سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: چاره‌سه‌ری كێشه‌كانمان له به‌غدایه
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 10/10/2023 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به‌شداری له پانێڵێكی دیداری مێریدا كرد كه له هه‌ولێر به‌ڕێوه ده‌چێت. له پانێڵه‌كه‌دا كه ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسانی حزبی و حكووميی عێراقی فیدراڵ و هه‌رێمی كوردستان و نوێنه‌رانی وڵاتانی بیانی له هه‌رێمى كوردستان و مامۆستایانی زانكۆ و ئه‌كادیمیستان ئاماده بوون، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی باسی چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ست به دۆخی گشتیی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه كرد.
سه‌ره‌تا له وه‌ڵامی پرسیارێكدا ده‌رباره‌ی دۆخی ناوخۆ و زه‌قبوونه‌وه‌ی زۆنی سه‌وز و زه‌رد و كارنه‌كردن به ڕێككه‌وتنی ستراتیژی و نه‌خشه‌ڕێگای چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و دۆخه، به‌رێزیان گوتی:
“ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ساڵانی پێشتر، له‌و ماوه‌یه‌دا كه خوالێخۆشبوو مام جه‌لال و جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی پێكه‌وه ئیشیان كرد، توانیمان به یارمه‌تی و هاوكاریی هه‌موو لایه‌نه كوردستانییه‌كان ده‌ستكه‌وتی گه‌وره بۆ میلله‌ته‌كه‌مان و بۆ عێراقیش به‌ده‌ست بهێنین. په‌یوه‌ندیی نێوان یه‌كێتی و پارتی، په‌یوه‌ندییه‌كی گرنگه و ده‌بێت هه‌موومان هه‌وڵی ئه‌وه بده‌ین ئه‌و په‌یوه‌ندییه كێشه‌ی گه‌وره‌ی تێنه‌كه‌وێت. ده‌توانم ئاوا بڵێم: زۆر جار نیگه‌رانییه‌كی گه‌وره هه‌یه، ئایا ئه‌وه‌نده خراپه په‌یوه‌ندیی نێوان پارتی و یه‌كێتی كه كێشه‌ی گه‌وره‌ی لێبكه‌وێته‌وه؟ من ده‌ڵێم: نا وا نییه، ئه‌وه‌نده خراپ نییه كه نه‌توانین چاره‌سه‌ری بكه‌ین. ئه‌گه‌ر بێینه‌وه سه‌ر واقعی ئێستا، پێموایه ئێستا له كوردستان به‌تایبه‌تی دوای خوالێخۆشبوو مام جه‌لال، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به ماوه‌يه‌كى ڕاگوزه‌ردا تێده‌په‌ڕێت، دوای كۆچى مام جه‌لال، دوای ئه‌وه‌ی تووشی هه‌ندێك كێشه‌ی تر بوون، ئێستا ئه‌وه‌ی ئێمه هه‌ست ده‌كه‌ین سهقامگيرييهكى سیاسیی باشتر له‌ناو خودی یه‌كێتیشدا دروست بووه، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌م كۆنگره‌ی كه ئه‌نجامی دا. ئێمه زۆر به هیواوه به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی باشتر له په‌یوه‌ندیی نێوان یه‌كێتی و پارتی ده‌ڕوانین. مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه نییه كه ده‌بێت یه‌كڕیز بین، ده‌بێت لێكگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش بدۆزینه‌وه كه چۆن پێكه‌وه كار بكه‌ین و پێموایه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته چۆن پێكه‌وه كار بكه‌ین، هه‌م یه‌كێتی ده‌ركی به‌وه كردووه كه ده‌بێت له‌گه‌ڵ پارتی كار بكات، هه‌م پارتیش دركی به‌وه كردووه كه ده‌بێت له‌گه‌ڵ یه‌كێتی كار بكات، هه‌موو پارتی به‌ڵێ، به‌ڵام مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه ئه‌و میكانزمه چۆن بدۆزرێته‌وه و ده‌ستپێ بكه‌ین، چونكه ئێمه پێكه‌وه توانیمان زۆر ده‌ستكه‌وت به‌ده‌ست بهێنین و بێگومان به لێكترازان هه‌موو كورد و هه‌موو پێكهاته‌كانی كوردستان و هه‌موو عێراقیش زهره ده‌كات، چونكه بۆ عێراقیش په‌یوه‌ندیی نێوان هێزه سیاسییه‌كانی ناو كوردستان گرنگه”.
“هه‌نگاوی كردهييى ئێمه ئه‌وه‌يه ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێكبكه‌وین ئاخۆ ڕوانگه‌ى هه‌ردوولامان بۆ ئایندهی ئه‌و په‌یوه‌ندییه چییه؟ ده‌بێت وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خوالێخۆشبوو مام جه‌لال كردمان و ماوه‌یه‌كی زۆر باش سهقامیگرییهكی سیاسی و ئابووری له كوردستاندا دروست بوو و ماوه‌یه‌كی زۆر درێژیشی خایاند، ئێمه دوای ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا له كوردستان هه‌یه، پێویستیمان به ڕێككه‌وتنێك و تێگه‌یشتنێكی سه‌رله‌نوێ هه‌یه له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی وڵات. پێموایه ده‌ستپێكردنه‌كه‌ی ده‌بێت ڕێككه‌وتنێك بێت واقعی بێت و ئێمه هه‌ردوولامان به واقعی سه‌یری دۆخه‌كان بكه‌ین و پێكه‌وه كار بكه‌ین”.
سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و سه‌ردانى تاران بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی گوتى:
“چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی ئێمه له به‌غدایه و له هیچ شوێنێكی دیكه نییه. ئێران دراوسێی ئێمه‌یه و به‌ڵێ سه‌ردانی ئێران ده‌كه‌ین، به‌ڵام وه‌ك گوتم ئێمه بیانی نین، خاوه‌نماڵین و پێكه‌وه ئه‌و كارانه‌مان كردووه ئه‌وانه‌ی كه ئاماژه‌م پێدان. بۆیه چونكه ئێمه خۆمان به خاوه‌نماڵ ده‌زانین، ده‌بێت پێكه‌وه له‌گه‌ڵ برایانمان له به‌غدا به حه‌وسه‌ڵه و به‌بێ موجامه‌له دانیشین و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین”.
ده‌رباره‌ی مامه‌ڵه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێران سه‌باره‌ت به بوونی هێزى ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات له هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و ڕێككه‌وتنه ئه‌منییه‌ی له‌نێوان عێراق و كۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا هه‌یه، به‌ڕێزیان ئاماژه‌ی به‌وه كرد:
“لێره من پرهنسيپێك باس ده‌كه‌م، وه‌ك پره‌نسيپ دروست نییه به‌پێی هیچ یاسایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی وڵاتی عێراق ببێته سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه بۆ هیچ یه‌ك له دراوسێكانی ئێمه. ئه‌مه وه‌ك پره‌نسيپ، یاسای نێوده‌وڵه‌تیش ئه‌و مۆڵه‌ته به كه‌س نادات وڵاته‌كه‌ی ببێته ناوچهيهكی ئارام بۆ ئه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆنی ئه‌و وڵاتانه له وڵاتی ئێمه‌دا ڕاهێنان بكه‌ن و وه‌ك ناوچه‌یه‌كی ئارام سوودی لێ ببین و بچن له وڵاتێكی دیكه ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی ئه‌نجام بده‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه. ئه‌وه وه‌ك پره‌نسيپ. وه‌كوو تر به‌غدا له‌گه‌ڵ تاران ڕێككه‌وتنێكی ئه‌منییان ئیمزا كردووه و ئێمه له هه‌رێمی كوردستان وه‌ك به‌شێك له عێراق پابه‌ندی جێبه‌جێكردنی ئه‌و ڕێككهوتنهین. ئێمه پابه‌ندین و ئه‌وه‌ی تا ئێستاش كردوومانه به‌پێی ئه‌و ڕێككه‌وتنه بووه، له به‌غداش كه دۆسياكه ئێستا به‌ڕێز قاسم ئه‌لئه‌عره‌جی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات و له هه‌رێمی كوردستانیش وه‌زیری ناوخۆ ئیداره‌یان ده‌كات، هه‌نگاوی یه‌كجار زۆر به‌ره‌وپێشه‌وه ڕۆیشتووین. له‌م بواره‌دا پێشكه‌وتنی باش به‌ده‌ستهاتووه و ئێمه دیسان جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و پرهنسيپه ده‌كه‌ین كه هه‌رێمی كوردستان سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه نییه بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران. كۆماری ئیسلامیی ئێران دراوسێیه‌كی گرنگی ئێمه‌یه و سنوورێكی دوورودرێژمان له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا هه‌یه و ده‌مانه‌وێ ئه‌و كێشانه به گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكرێن، هه‌نگاوه‌كانیش، به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌نگاوی باش چووینه‌ته پێش و ئه‌وه‌ی من بزانم و ئاگادارم، تا ڕاده‌يه‌كی زۆر، كۆماری ئیسلامیی ئێران سوپاسگوزاره به‌و هه‌نگاوانه”.
ده‌رباره‌ی ڕازیبوونی لایه‌نه كوردییهكانيش به‌و ههگاوانه، به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد:
“به سوپاسه‌وه ئه‌وه‌ی كه ده‌توانم بيڵێم، به سوپاسه‌وه ئه‌وان تێگه‌یشتنێكی زۆر زۆر باشیان بۆ دۆخی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، هه‌ر ده‌توانم ئه‌وه بڵێم چه‌ندین جار دانیشتم له‌گه‌ڵیان كردووه و هه‌موویان به په‌رۆشه‌وه زۆر په‌رۆشی ئه‌وه‌ن كه هه‌رێمی كوردستان ڕووبه‌ڕووی هیچ كێشه‌یه‌ك نه‌بێته‌وه”.
سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ توركیا و كێشه‌ی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی گوتی:
“به دیاریكراوی كێشه‌ی ناردنی نه‌وت له كوێیه؟ بێگومان توركیا ئێستا ئاماده‌یيی خۆی ده‌ربڕیوه كه بۆريی نه‌وت بكرێته‌وه و نه‌وت بڕوات، دوو كێشه‌ی گه‌وره به‌ربه‌ستن كه نه‌وت هه‌نارده بكرێت، یه‌كه‌میان پاره‌ی كۆمپانیاكانه، به‌پێی ئه‌و ڕێككه‌وتنه ئه‌گه‌ر نه‌وت بڕوات، بێگومان پاره‌كه دێته‌وه بۆ به‌غدا، به‌ڵام ئایا كێ پاره‌ی كۆمپانیاكانی نه‌وت ده‌دات و چۆن ده‌درێت؟ ئێستا به‌پێی یاسای بودجه‌ی عێراق بۆ هه‌ر به‌رمیلێك له نه‌وتی كوردستان شه‌ش دۆلاریان داناوه كه ئه‌وه زۆر زۆر كه‌مه! كۆمپانیاكانی نه‌وت ئێستا ئه‌و پرسیاره ده‌كه‌ن، چونكه شێوه‌ی كۆنتراكته‌كانی هه‌رێمی كوردستان سێرڤس نییه، به‌ڵكو هاوبهشييه له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكان، ئه‌وان ده‌ڵێن بۆ ئێمه ئه‌گه‌ر بڕیار وابێت بۆ هه‌ر به‌رمیلێك شه‌ش دۆلار بێت، ده‌رناهێنێت! عێراق بۆ خۆی له هه‌ندێك شوێن به‌پێێ دۆخه‌كه، بۆ نموونه له هه‌ندێك شوێن سی دۆلاریان ده‌داتێ، ئه‌وه له گه‌یاره. له گه‌یاره بۆ هه‌ر به‌رمیلێك سی دۆلار ده‌دات، به‌ڵام بۆ هه‌رێمی كوردستان شه‌ش دۆلار. ئه‌مه خۆی له‌خۆیدا كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه و ده‌بێت چاره‌سه‌ر بكرێت. ئه‌وه‌ی تریان ئه‌وه‌یه سۆمۆ ده‌بێت گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیایانه بكات كه تا ئێستا نه‌وتی كوردستانیان كڕیوه، پێموایه ئه‌مه نابێته كێشه، چونكه خه‌ریكن ئێستا له‌گه‌ڵ یه‌كتر قسه ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌م پرسه ده‌بێت له‌گه‌ڵ عێراق چاره‌سه‌ر بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ڕووی كردارییه‌وه ده‌ست به هه‌نارده‌كردنی نه‌وت بكرێت بۆ ده‌ره‌وه، واته بێگومان كێشه‌كه له توركیا نییه و كێشه‌كه له به‌غدایه”.
ده‌رباره‌ی دۆسیای په‌كه‌كه و بوونیان له هه‌رێمی كوردستان، ڕۆڵی به‌ڕێزيان و سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی له نزیككردنه‌وه‌ی په‌كه‌كه و حكوومه‌تی توركیا و بوونی ده‌رفه‌تی دیكه بۆ زیندووكردنه‌وه و ئه‌و لێكنزیككردنهوهیه، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی گوتی:
“وه‌ك پره‌نسيپ ئه‌م كێشه‌یه ده‌بێت به گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكرێت و ئه‌مه كێشه‌یه‌ك نییه بتوانین به سه‌ربازی چاره‌سه‌ری بكه‌ین. جۆری كێشه‌كه ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت به سیاسی چاره‌سه‌ر بكرێت، وه‌ڵامه‌كه‌ی من به دیاریكراوی ئه‌وه‌یه ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئێران قسه‌م كرد، له‌سه‌ر توركیاش هه‌مان پرهنسيپه و نابێت هه‌رێمی كوردستان ببێته سه‌رچاوه‌ی تێكدانی ئاسایش بۆ وڵاتانی دراوسێ. توركیا وه‌ك وڵاتێكی گرنگی دراوسێى ئێمه، ئه‌و پرهنسيپه له‌سه‌ر توركیاش جێبه‌جێ ده‌كه‌ین. كێشه‌ی گه‌وره ئه‌وه‌یه كه په‌كه‌كه كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه، كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه بۆ هه‌رێمی كوردستان. په‌كه‌كه هیچ ڕێزێكی بۆ دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێمی كوردستان نییه و تا سیاسه‌تی په‌كه‌كه ئه‌مه بێت، ناتوانین گه‌ره‌نتيى ئه‌وه بكه‌ین كه توركیا هیچ نه‌كات. سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه ئێستا هیچ ڕۆڵێك هه‌یه، له ڕابردوودا خوالێخۆشبوو مام جه‌لال ئه‌و ڕۆڵه‌ی دیوه، جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی ئه‌و ڕۆڵه‌ی دیوه و به‌نده زۆر هه‌وڵم داوه و تا ڕاده‌یه‌كی زۆر پێشكهوتنیشمان به‌ده‌ستهێناوه. واته ئه‌وه نه‌بووه هیچ نه‌كراوه له توركیا، زۆر به هێمنی و زۆر شتمان كردووه. ئه‌گه‌ر پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئایا ئێستا ئه‌و ده‌رفه‌ته هه‌یه و ئه‌و ده‌رفه‌ته ده‌بینن؟ به هه‌موو جۆرێك ده‌مانه‌وێ ده‌رفه‌تێك هه‌بێت و ده‌مانه‌وێت ڕۆڵێك ببینین بۆ چاره‌سه‌ر، به‌ڵام ئێستا و له‌م كاته‌دا دیار نییه”.
