ڕۆڵی ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە ناساندن و پابەندی و پەرەپێدانی مەزهەبی ئیمامی شافیعی
بە ئاوەڕدانەوە لە مێژووی ڕابردووی زانایانی كورد و وردبوونەوە لە ئاراستەی كار و هەنگاوەكانیان لە ڕووی مەنهەجی و پابەندییەوە، دەگەینە ئەو ڕاستییە كە زانایانی ئایینی، هەمیشە لە چوارچێوەی تێگەیشتنی دروست و بە كامڵبوونی زانستی، بە لەبەرچاوگرتنی بۆچوونی گەورە زانایان، بنەمای ڕێڕەوێكی دروستیان بۆ هەستیاریی بابەتی فەتوا و مامەڵەكردن لە گەڵ پێشهاتە تازەكان گرتووەتە بەر.
ماوەی پتر لە دە سەدەیە زانایانی كورد لە زۆربەی هەرە زۆری پارچەكانی كوردستان، بەپێی مەزهەبی ئیمامی شافیعی بناغەی فەتوادانیان داناوە و، لەسەری ڕۆیشتوون، لەم نێوەشدا گەورەترین قازانج و خزمەتیان بە میللەتی كورد لە ڕووی دینداری و دونیابینی و ئاراستەی هزری و ئەمنی نەتەوەیی و ئاشتیی كۆمەڵایەتی گەیاندووە، كە بووەتە هۆی تەبایی و یەكڕیزیی گەلی كورد و پاراستنی كەلتووری دینداری و بەها و نەریتە جوان و ڕەسەنەكان.
ئەمەش خاڵی بەهێز و گرنگیی ڕۆئیافراوانیی مەلای كورد لە خزمەتكردن بە ڕێڕەوی دینداری و هەستی نەتەوایەتی و بەرەوپێشبردنی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان پیشان دەدا، كە پاڵپشت بوون بۆ هەموو ئەو هەنگاوانەی بە سوودی ئایینی و نەتەوەیی گەڕاونەتەوە، ئەم دیدگە و تێڕوانینە مەزنە وای كرد، ڕۆڵ و خزمەتی مەلای كورد نەك تەنیا لەناو كورد، بەڵكو لەناو جیهانی ئیسلامیدا جێی خۆی بكاتەوە و، ببێتە هۆكار و دەرفەتی خێر و دەركەوتنی ئەستێرەی كورد لە بڵاوكردنەوەی پەیامی ئیسلامپەروەری و مرۆڤدۆستی و میانڕەویدا، نموونەی مەلا حوسەینی شارەزووری موفتی لە سەردەمی دەوڵەتی عەباسی و، مەلا ئەحمەدی شێخولئیسلامی گۆران موفتی قاهیرە و ئەستەنبوڵ لە سەردەمی سوڵتان مورادی دووەم و، مەلا ئیسماعیلی ئاموودی و مەلا محەمەدی وانقولی و شێخ جەعفەری بەرزنجی و مەلا سولەیمانی گەردی و شێخ ئیبراهیمی گۆران، كە ڕۆڵی موفتییان لە نێوان مەككە و مەدینە بینیوە، بنەماڵەی زانایانی زەهاوی و حەیدەرییەكان كە بۆ ماوەی چوارسەد ساڵ موفتیی عێراق بوون، هەروەها مەلا ئەبووبەكر ئەفەندیی خۆشناو موفتی شاری كەیپ تاونی ئەفریقا و، دواهەمینیان زانای ناودار عەللامە مامۆستا مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس، ئەمانە زەقترین نموونەن لەوەی كە زانایانی كورد چەندە خزمەتی گەورەیان بە جیهانی ئیسلامی كردووە.
ئەم ڕۆڵ و پێشەنگ بوونە لەوەدا خۆی بینیوەتەوە، كە زانایانی هەڵكەوتووی كورد هەمیشە لەسەر بنەمای زانستی و تێگەیشتنی دروست هەنگاویان ناوە و، هیچ كات ڕێڕەوی زانایانی پێشینیان پەراوێز نەخستووە، بەڵكو هۆكاری درێژەپێدەری زنجیرەی زانستیی كاروانەكە بوون و، بەر ڕێ و ڕێبازی خەڵك و كۆمەڵگەیان ڕۆشن كردووەتەوە و میللەتیان لە كێشە و ئەندێشەی خراپ دوور خستووەتەوە.
