئاماژەیە بە سەنگ وپێگەى هەرێمى کوردستان
لە سەڕەتادا ئەوەى جێگەى هەڵوەستەکردنە و بووەتە جێگەى ستایش و پێزانینى زۆرینەى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى، رۆڵى باڵاى هەرێمى کوردستان لە پرۆسەى سیاسى، ئابوورى، سەربازى و مرۆیی لە شەڕى داعش وەک رۆڵى هێزى پێشمەرگە و لەخۆگرتنى ژمارەیەکى زۆرى ئاوارەکان و بایەخى پێکەوە ژیان لە هەرێمى کوردستان بووەتە کاراکتەرێکى سەرەکى لە عێراق و ناوچەکەدا.نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی فەرمی وڵاتی ئیمارات، لە کردنەوەی لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا لە دوبەی ئامادەبوون.
نابێت ئەوەش فەرامۆش بکەین کە، بۆ قۆناغى ئێستاى رووداو و پێشهاتەکان ، ئەوەى کە هەستى پێدەکرێت ئەو راستییەیە کە ، هەرێمى کوردستان کەوتۆتە ناو جەرگەى قەیرانەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بێ هەڕەشە نابێت. تا دێت جیهان بەرەو پشتکردن لە بنەما دیموکراسییەکان و گەڕانەوە بۆ بەکارهێنانى هێز بۆ یەکلاکردنەوەى کێشە و ناکۆکییەکان دەڕوات و،بەڵام سەرکردایەتیی سیاسى کوردستان بەگڕتنەبەرى سیاسەت و دیپلۆماسى وردبینانە وژیرانە لەلایەک پارێزگاری لە بوون و لەلایەکى تریش هەوڵەکانى بۆ بەرەپێشڤەچوون بۆ بەدەستهێنانى باقى ئامانجەکانێتى.
ئەوەى هەستى پێکراوە و خوێندنەوەى بۆ دەکرێت ، ئامادەبوونى سەرکردایەتیی سیاسى هەرێمى کوردستان و بەتایبەت سەرۆکى هەرێم و سەرۆکى حکوومەتى کوردستانە کە جگە لەوەى جێگەى بایەخە لە کۆڕبەند و کۆنفرانسە ئاسایشى و ئابوورى و ژینگەیی و سیاسیی و ئەمنییەکان ، ئاماژەیەکى روونن بە هەوڵە بەردەوامەکانى هەرێمى کوردستان لە هەموو بوارەکانى ئەمنى و سیاسى و ئابوورى و کۆمەڵایەتى و بەتایبەت گرنگیدان بە ژینگە بە تایبەت کە بەرژوەندییەکى تایبەتە و گەلى کورد وەک ژینگە دۆستى نموونەیەکى بەرچاوە لەو بوارەدا ، بۆیە ، ئەوەى لە 28ـەمین لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا، باس لەو ئاستەنگانە دەکرێت کە لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا، رووبەڕووی جیهان دەبنەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەشدارانی لوتکەکە، کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم گۆڕانکارییە لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانی جیهان تاوتوێ دەکات.
ئەوەى هەستى پێدەکرێت لە بانگێشتە فەرمییەکان بۆ هەردوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان و کەسایەتییە نێودەوڵەتییەکانی بەشدار لە لوتکەکە گفتوگۆ و دیداری گرنگیان هەیە و جەخت لە گرنگی رۆلی هەرێمی کوردستان و لە ناوچەکە دەکەن لە پرسە جهیانییەکان، لەوانەش گۆڕانی کەشوهەوا.هەروەها لە رووى سیاسییەوە، هەرێمى کوردستان بۆ هاتنە ناو مەیدانى جیهانى و بەرەوپێشبردنى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانى کەرەستەى دیپلۆماسى وەک سیستەمى پەرلەمانى و دانوستان بەکار دێنێت کە ئەم چاڵاکییانە دەبنە هۆى دروستبوونى بنەماى سیاسەتى دەرەوە.