له وه‌ڵامی ئه‌وه‌شدا كه ئایا باسی كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی به‌ڕووی گه‌شته‌كانی توركیادا، له‌گه‌ڵ توركیا كردوه، به‌ڕێزيان ئاشكرای كرد:
“به‌ڵی ئه‌و باسه‌شم له‌گه‌ڵیان كردووه و له گفتوگۆیه‌كی بهرهوامداین بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر نیگه‌رانییه‌ك كه توركیا له‌وباره‌یه‌وه هه‌یه‌تی، ئه‌و نیگه‌رانییانه نه‌هێڵین و هاتنی فڕۆكه‌ی توركیا و وڵاتانی تر بۆ سلێمانی ئاسایی ببێت و به‌رده‌وام له‌سه‌ر هێڵين له‌گه‌ڵیاندا، هه‌ندێك نیگه‌رانییان هه‌یه كه ده‌بێت ئه‌و نیگه‌رانییانه چاره‌سه‌ر بكرێن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نگاوی تر به‌ره‌وپێشه‌وه بچین”.
سه‌باره‌ت به دۆسیای ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانییان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و كورد له سووريا، باسى سستبوونی ئه‌و هاوپه‌یمانییه و ده‌ركه‌وتنی ئه‌و سستییه له سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا و گله‌ییه‌كانیان له كورد، به‌ڕێزیان ڕایگه‌یاند:
“گه‌ر سه‌یری مێژوو بكه‌ین هه‌ر له ساڵی 1991ه‌وه ئه‌مه‌ریكا به‌شێكی سه‌ره‌كی بووه له پاراستنی هه‌رێمی كوردستان كه ناوچه‌ی دژه‌فڕینیان دروست كرد، ئه‌مه‌ریكا به‌شێكی سه‌ره‌كی بوو. جه‌نابیشت ده‌زانی ئه‌و كاره به‌بێ ئه‌مه‌ریكا نه‌ده‌كرا. ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا و هاوپه‌یمانانی تر، فه‌ره‌نسا، ئه‌مانه پشتيوانی سه‌ره‌كی بوون بۆ پاراستنی هه‌رێمی كوردستان له‌و كاته‌دا. ئه‌گه‌ر سه‌یری هه‌موو ئه‌و قۆناغانه بكه‌ین، ده‌بینین ئه‌مه‌ریكا پاڵپشتێكی سه‌ره‌كی بووه. ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانانی تر له ئه‌ورووپا له پرسی شه‌ڕی دژی داعشدا ئه‌گه‌ر یارمه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و عێراقیان نه‌دابا، نه‌ده‌زانرا دۆخه‌كه چییه! ئێمه به سوپاسه‌وه سه‌یری ڕۆڵی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانانی له ئه‌ورووپا و ئه‌و هاوپه‌یمانانه ده‌كه‌ین كه به ڕاستی یارمه‌تیی ئێمه‌یان داوه. ئێستاش له هه‌رێمی كوردستان وه‌ك به‌شێك له عێراق ده‌بینین ڕێككه‌وتنێكی ستراتیژی له‌نێوان ئه‌مه‌ریكا و عێراقدا هه‌یه و زۆر ده‌رفه‌ت هه‌یه بۆ هه‌رێمی كوردستان كه له چوارچێوه‌ی ئه‌و ڕێككه‌وتنه ستراتیژییه‌دا بتوانێت سوود ببینێت و بتوانێت ڕۆڵی هه‌بێت. كه‌واته ده‌مه‌وێ ئه‌وه بڵێم كه ڕۆڵی ئه‌مه‌ریكا تا ئێستا ڕۆڵێك بووه ده‌یه‌وێ هانی هه‌ردوولامان بدات بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان له ناوخۆ وه‌ك هه‌رێمی كوردستان، به‌رده‌وامیش هانی ئێمه ده‌دات بۆ گفتوگۆ و دایه‌لۆگ و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا، له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا هیچ نه‌گۆڕاوه. ئه‌وه‌ی كه ده‌بینرێ هه‌ندێك جار ئه‌مه‌ریكا هه‌ندێك سستی پێوه دیاره، پێموایه سه‌رقاڵییه، مه‌سه‌له ئه‌وه‌یه ئه‌وله‌ویاتیان زۆره ئێستا، ئه‌مه پرسى ئۆكراینایه و پرسى چينه و چه‌ندين پرسى دیكه‌ی گه‌وره هه‌یه كه ئه‌مه‌ریكایان سه‌رقاڵ كردووه. ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌بێت ئێمه نابینین به ڕاستی گۆڕانكارییه‌كى زۆر گه‌وره له سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكادا به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان و به‌رامبه‌ر به عێراق هه‌بێت”.
سه‌باره‌ت به داواكارییه‌كانی ئه‌مه‌ریكاش له هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت له پرسى یه‌كگرتنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه و چه‌ند داواكارییه‌كی دیكه، به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد: “
له پرسی هێزی پێشمه‌رگه‌دا پێموایه گله‌ییه‌كانیان زۆر هه‌ق و ڕه‌وان له یه‌كێتی و پارتی، چونكه كێشه‌ی ئه‌وه‌ی كه ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت و ئه‌و هاوپه‌یمانانه‌ی كه له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكان، ئه‌ڵمانیایه، فه‌ره‌نسایه، ئیتاڵیایه، ئه‌م وڵاتانه هه‌موو ئه‌وه‌ی كه ده‌یانه‌وێ چییه؟ ده‌یانه‌وێ پێشمه‌رگه هه‌موو یه‌كگرتوو بێت و هێزی پێشمه‌رگه یه‌كگرتوو بێت. له‌م بابه‌ته‌دا گلهییيان هه‌یه له یه‌كێتی و پارتی كه وه‌ك پێویست هه‌نگاو نانێن بۆ ئه‌م پرسه و به ڕاستی تا ڕاده‌یه‌كی زۆریش گلهییيهكهیان له‌جێی خۆیه‌تی، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه نییه كه هیچ هه‌نگاو نه‌چۆته پێش، هه‌ندێك هه‌نگاو چۆته پێش، به‌ڵام هه‌نگاوه‌كان بچووكن، هه‌نگاوه‌كان سستن و ئه‌وان ده‌یانه‌وێ ئه‌م پرۆسه‌یه به شێوه‌یه‌كی باشتر و خێراتر ئه‌نجام بدرێت”.