لە هەموو قۆناغە جیا جیاكاندا زانای بلیمەت هەبوون، كە بە شێوەی نافەرمی ڕۆڵی موفتییان بینیوە و بە هۆكاری زرووف و زەمان خزمەتی بواری فەتوایان كردووە، هاوكات لە ڕووی بانگەواز و ئیسڵاح و بڵاوكردنەوەی ئاشتی و ئاشتەوایی و تەدریس و ناساندنی توراسی فیقهی و فكری و بەستنەوەی واقیعی دینداری بە ڕابردووی كۆشش و ئیجتیهادی گەورە زانایان، تا دەگاتەوە سەرچاوەی سەرەكی و سەردەمی حەزرەتی پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) لەسەر بنەمای زانستی و لە چوارچێوەی مەزهەبی ئیمامی شافیعی و بە یەك ئاراستە، گەورەترین خزمەتیان پێشكەش كردووە.
لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوو بە حوكمی ئەوەی دەسەڵاتی كوردی لە ڕووی ئیسلامپەورەری و هەستی نەتەوایەتی زۆر نزیك و ئاوێتە بوون، پێگەی فەتوا لە شێوەی داد سەیر دەكرا و، تەنانەت لە سەردەمی شۆڕشی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد، وێڕای نەبوونی دامودەزگای حكوومی و ئیداری، بەڵام چەند زانایەكی ئایینی وەك قازی دەستنیشان كرابوون، بۆ ڕاییكردنی پرس و كاروبارە ئایینیەكان و چارەسەركردنی گرفتی خەڵك، لەگەڵ دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی لە ساڵی 1970 لەبەر گرنگی و هەستیاریی فەتوا، ئەم بابەتە جۆرێك لە فەرمیبوونی وەرگرت و (لێژنەی فەتوا – لێژنەی قەزا) بۆ سەرپەرشتیكردن و ڕاییكردنی كاروبارە پەیوەستەكانی بواری شەرعی دامەزرا، وەك لە ماددەی یازدەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیی زانایاندا هاتووە: «یەكێتیی زانایان چەند لێژنەیەكی فەتوا لە گەورە زانایانی ئایینی كوردستان پێك دێنێت، بۆ سەرپەرشتیكردنی كاروباری فەتوا لە ژێر سەرپەرشتیی لێژنەیەكی باڵا».
لە دوای ڕاپەڕین و دامەزراندنی حكومەتی هەرێم و دامودەزگای فەرمی ودیاریكردنی دەسەڵاتی دادوەری و دامودەزگای پەیوەست بە دادگا و، ئاوەدانبوونەوەی كوردستان و بووژانەوەی بەرژەوەندیی خەڵك و پێویستیی قۆناغەكە بۆ ڕێكخستنی كاروباری هاووڵاتیان و، زۆربوونی كێشە و ئاریشە و تێكەڵبوونی فەرهەنگ و كەلتوورە جیاوازەكان و تێكڕای پێشهات و ئاڵنگاری و گۆڕانكارییەكان، ئەومە وای كرد، ئاراستەی فەتوا و قەزا لێك جیا ببێتەوە، بۆ ئەم مەبەستە دامەزراوەی داد و یاسا ئەركی سەرپەرشتی و بەڕێوەبردنی لایەنی قەزا و دادوەریی كەوتە ئەستۆ، بوارە شەرعی و دینییەكەش بووە ئەركی یەكێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی كوردستان، لەم پێناوە لە دوای كۆنگرەی دووەمەوە لە ساڵی 1992 لێژنەی فەتوا جارێكی دیكە ڕێك خرایەوە و، ئەركی پیرۆزی فەتوا و ڕوونكردنەوەی پرس و پێشهاتە نوێیەكانی پێ سپێردرا، لێژنەی باڵای فەتوای یەكێتیی زانایان و لێژنەی فەتوای سەر بە لقەكانی ئەو یەكێتیيە لە شارەكانی كوردستان، كارا كران و ئەم خزمەت و ڕێڕەوە بەردەوامی و ڕێچكەی خۆی وەرگرت.
