بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە مۆڵێکی بازرگانی چەند کەسێک گیانیان لەدەستدا
بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە مۆڵێکی بازرگانی لە پاکستان بەلانیکەم 9 کەس گیانیان لەدەستدا.
دەسەڵاتداران و میدیا ناوخۆییەکانی پاکستان ڕۆژی شەممە ڕایانگەیاند: کە ئاگر لە ناوەندێکی بازرگانی لە شاری کەراچی لە باشووری پاکستان کەوتەوە و بەهۆیەوە لانیکەم نۆ کەس گیانیان لەدەستدا.
كەناڵی ناوخۆیی جئو بڵاویکردەوە، ئاگرەکە بەیانی زوو لە مۆڵێکی بازرگانی چەند نهۆمی بە ناوی RJ لە پڕ دانیشتووترین شاری پاکستان کەوتووەتەوە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە نزیکەی 50 کەسیان ڕزگارکردووە، بەڵام ژمارەیەکی زۆری دیکە لەناو بیناکەدا ماونەتەوە.
مورتەزا وەهاب صدیقی، سەرۆکی شارەوانی کەراچی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پشتڕاستی کردەوە: دوای ئاگرکەوتنەوەکە لانیکەم 9 تەرم بۆ نەخۆشخانە ناوخۆییەکان گواستراونەتەوە. ئاماژەی بەوەشکرد: پرۆسەی گەڕان بەردەوامە.
لە هەمان کاتدا كەناڵی ناوخۆیی جئو بڵاویکردەوە، کە یازدە کەس لەم ڕووداوەدا گیانیان لەدەستداوە و ڕایگەیاند، کە لانیکەم ٢٠ کەس لە نهۆمەکانی ئەم ناوەندە بازرگانییە گیریان خواردووە.
گوڵان: سەردار خەلیل