هه‌ر ده‌رباره‌ی واده‌ی یه‌كگرتنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه، به‌ڕێزیان ڕایگه‌یاند:
“ئێمه له پرۆسهیهكداین هه‌روه‌ك باسم كرد، له پرۆسهیهكداین ده‌ستی پێكردووه و به ڕاستی ئه‌گه‌ر پرسیاره‌كه وایه به من بڵێی هیچ نه‌كراوه، من به جه‌نابت ده‌ڵێم نه‌خێر، شت كراوه، دوا كۆبوونه‌وه‌ی كه پێش دوو هه‌فته هه‌ڵسه‌نگاندنی دۆخه‌كه‌مان كرد، من وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم به گهشبينييهوه سه‌یری دۆسیه‌كه‌م كرد، چونكه بینیم هه‌ندێك هه‌نگاوی باش به‌ره‌و پێشه‌وه چووین، به‌ڵام ئایا ئێمه ئێستا گه‌یشتووینه‌ته ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه دۆستانی ئێمه و هاوپه‌یمانانی ئێمه ئه‌وانه‌ی كه پشتگیریی ئه‌و پرۆسه‌یه ده‌كه‌ن، داواى ده‌كه‌ن، گه‌یشتووین به‌و هه‌نگاوانه؟ نا، به‌ڵام به‌ره‌وپێشچوونیش هه‌یه له‌و دۆسیایهدا. ڕێكه‌وتێك نییه من به جه‌نابت بڵێم فڵانه كات، به‌ڵام هه‌ست ده‌كه‌م ئێستا پرۆسه‌كه باشتر به‌ڕێوه ده‌چێت”.
هه‌ر سه‌باره‌ت به عێراق و پێشنیازی به‌ڕێزیان بۆ دانیشتنی به‌غدا و هه‌ولێر بۆ گه‌یشتن به سیستمێكی هاوبه‌ش بۆ فیدراڵى و ئه‌و لایه‌نه‌ی پێویسته ئه‌م دانیشتنه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی گوتی:
“به ڕای من له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانانی خۆمان ئه‌وانه‌ی كه حكوومه‌تمان پێكهێناوه، ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وان گفتوگۆیه‌كی جددی بكه‌ین. له‌م پرسه‌دا ده‌بێت له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانانی خۆمان له ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌وان ده‌بێت گفتوگۆكان یه‌كه‌مجار له‌گه‌ڵ ئه‌وان بكرێت و میكانزمێكی جددی دابنرێت. له‌سه‌ر پرسی بودجه ئه‌گه‌ر به كوردییه‌كه‌ی بڵێم ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی له‌ڕووی دارايييهوه به‌غدا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌یكات، له هیچ فیدراڵیه‌تێكی جیهاندا شتی وا نییه، هیچ نییه. ئه‌مه بۆ گله‌یی نییه، ئه‌مه بۆ ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت ڕۆژێك دابنیشین، چونكه ئه‌مه بیست ساڵه هه‌ر ده‌ڵێین ئێمه له قۆناغى ڕاگوزهرداين و ئێستا كاتی هاتووه، ئێستا كاتی ئه‌وه هاتووه كه ده‌بێت ئه‌م كێشانه به جددی چاره‌سه‌ر بكرێن. دیسانه‌وه سه‌یركه من باسی ئه‌وه ناكه‌م كه هه‌مووی خه‌تای به‌غدایه، پێناسهيهكمان هه‌یه كه سیستمی فیدراڵی چییه؟ له‌م سیستمی فیدراڵییه، له‌وانه‌یه ئێمه له هه‌رێمی كوردستان له هه‌ندێك شت‌دا زۆر ڕۆیشتووین و له هه‌ندێك شت‌دا به‌غدا نه‌هاتۆته پێش. ده‌بێت دابنیشین و ئه‌م شتانه هه‌مووی به گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكه‌ين و به ڕاستی عێراق ببێته عێراقێكی فیدراڵی. ساڵی 2003 ئێمه به‌و به‌ڵێنانه‌وه چووینه به‌غدا، سه‌یری دۆخه‌كه بكه، له 2003ه‌وه كه ئێمه به‌شداریمان له پێكهێنانی عێراقی نوێ كردووه، له‌ڕووی سیاسییه‌وه زۆر شت نه‌گۆڕاوه بۆ هه‌رێمی كوردستان، زۆر نه‌گۆڕاوه. پێش ساڵی 2003ێش هه‌مان دۆخمان هه‌بووه ئه‌وه‌ی كه ئێستا هه‌مانه، به‌ڵام ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی كه درا و گوتیان سیستمه‌كه فیدراڵییه و ده‌بێته دیموكراسى و فیدراڵی و تا دوایی، ئه‌مانه هه‌مووی هیوابه‌خش بوون بۆ هه‌موو لایه‌كمان كه به ڕاستی ئێمه عێراقێكی نوێمان هه‌یه. عێراق ڕووبه‌ڕووی كێشه بوویه‌وه، كێشه‌ی ناوخۆیی هه‌بوو. تیرۆر گه‌وره‌ترین كێشه‌ی عێراق بوو. داعش بهڵايهكى گه‌وره بوو بۆ هه‌موومان، له هه‌رێمی كوردستان، زیاتر له دوو ملیۆن ئاواره‌مان هه‌بوو، زیاتر له هه‌زار كیلۆمه‌تر سنوورمان له‌گه‌ڵ داعشدا هه‌بوو. له هێڵی پێشه‌وه‌ی جه‌نگدا، ته‌نيا پێشمه‌رگه نزیكه‌ی دوو هه‌زار شه‌هیدمان داوه. له شوێنه‌كانی تری عێراق سوپای عێراقی و حه‌شدی شه‌عبی ئه‌مانه هه‌موویان شه‌هیدیان داوه له‌پێناو پاراستنی عێراق. ئێستا پێموایه، ئه‌وه گله‌یی نییه، ئه‌وه وه‌ك داوایه، ئێستا كاتی ئه‌وه هاتووه له‌مه‌ودوا دانیشتنێكی جددی به‌بێ موجامه‌له بكه‌ین و پێناسهيهكی دروستمان هه‌بێت بۆ فیدراڵى و چۆنیه‌تيی حوكمڕانی له عێراق”.