لە دوای كۆنگرەی شەشەمەوە لە ساڵی 2018 ناوی ئەم لێژنەیە گۆڕدرا بۆ «ئەنجومەنی باڵای فەتوا» و گۆڕانكارییەكی نەوعی و پیشەیی، بە ئامانجی پتر بایەخدان بە بواری فەتوا لە هەرێم هاتە ئاراوە، خزمەت و هەوڵ و هەڵوێستەكانی بوونە جێی شانازییەكی گەورە و دەستكەوتی زۆر بۆ كوردستان و بۆ یەكێتیی زانایان لە ناو كاری پیشەیی خۆیدا.
هەر لەبەر گرنگی و هەستیاریی پێگەی فەتوا و بایەخدانی یەكێتیی زانایان بەم بوارە، بە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی بەڕێز (د. عەبدوڵڵا مەلا وەیسی) سەرۆكی یەكێتیی زانایان و بە سەرپەرشتیی بەڕێز (د. حەسەن موفتی) سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای فەتوا، پەیڕەوی گشتیی ئەنجومەن دیاری كرا و بە ناونیشانی (المنهج العام للمجلس الأعلی للإفتاء في كوردستان- المبادئ، الضوابط، الأهداف، البنود، التعلیمات) بڵاو كرایەوە، ئەمەش بووە سەرەتای قۆناغێكی دیكەی چوونە پێشەوەی ڕەوشی فەتوا لە هەرێمی كوردستان.
بە گوێرەی ئەم پەیڕەوە، كە مەكتەبی تەنفیزی و سەركردایەتی پەسندی كرد، لە بەشی یەكەمیدا ئاماژە بەوە دەكات، كە ئەنجومەنی باڵای فەتوا بنچینەی گشتی و بنەمای سەرەكیی فەتوادانی بە گەڕانەوە بۆ ڕێڕەوی مەزهەبی شافیعی دەبێت، بە ڕەچاوكردنی فیقهی نووسراو و فیقهی واقع و هاوچەرخ، بەو پێیەی مەزهەبی كۆكەرەوەی هەردوو مەدرەسەی فەرموودە و ڕەئیە و زۆرینەی كورد پەیڕەوی لێ كردووە، بە هەندوەرگرتنی ئەم زۆرینەیە و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییش، مەبەستێكی ڕەوا و شەرعییە.
بۆیە بواری فەتوا بە كۆششی ئەندامانیەوە لە ڕۆژی دامەزراندنیەوە تا ئەمڕۆ، لە ڕووی مەنهەج و ئاراستەی پیشەیی و پارێزگاریكردن لە توراسی فیقهی و زانستی گەورە زانایان، مەزهەبی ئیمامی شافیعی كردووەتە بنەمای كاركردن و سەنتەری فەتوادان، بەو پێیەی پتر لە هەزار ساڵە مەزهەبی میللەتی كورد بووە و گەورە زانایانی كوردیش پەیڕەویان كردووە، سەرباری ئەوەی ئەگەر لە پرس و پێشهاتێكدا پێویستی كردبێت، بۆچوونی مەزهەبەكانی دیكەی وەك (ئیمامی ئەبو حەنیفە و ئیمامی مالیك و ئیمامی ئەحمەدی كوڕی حەنبەل)یان وەرگرتووە و، تەنانەت بە پەیڕەوكردنی بنەمای ئاوێتەكردنی فیقهی هاوچەرخ و گەڕانەوە بۆ ئەساڵەت، چوارچێوەی فەتواكانی خۆی بە شێوازێكی هاوسەنگ داڕشتووە.
لە بڕگەی (پ) لە ماددەی یازدەمی پەیڕەو و پڕۆگرامی یەكێتیی زانایاندا هاتووە: (یعتمد المجلس في فتاواه مذهب الإمام الشافعي –رحمه الله- بإعتباره مذهب الغالبیة في اقلیم كوردستان مع مراعاە الزمان والمكان علی ضوء المقاصد الشرعیة والمصالح المعتبرە والإستعانة بغیرها من المذاهب الأسلامیة الأربعة والمجامع الفقهیە المعروفة في عصرنا الحالي).
