پەرەپێدانی تواناكانی بەرێوەبەر

پەرەپێدانی تواناكانی بەرێوەبەر

(منسیۆس) فەیلەسوفی بەناوبانگی چینی دەڵێ" سەركردە ئەو كەسەیە وا لە كەسانی تر دەكات متمانەی پێ بكەن، بەڵام سەركردەی نایاب ئەو كەسەیە وا لە كەسانی تر دەكات متمانە بە خۆیان بكەن".
بەرێوەبەری قوتابخانە ئەو كەسەیە كە خاوەن گەورەترین بەرپرسیاریەتییە لە قوتابخانە و دەبێ نموونەی بەرزی مامۆستا و فەرمانبەران و قوتابیان بێت، لە هەمان كاتیشدا بەرپرسیاریەتی گشتی دەكەوێتە ئەستۆی لە ڕووی پەرەپێدانی توانای مامۆستاكان و بەرەوپێشچوونی قوتابخانەكە و بە دیهێنانی ئامانجەكانی پەروەردە و فێركردن، بێگومان بەرێوەبەری قوتابخانە هەردەم خاڵی دەستپێك و چەقی بنیاتنان و كاریگەری راِستەوخۆی هەیە لە سەر كۆی پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن لە هەموو ڕوویەكەوە، بۆیە زۆر گرنگە بەردەوام پەرە بە تواناكانی بەرێوەبەر بدرێ لە گشت بوارەكان و هەمیشە گەشەپێدان و نوێگەری لە كارگێڕیی قوتابخانەكان دەبێ بە بەردەوامی هەبێت بۆ ئەوەی قوتابخانە بە شێوەی تەندروست و ڕاست و پەروەردەیی پەیامی خۆی بگەیەنێ‌، هەموو ئەوانەش دەبێ لە بەرێوەبەری قوتابخانە دا ڕوو بدات ئەویش پەرەپێدان و گەشەپێدانی یەك لە دوای یەك لە ڕۆڵ و ئەدای بەرێوەبەرەكان هەبێت، وەكو كارێكی زیندوو و پێویست بۆ جێ بەجێ كردن و دەستەبەركردن و مسۆگەركردنی پرۆسەیەكی جۆری زۆر باش لە پرۆسەی پەروەردە و فێركردن. كە ئەوەش مەبەست و ئامانجی سەرەكی و بنەڕەتی كۆی گشتی پرۆسەكەیە.
ئەلێرەدا گرنگە بەردەوام بەرێوەبەری قوتابخانەكان بەشدارییان پێ بكرێت لە خولی ڕاهێنان و شیاندنی باشتر و باشتر بۆ پەرەپێدان و مكوم كردنی زیاتری تواناكانیان لە هەموو ڕوویەكەوە، تا هەردەم بەرێوەبەر سەركردەیەكی پەروەردەیی و كارگێڕیی سەركەوتووبن و بەوپەڕی دڵسۆزی و لە خۆبوردوویی و خۆبەخاوەن زانین خاوەنداریەتی پڕۆسەكە بكەن و نموونەی هەرە بەرزی پەروەردەیی و جێگای متمانەی مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان بن. قوتابخانەكەیان هەمیشە پێشەنگ بێت لە هەموو ڕوویەكەوە، هەمیشە كەشێكی لە بارو گونجاو ژینگەیەكی ئارام و دڵنیایی بڕەخسێنن و هاندەر بێت بۆ دەرخستنی تواناكان و بەرەوپێشچوونی پڕۆسەكە و بەدیهێنانی ئامانجەكانی پەروەردە و فێركردن بە گشتی.
گومانی تێدانییە قوتابخانەكان كە خاڵی هەرە پێشەوەی كوی پرۆسەكەن و بەرێوەبەریش كە بەرپرسیاریەتی ویژدانی و سەركردەیی و كاریگەری زیندوویی و بەردەوامی پڕۆسەكەی دەكەوێتە ئەستۆ بە هاوكاری و پاڵپشتی كردنی مامۆستاكان، دەبێ بەردەوام پەرەبەتواناكانی خۆی بدات و لە رێگای بەشداری كردنی لە خوڵ و ڕاهێنانی تایبەت بە كارگێڕیی پەروەردەیی و هەمیشە تواناكانی بەرەوپێش ببات و گەشەی پێ بدات و مكومتری بكات.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top