ده‌باره‌ی پابه‌ندنه‌بوونی لایه‌نه‌كان به ڕێككه‌وتنی سیاسی له عێراق و هه‌نگاوی دوای پێناسه‌ى سیاسی له عێراقن به‌ڕێزيان گوتی:
“ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه باسم كردن ئه‌وانه‌ی پێكهێنه‌ری حكوومه‌ت و ئه‌وانه‌ی كه پێكه‌وه ئه‌و عێراقه‌مان دامه‌زراندووه دوای ساڵی 2003، ده‌بێت دابنیشین. ئه‌گه‌ر له شوێنێك پێویسته مادده‌یه‌كی ده‌ستوور بگۆڕین با ڕێككه‌وین و بڵێین با بیگۆڕین و بزانین كه‌موكوڕييه‌كان له‌كوێ هه‌یه و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ده‌توانین دهستنیشانيان بكه‌ین و پێكه‌وه ئه‌وه‌ی پێویسته بیكه‌ین. ئه‌مه كارێكی زۆره، به‌ڵام كارێكیش نییه مه‌حاڵ بێت، چونكه بۆ؟ گه‌وره‌ترین پرسیار ئه‌وه‌یه: ئايا هه‌رێمی كوردستان به‌شێكه له عێراق یان نا؟ ئێمه هاوڵاتیی عێراقین یان هاوڵاتیی عێراقی نین؟ ئه‌م دوو پرسیاره زۆر گرنگن. ئێمه خۆمان به هاووڵاتیی عێراقی ده‌زانین و هه‌ر پێشكه‌وتنێكی هه‌ر به‌شێكی عێراقیش به پێشكه‌وتنی خۆمان ده‌زانین، ئه‌و پێشكه‌وتنه له به‌سرا ببینین دڵخۆش ده‌بین، له ئه‌نباریش ببینین، دڵخۆش ده‌بین. ده‌بێت له عێراقیش وابێت، پێشكه‌وتنی هه‌رێمی كوردستان، پێشكه‌وتنه بۆ هه‌موو عێراق. دوای ئه‌وه‌ی كه به‌سه‌ر عێراقدا هات، ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه، ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه زۆر ناسكه، دیار نییه ئێمه له عێراقدا چ سیستمێكی به‌ڕێوه‌بردنمان هه‌یه، ئه‌گه‌ر بتوانین ئه‌مه چاره‌سه‌ر بكه‌ین، كێشه‌ی بودجه چاره‌سه‌ر ده‌بێت و كێشه‌ی مووچه‌ش چاره‌سه‌ر ده‌بێت، چونكه ده‌گه‌ینه تێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش بۆ به‌رێوه‌بردنی وڵات. ئه‌مه گه‌وره‌ترین كارى لهپێشينهيه. كه چووین بۆ ئه‌ڵمانیا به‌ڕێز ڕاوێژكارى ئه‌ڵمانيا پرسیاری كرد، گوتی: چۆن ده‌توانین یارمه‌تیتان بده‌ین؟ وه‌ڵامی من ته‌نيا ئه‌وه بوو گوتم: ئێوه سیستمێكی زۆر ڕێكوپێكی فیدرڵیتان هه‌یه، جه‌نابی باڵیۆزى عێراقیش لێره دانیشتووه، یارمه‌تيی ئێمه بده‌ن چۆن ئێمه سیستمی فیدراڵی له عێراقدا جێبه‌جێ بكه‌ین”.
دواى ئه‌وه ژماره‌يه‌ك له ئاماده‌بووان پرسياريان ئاراسته‌ى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى كرد. له وه‌ڵامى پرسيارێكدا ده‌رباره‌ى هه‌بوونى نه‌خشه‌ڕێگه‌يه‌كى لايه‌نه كوردستانييه‌كان بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا، به‌ڕێزيان گوتى:
“بێگومان پێموانییه له‌سه‌ر پرسی مافی ده‌ستووریی هه‌رێمی كوردستان كێشه‌یه‌ك، یان بۆچوونێكی جیاواز له‌ناو لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستاندا به هه‌موو پێكهاته‌كانه‌وه هه‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه په‌نا به خوا ئه‌گه‌ر ئێمه گه‌یشتینه لێكگه‌یشتن یان ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ به‌غدا، بێگومان ئێمه له‌ناو خۆماندا نهخشهڕێگهیهكمان ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه.