ئەم دەق و ماددەیە پاڵپشت بە بڕگەی دووەم لە ماددەی دووەمی یاسای ڕێكخراو و كۆمەڵەكان لە هەرێمی كوردستان ژمارە (18)ی ساڵی (1993) لەگەڵ تەواوی پەیڕەو و پڕۆگرامی ناوخۆی یەكێتیی زانایان لە ڕۆژنامەی فەرمی (وەقایعی كوردستان) ژمارە (234) لە 19\3\2019 لە لاپەڕە (29) بڵاو كراوەتەوە، كە ئەمە خۆی لە خۆیدا هێزێكی یاسایی دەبەخشێتە كاری ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەكێتیی زانایان و زەمینەی خزمەتكردن و بە فەرمی ناساندنی مەزهەبی ئیمامی شافیعی لە كوردستان.
لەسەر ئەم بنەمایە و لە ڕوانگەی بە چارەسەر زانینی هەنگاوی لۆژیكی و واقیعی بۆ ڕێكخستنەوە و باشتركردنی ڕەوشی دینداری لە هەرێم، ڕۆژی 6ی ئەیلوولی ساڵی 2023 كۆبوونەوەی فراوانی یەكێتیی زانایان، بە بەشداریی ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و سەركردایەتی و بەرپرسی لقەكان ئەنجام درا و، بەلاغێكی گرنگ و تایبەت بۆ لایەنی پەیوەندیدار و ڕای گشتی ڕاگەیەندرا، كە لە خاڵی سێیەمی بەلاغەكەدا هاتووە: «لەپێناو پاراستنی بەهای كاری بانگەوازی و گوتاری ئایینی و بەرەوپێشبردنی ڕەوشی دینداری و ئارامیی دۆخی مزگەوتەكان و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و ئاشتیی كۆمەڵایەتی و، ڕێگری لە نالەباریی بۆچوونی هاوردە و نازانستی و ناكامڵ و پاراستنی پێگە و ڕێڕەوی زانایان و، یەكدەنگی و یەكڕیزیی فیقهی لە ناو موسڵمانانی كورد وەك هەر وڵاتێكی دیكەی ئیسلامی، لە ڕووی فكری و عەقیدەیی دێرینی مەلای كورد، پەیڕەوكردنی مەزهەبی ئیمامی شافیعی وەك مەزهەبی ڕسمیی هەرێمی كوردستان بە پێویست دەزانرێت».
دوا بە دوای ئەم هەنگاوەش مەكتەبی تەنفیزیی یەكێتیی زانایان، نووسراوێكی فەرمی بە ژمارە (1013) لە 25/10/2023 بە هاوپێچی فەتوای ئەنجومەنی باڵای فەتوا ژمارە (1007/1) لە 24/10/2023 تایبەت بە (ڕێنمایی شەرعی تایبەت بە یەكخستنی پەرستش و درووشمەكان لە مزگەوتەكانی كوردستان، بەپێی مەزهەبی (ئیمامی شافیعی) ئاراستەی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی كرد، خۆشبەختانە ڕۆژی 5/11/2023 بە نووسراوێكی فەرمی ژمارە (4932) گشتاندنێكی بۆ سەرجەم ئەوقافەكان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆیەكان دەركرد و، تێیدا ڕایگەیاند: «لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا كار بكرێت بە ناوەرۆكی نووسراوی مەكتەبی تەنفیزیی یەكێتیی زانایان».
ئەم ئاراستەیە لە كار و ستراتیژیەتی یەكێتیی زانایان، وەنەبێ تەنیا لە بواری فەتوا و خزمەتی خەڵك و كۆمەڵگەدا بایەخی خۆی دەرخستبێ، بەڵكو لە ئاستی باڵای نەتەوەیی و ڕەوشی دینداری لە هەرێم، بووەتە فاكتەرێكی گرنگی یەكڕیزیی میللەتی كورد لە رووی عەقیدەیی و فیقهی و هێشتنەوەی مەرجەعییەتی فەتوا و پاراستنی میراتی زانستیی زانایانی پێشین و ڕێڕەوی وەستیەت لەلایەك و، ڕێگر بووە لە ئاریشە و پەرتەوازەیی و فەوزا و بیری توندڕەوی لەلایەكی دیكەوە.