بەبیابانبوون لەنێوان هۆكارەكان و ڕێگەچارەكاندا

بەبیابانبوون لەنێوان هۆكارەكان و ڕێگەچارەكاندا

 

 

گرنگە بزانین كە دیارترین ڕەهەندەكانی بەبیابانبوون بریتییە لە لەدەستدانی چینی سەرەوەی خاك و گۆڕانی ڕووبەرێكی بەپیتی زەوی بۆ زەوییەكی كەم دەرامەت و هەژار لە ڕووی ڕووەك و فرەجۆریی زیندەوەران و بەرهەمهێنانی كشتوكاڵییەوە، بەڵام ئەوەی گرنگترە ئەنجامی بدەین، ئەوەیە كە هەوڵ بدەین بەبیابانبوون لەهەڕەشەوە بگۆڕین بۆ دەرفەت، چ بە هەوڵەكانی خۆمان بێت، یان بە هەماهەنگیمان لەگەڵ وڵاتانی پێشكەوتووی خاوەن ئەزموون لەم بوارەدا. سەرەتای ڕێگەچارەكانیش بریتییە لە زانینی هۆكارەكان، جێگەی خۆیەتی تیشك بخەینە سەر دیارترین هۆكارەكانی بەبیابانبوون وەك:

1- خراپ بەكارهێنانی زەوییەكان بە هۆی خراپ جێبەجێكردنی پڕۆسە كشتوكاڵییەكانەوە.

 2- لەوەڕاندنی لەسنوور بەدەر و ناڕەوا، كە بریتییە لە لەوەڕاندنێكی ماوە درێژ كە زیاترە لە ماوەی دووبارە گەشەسەندنەوەی ڕووەكەكان، یان لەبەر زۆریی دانیشتووان یان زۆریی ژمارەی ئاژەڵەكان.

 3- بڕینەوەی دارستانەكان، یان سووتاندنیان بە مەبەستی بەكارهێنانی شوێنەكانیان بۆ پڕۆژەی بازرگانی.

 4- خراپ ئاودێریكردن، یان بەكارهێنانی شێوازی زۆر كۆنی ئاودێری كە بڕێكی زۆر لەئاو بەفیڕۆ دەڕوات.

5- گۆڕانی ئاو و هەوای جیهان بە هۆی چالاكییە دژ بە ژینگە و لە سنوور بەدەرەكانی وڵاتانی خاوەن پیشەسازیی گەورە.

 6- كەمیی باران و دەركەوتنی دیاردەی بەبیابانبوونی ساكار و مامناوەند و توند و زۆر توند، بەپێی ڕاددەی كەم و زۆریی بڕی باران.

 7- كشانی خۆڵ و لمی بیابان كە دیاردەی بەبیابانبوون سیفەتی كشان و درێژبوونەوەی هەیە و دەكشێت بۆ دەوروبەر ئەگەر ڕێگری لێ نەكرێت.

 8- ڕووتاندنەوەی زەوی بە هۆی دیاردە سرووشتییەكانی وەك لافاو و نەبوونی درەختی پێویست و تۆبۆگرافیای زەوییەوە.

9- دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە ئاوییەكان لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە و پشتگوێخستنی ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە دابەشكردنی عادیلانەی نێوان وڵاتانی چاوگە و وڵاتانی ڕێژگە.

10- تەشەنەكردنی بەبیابانبوون لە وڵاتانی دەوروبەری عێراق و هەرێمی كوردستان.

 

هەندێك لە ڕێگەچارەكانی كەمكردنەوەی دیاردەی بەبیابانبوون

رەنگە لە تواناماندا نەبێت، قەیرانی گۆڕانی كەشوهەوا لە ئەمڕۆدا كۆتایی پێ بهێنین و، نەشتوانین خراپبوونی فرەجۆریی بایۆڵۆژییش لە سبەیدا ڕابگرین و، نەشتوانین دیاردەی بەبیابانبوون لە دوو سبەیدا چارەسەر بكەین، بەڵام هەر دەبێت لە خاڵێك و لە ساتێكی هەر شوێنێكدا دەست پێ بكەین، وەك ئەم هەنگاوانەی لای خوارەوە:

1- بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی ژینگەیی لە بارەی چەمكی بەبیابانبوونەوە.

2- پارێزگاریكردن لە لەوەڕگا سرووشتییەكان و گەشەدان بە ڕووپۆشە سرووشتییەكان.

3- دروستكردنی بەنداو و گۆل و پۆند بۆ كۆكردنەوەی ئاوی لافاوەكان بۆ ئاودێری.

4- ڕاگرتنی بڕینەوەی درەخت و دارستانەكان.

5- ڕێگرتن لە لەوەڕاندنی لە سنوور بەدەر.

6- دووركەوتنەوە لەو شێوازەی كشتوكاڵكردن كە زیان بە پێكهێنەرەكانی ژینگە دەگەیەنێت.

7- بەكارهێنانی سەرچاوەكانی وزەی نوێبووەوە.

8- دروستكردنی پاراستە سرووشتییەكان.

9- ئامادەكردنی توێژینەوەی زانستی لەبارەی بەبیابانبوونەوە.

10- سوودوەرگرتن لە ئەزموونی جیهانیی لە ڕێگەی وەبەرهینانی بیانییەوە.

11- ڕاگرتنی كێڵان و چاندن لە ناوچە كەمبارانەكاندا.

12- بە كرێ گرتنی زەویی كشتوكاڵیی لە وڵاتانی دیكەدا.

13- هاوردەكردن و بەكارهێنانی تەكنۆلۆژیای نوێ.

14- هاوكاری و هەماهەنگیی نێوخۆیی و دەرەكی بۆ كاری پێكەوەیی.

15- زیادكردنی ڕووبەری سەوزایی.

16- ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی سەردەمییانەی ئاو و ئاودێری.

17- ڕاگرتنی پڕۆسەی بیناسازی و بنیادنان لەسەر زەویی كشتوكاڵی.

18- داڕشتنی یاسا و ڕێنمایی پێویست و كارپێكردنیان.

19- توندكردنی مەرجەكانی هاوردەكردنی ئەو ماددانەی زیان بە زەوی كشتوكاڵی دەگەیەنن.

20- جێبەجێكردنی پڕۆژەی پشتێنەی سەوز لە شار و شارۆچكەكاندا.

 

Top