له وه‌ڵامى پرسيارێكى ديكه‌دا سه‌باره‌ت به باسى لاوازبوونی پشتگیریی ئه‌مه‌ریكا له هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێزيان گوتى
“ئه‌مه‌ریكا عێراق چۆن ده‌بینێت؟ ئه‌مه‌ریكا ئه‌و جیاوازییه‌ی نییه له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراقدا. ئه‌مه‌ریكا هه‌ميشه جه‌ختى له‌سه‌ر كردۆته‌وه كه بۆ ئه‌وان یهكپارچهیيی خاكی عێراق، له‌ناو عێراقیش هه‌رێمێكی به‌هێز گرنگه كه بتوانێت یارمه‌تيی خۆی بدات و بتوانێت یارمه‌تیی عێراق بدات. من بۆ خۆم نابینم له سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكادا سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته هیچ گۆڕابێت، به‌ڵام بۆ پرسی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، پێویستیمان به ده‌ره‌وه نابێت. له‌وانه‌یه پێویستیمان به‌وه هه‌بێت له‌ڕووی ته‌كنیكییه‌وه یارمه‌تیمان بده‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه ئێمه ده‌بێت خۆمان كێشه‌ی خۆمان چاره‌سه‌ر بكه‌ین. ئێمه خۆمان وه‌ك یه‌ك ماڵ ده‌بێت له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ دابنیشین له به‌غدا و ئه‌و كێشانه‌ی هه‌یه چاره‌سه‌ریان بكه‌ین، چونكه ئێمه ئاینده‌یه‌كی هاوبه‌شمان پێكه‌وه هه‌یه، ماده‌م وایه پێش ئه‌وه‌ی ئێمه داوا له ئه‌مه‌ریكا یان هه‌ر لایه‌نێك بكه‌ین، ده‌بێت خۆمان دابنیشین و ئه‌و كاته گه‌ر پێویست بوو داوا بكه‌ین ئه‌مه‌ریكا یان هه‌ر لایه‌نێك پشتگیریمان بكات.
له وه‌ڵامى پرسيارێكيشدا ده‌رباره‌ى دۆخى نێوان ئيسرائيل و فه‌ڵه‌ستينييه‌كان، به‌ڕێزيان گوتى:
“بێگومان ئێمه وه‌ك ملله‌تێك و وه‌ك عێراقیش، كه‌س به‌قه‌د خه‌ڵكی ئێمه نازانێت به‌دبه‌ختی و ناخۆشيی شه‌ڕ واتا چی؟! ئه‌وه هه‌موومان ده‌زانین و وه‌ك پره‌نسيپێكى سه‌ره‌كيی مافی چاره‌ی خۆنووسین، پێموایه ئێمه به به‌رده‌وام گوتوومانه و ده‌یڵێین، ئه‌مجاره‌ش ئاشكرا بوو و هه‌تا ئه‌م شه‌ڕه‌ی كه ئێستاش بوو، به‌ڵگه‌يه بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌م كێشه‌یه به شه‌ڕ چارسه‌ر ناكرێت. ده‌بێت ئه‌م كێشه‌یه به ئاشتی چاره‌سه‌ر بكرێت. ده‌بێت به گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكرێت و مافی گه‌لی فه‌له‌ستینه كه ده‌وڵه‌تی خۆیان هه‌بێت. ئه‌وه مافێكه و مافێكی ته‌واوه. ئه‌گه‌ر سه‌یری ناوچه‌كه بكه‌ین، ده‌بینین فه‌له‌ستینییه‌كان مافێكی ئاسایيی خۆیانه ده‌وڵه‌تی خۆیان هه‌بێت و به ئاشتی بژین له‌و ناوچه‌یه. ئه‌وه‌ی ئێستا كراوه هه‌روه‌ك جه‌نابی سه‌ید باسی كرد، پرسی ئابڵۆقه‌ی كه ئێستا له‌سه‌ر غه‌ززه دانراوه، ئێمه هه‌موومان پێمان ناخۆشه، چونكه ده‌زانین ئه‌مه واتای چییه؟ بڕینی ئاو، بڕینی كاره‌با، بڕینی خواردن، ئه‌مه له شوێنێكه كه درێژییه‌كه‌ی چل كیلۆمه‌تره و پاناییهكهیشی ده كیلۆمه‌تره و دوو ملیۆن و سێسه‌د هه‌زار كه‌سی تێدا ده‌ژین. ئه‌مه ئه‌وێ به‌ره‌و كاره‌ساتێكی مرۆیيی گه‌وره ده‌بات. ئه‌وه‌ی ئێمه هیوادارین ئه‌وه‌یه كه به زووترین كات ئه‌م شه‌ڕه نه‌مێنێت. هیوادارین كه بۆ هیچ شوێنێك نه‌چێت، نه به‌رۆكی عێراق و نه هیچ وڵاتێكی تر نه‌گرێته‌وه.