لە رووى ئابوورییەوە، هەرێمى کوردستان بۆ بەرەوپێشبردنى پەیوەندییەکانى خۆیان و مۆدێرنگەریی بەدواچوونى وەبەرهێنان، بازار بۆ بەرهەمەکان و سامانە سروشتییەکانیان، تەکنۆلۆجیا و پەرەپێدانى بوارى گەشت و گوزار پێویستى بە هاوکاریی و هەماهەنگى لەگەڵ کۆمپانیاکانى نێودەولەتییە کە ئەمە خۆى پێشاندەرى هەرێمێکى سەرکەوتووە لە رووى پەیوەندییە نێودەولەتییەکان. هەروەها هەموو ئەو دیدارانە لە سەر سەرکردایەتیی سیاسىى کوردستان هەرێمى کوردستان بەڵێهاتوویى و سیاسەتى هاوسەنگى و هاوپەیمانیەتى ڕاستەقینەیى، شایستەى پشتگیریکردنى زیاترە لە جیهاندا. ئەو ڕاستیەى کە کورد دۆست و هاوپەیمانى ستراتیژى هاوپەیمانەکانى بووە وون نابێت و لەمێژوودا تۆمار کراوە، بۆیە، هەموو ئەو بانگهێشت و سەردانە فەرمییانە بۆ کۆنفرانس و کۆڕبەندە جیاوازانە و لە نزیکەوە دیداروگفتوگۆ لەگەڵ سەرکردەى وڵاتانى ناوچەکە وجیهان دەبنە پردێک بۆ چەندان دەستکەوت و دەرفەتى زێڕین بۆ بەدامەزراوەییکردنى زیاترى سەربازى و دەزگه مەدەنییەکان و، ئەمەیش گهرەنتیى مانەوەى پاڵپشتیى نێودەوڵەتیى هەرێمى کوردستان . هەموو ئەمانە بارى فشارو هەڕەشەکان سووکتر دەکەن و هەرێمى کوردستان بەرەو بەهێزبوونى زیاترى سیاسى، ئابوورى و نەتەوەیى دەبەن.
هەروەها ئەم کۆنفڕانسە دەتوانێت ڕۆڵی کاریگەرو گرنگی خۆی هەیەو بەتایبەت کە لەماوەى چەند رۆژى داهاتوودا شاندى هەرێمی کوردستان لە نیزکەوە چاوى بە دەیان سەرۆک و سەرۆک وەزیران و وەزیرو کەسایەتی جیهانی خاوەن کۆمپانیا گەورەکانی ناوچەکە و دوونیان دەبینن و لەو دیدارانەشدا دۆخی پەیوەندیەکانی هەولێرو بەغداو ئەو پێشێلکاریانەی بەغدا بەرامبەر بەمافەکانی هەرێمی کوردستان دەیکات و ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی دوای بڕیاری ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ خەڵکی کوردستانی هێناوەتە پێشەوە دەخرێتە بەرباس گفتووگۆو هەرێمی کوردستان هەمیشە دەیەوێت سوود لەم کۆنفرانسە و چالاکییانە وەربگرێت بۆ بەرەو پێشبردنی دۆخی سیاسی و ئابورییەکەی ڕزگاربوون لەو ستەمکاریی و چەوسانەوە سیاسیانەی بەرامبەر بە مافەرەواکانى هەرێمى کوردستان دەکرێت و دەیەوێت بەجیهانی ڕابگەیەنێت ئێمە هەرێمێکین ڕۆڵی کاراو کاریگەرمان لە پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە هەیەو بۆ ئەم مەبەستەش پشتیوانیکردنى دۆزى کورد لە رووى سیاسى و دیپلۆماسییەوە لەلایەن وڵاتانى دونیا و زیاتر سەنگ وپێگەى هەرێمى کوردستان بەهێزتر وپایەدارتر دەکات .