په‌يامى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ يادى 25ى نۆڤه‌مبه‌ردا

په‌يامى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان   له‌ يادى 25ى نۆڤه‌مبه‌ردا

ئه‌مڕۆ 25ى نۆڤه‌مبه‌ر له‌ ڕۆژى جيهانيى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتيژى دژى ئافره‌تاندا، هه‌موو پشتگيرييه‌ك بۆ كه‌مپه‌ينى 16 ڕۆژه‌ى كار و چالاكييه‌كانى بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دووپات ده‌كه‌ينه‌وه‌. لێبڕاوانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ر جۆره‌ توندوتيژييه‌ك دژى كچان و ژنان و هه‌راسانكردنيان له‌ هه‌ر كوێ و به‌ هه‌ر پاساوێك بێت، ده‌وه‌ستينه‌وه.

له‌م ڕۆژه‌دا یادی هه‌موو ئەو ئافرەتانە دەکەینەوە کە سته‌ميان لێكرا و لەبەر ڕەگەز و جیاوازییان، ژیانیان لێ سەندرایەوە. هیچ شتێک دادی ئازارى گەورەی خێزان و دایکوباوکانى ئه‌و قوربانييانه‌ نادات. تاكه‌ دڵنه‌وايى بۆ ئه‌وان ته‌نيا ئه‌وه‌يه‌ هه‌موومان پێكه‌وه‌ كار بكه‌ين بۆ ئه‌وه‌ى دادوه‌رى بۆ قوربانييان جێبه‌جێ بكرێت. هه‌روه‌ها به‌ پێزانينه‌وه‌ له‌ ڕۆڵى خانمانى چالاكوان و مامۆستايانى ئايينى و هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌ڕوانين كه‌ به‌ هه‌ر شێوه‌يه‌ك بێت، بۆ باشتركردنى دۆخى ئافره‌تان كار ده‌كه‌ن.

له‌م ياده‌دا پابه‌نديمان دووپات ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ به‌ ئيراده‌يه‌كى پته‌و و به‌ جددى به‌ره‌نگارى هه‌موو توندوتيژى و پێشێلكارى و ده‌ستدرێژييه‌ك به‌رامبه‌ر به‌ ئافره‌تان و مافه‌كانيان ده‌بينه‌وه‌. له‌ هه‌ماهه‌نگى و كارى هاوبه‌شمان له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان و له‌سه‌ر ئاستى عێراق و نێوده‌وڵه‌تيش به‌رده‌وام ده‌بين. هه‌رگيز له كار و هه‌وڵدان بۆ بنياتنانى كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى ئازاد و دادپه‌روه‌ر و يه‌كسان كۆڵ ناده‌ين.

نێچيرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
2023/11/25

Top