واقیع خۆی ناداتە پاش!!

واقیع خۆی ناداتە پاش!!

بەراورد بە سەد ساڵی ڕابردوو، هیچ کاتێک هێندەی ئێستا و وەکو ئێستا، ڕۆژهەڵاتی نزیک و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستیان بە دوور کەوتنەوە لە هێزە جەنگ خوازەکان و بە نزیک بوونەوە لە ئاڵتێرناتیڤە دیموکراسییەکان نەبووە.

دیداری ئەمڕۆی سەرۆک نێچیرڤان بارزانـــــی و سەرۆک ماکرۆن، گەواهیدەری ئەو پێویستییەن. بە تایبەت لە بەیانامەکەی کۆشکی ئێلیزێدا، ناوی کوردستان لە جیاتی هەرێمی کوردستان، بە هەرێمی (کوردستانی ئۆتۆنــــــۆم) هێنراوە.
جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە بە نێو گۆڕانکارییەکی ڕێشەیی و واقیعانە گوزەر دەکەن، بە تایبەت دوای ڕووداوگەلەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر و ململانێ قوڵەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل.

هەڵەی کرد ئەو جەنگاوەرە سیاسیەی کە وای زانی ئیدی حەوتی ئۆکتۆبەر، کۆتایی بە هەموو هاوکێشە سیاسییەکان دەهێنێت! هەڵە دەکەن ئەو جەنگاوەرە سیاسیانەی تر، کە وا دەزانن کۆتایی هاتنی دەستەڵاتی حەماس، کۆتایی بە دیاردەی توندڕەوی و توند ئاژۆیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەهێنێت!!

ململانێی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل، ململانێیەکی دەیان ساڵەیە و بە هەڵدانی سەد درۆنێک و تەقاندنەوەی چەند مووشەک و بۆمبێک کۆتاییان نایەت، بەڵکو هەر ئەو ململانێیە بووە کە بە درێژایی یەک سەدەی مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چەندان دەوڵەت و دەیان هێزی نا دەوڵەتی دروستکردووە!

ڕووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر ، ڕووداو گەلێکن، زۆر قوڵتر و کاریگەرترن لە ڕووداوەکانی یازدەی سێپتێمبەری نیویۆرک، چونکە لەو کاتەدا ئەمریکا ئەکتەری سەرەکی نێو گۆرەپانی یارییە بەرژەوەندیخوازەکە بوو، بەڵام لە حەوتی ئۆکتۆبەر، تەواوی دونیا بووە بە ئەکتەری بەشدار لەم تەنگژە تازەیەدا، لەنێویاندا و بەتایبەت وڵاتانی ئەورووپـــــآ.

فەرەنسا وەک وڵاتی کاریگەر و بەهێزی ئەوروپا و، ئەندامی هەمیشەیی پێنچ خێزانەکە!١ بە دوای ئەلتەرناتیڤی دیموکراسیدا دەگەڕێت، واقیعی ئاشتیخواز و ڕۆژهەڵاتناسی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی خۆی لەو واقیعە ناچارییەی ناوچەکە ناداتە پاش.

دوای زیاتر لە سی ساڵ لە ڕووخانی ڕژێمی بەعسی عێراق، چ سەرکردە شیعە ئێران خوازەکانی (عێراق، سووریا، لوبنان)، یانیش سونە قەڵاچۆکراوەکان، نەیانتوانیەوە ببن بە ئاڵتێرناتیڤی دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لێ کوردەکان تاقیکراونەتەوە!!

هەرێمی کوردستان وەک هێزێکی ناعەرەب، دیموکرات، عەلمانی و هاوسەنگ پارێز، یەکێکە لە هێزە ئالتێرناتیڤە دیمکراسییەکانی ناوچەکە بۆ ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا.

هەرێمی کوردستان لە کۆمەڵێک قۆناغدا تاقیکراوەتەوە، لە جەنگی دژی داعشدا وەک هێزێکی کاریگەر، ئامێزی بۆ سونە و کریستیانە قەڵاچۆکراوەکانی ناوچەکە کردووە.

کوردستانی ئۆتۆنۆم تاقیکراوەتەوە کە هێزێکی بونیاتنەرە لە پرۆژەی سەقامگیری هەرێمیدا!

هزرە ستراتیژە قوڵەکانی هەرێمی کوردستان و ڕوانگەی دیپلۆماسی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە کاریگەری دروستکردن بۆسەر نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەلمێنەری سەنگینی پێگەی هەرێمی کوردستانن لە پاراستنی پرەنسیپەکانی هاوسەنگی سیاسی و هەرێمیی لە ناوچەکەدا.
کوردستان ئەڵتەرناتیڤێکە، ئەمڕۆ یان سبەی هەر ئەبێتەوە بە ئەکتەری بەهێز و کاریگەرەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونکە هێزیكە گەورەترە لە هێزە لۆکاڵیەکانی تۆڵەخواز و نەژادپەرست.

ئابلوقە و پاڵەپەستۆ سەخت گوزەرەکانی عێراقی مەرکەزخواز، زوو یان درەنگ هەر کۆتاییان دێت و، هەرێمی کوردستان بە پێگە گرنگ و ستراتیژیەکەی شاددەبێتەوە و ڕۆڵی ئەکتەرێکی واقیعی دەگێرێت لە ڕووداوگەلەکانی ناوچەکەدا. بۆیە هەڵە دەکەین ئەگەر دیداری ئەمجارەی سەرۆک نێچیرڤان و ماکڕۆن، بەکەم و کورتبینیەوە سەیر بکەین.

بێ شک سەرکەوتنی ئەو پێگە و ئامانجەی هەرێمی کوردستان وەک ئەکتەرێکی دیموکراسی و ناعەرەب لە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تازەدا لەوەدایە کە هەولێر و سلێمانی لەم دۆخەدا لەدەوری گوتاری سیاسی هەرێمی کوردستان نیشتمانیانە هاوڕیز بن

Top