ده‌رباره‌ى پرسيارێك له‌سه‌ر دادگه‌ى فيدراڵيى عێراق، به‌ڕێزيان گوتى:
“سه‌باره‌ت به پرسی دادگه‌ی فیدراڵی، به‌ڵێ ئێمه له زۆرێك له بڕیاره‌كانی دادگه‌ی فیدراڵی ناڕازین وه‌ك هه‌رێمی كوردستان، دادگه‌ی فیدراڵیش یه‌كێك له‌و دۆسیانه‌یه كه ده‌بێت به گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزینه‌وه و یه‌كلایه‌نانه له هه‌رێمی كوردستان ناتوانین ئه‌و كاره بكه‌ین و هه‌ر تێبینییه‌كمان هه‌یه له‌سه‌ر پرسی دادگه‌ی فیدراڵی، ده‌بێت له‌گه‌ڵ برایانمان به گفتوگۆ چاره‌سه‌ریان بكه‌ین.
له وه‌ڵامى پرسيارێكدا ده‌رباره‌ى توركيا، به‌ڕێزيان گوتى:
“سه‌باره‌ت به توركیا، ئه‌و پرهنسيپهى سه‌باره‌ت به ئێران هه‌یه، هه‌مان پره‌نسيپ بۆ توركیاش هه‌یه، به‌ڵام جیاوازه، زۆر جیاوازه. جیاوازییه‌كه‌ی له‌وه‌دایه كه ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی زۆر باشتر له په‌كه‌كه ڕێزی دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێمی كوردستان ده‌گرن و زۆریش به‌په‌رۆشن كه نه‌هێڵن كێشه‌ی گه‌وره بۆ هه‌رێمی كوردستان دروست ببێت. زۆر به‌داخه‌وه په‌كه‌كه ئه‌و بۆچوونه‌ی نییه. په‌كه‌كه به‌شێكه له كێشه‌یه‌كی زۆر گه‌وره و سه‌رئێشه‌یه‌كی گه‌وره بۆ هه‌رێمی كوردستان و بۆ عێراق له هه‌موو شوێنێك.”
له وه‌ڵامى پرسيارێكى ديكه‌دا ده‌باره‌ی هه‌وڵى عێراق بۆ پاراستنی ئاسايشى ئێران، به‌ڕێزيان گوتى:
“پێموایه وه‌ك پره‌نسيپ عێراق جددییه له‌وه‌ی كه عێراق نابێت ببێته گۆڕه‌پانی تێكدانی ئاسايش بۆ هیچ وڵاتێك، عێراق له‌وه‌دا جدییه، عێراق ده‌یه‌وێ به ئاشتى و بێ كێشه له‌گه‌ڵ دراوسێكانی بژیت و ئه‌مه سیاسه‌تی ئاشكرای عێراقه له‌مباره‌یه‌وه. ئینجا ئه‌مه به‌ڕی من هه‌م بۆ توركیا هه‌یه و هه‌م بۆ ئێرانیش هه‌یه وه‌ك پره‌نسيپ. ئێمه به ڕاستی ئه‌مه‌مان دیوه و ده‌بێت لێره‌دا ئه‌مه بڵێم. ده‌بێ سوپاسێكی تایبه‌تیی ڕۆڵی جه‌نابی قاسم ئه‌لئه‌عره‌جی بكه‌م وه‌ك ڕاوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له عێراق، خۆی و تیمه‌كه‌ی و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و له‌گه‌ڵ وه‌زیری ناوخۆ له هه‌رێمی كوردستان كه به‌رپرسیاری ئه‌و دۆسیایهیه، كار ده‌كه‌ن. بێگومان ده‌بێت سوپاسی وه‌زیری ناوخۆی خۆشمان بكه‌ین له‌و بواره‌دا زۆر به جددی له‌سه‌ر ئه‌م دۆسيايه كاریان كردووه و هه‌وڵی جددیشان داوه كه ئه‌م كێشه‌یه چاره‌سه‌ر بكرێت.”
له وه‌ڵامى پرسيارێكى ديكه‌دا ده‌رباره‌ى به‌پارێزگابوونى هه‌ڵه‌بجه و هه‌وڵه‌كانى پێشووى به‌ڕێزيان له‌مباره‌يه‌وه، گوتى:
“سه‌باره‌ت به پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه، جاری یه‌كه‌م ده‌ستخۆشی له خاتوون (قايمقامى هه‌ڵه‌بجه) ده‌كه‌م بۆ هه‌موو ئه‌و كارانه‌ی كه له هه‌ڵه‌بجه ده‌یكه‌یت. به ڕاستی ده‌ستخۆشیت لێده‌كه‌م و دهشتناسم، ئه‌و كارانهيش كه بۆ هه‌ڵه‌بجه ده‌یكه‌ی، جێی شانازیيه. بێگومان بۆ من شه‌ره‌فێكی گه‌وره بوو ئه‌و بیرهێنانهوهيه، به‌ڵێ له كابینه‌ی پێشتر له‌گه‌ڵ برای خۆشه‌ویستم كاك قوباد ئێمه پێكه‌وه ئه‌و كاره‌مان كردووه و نه‌ك ته‌نها ئه‌وه‌نده ده‌هێنێ كه ئێمه بچینه به‌غدا، به‌ڵێ دڵنیات ده‌كه‌مه‌وه ئێمه ئه‌و مه‌سه‌له‌یه به جددی وه‌ریده‌گرین و ده‌بێته یه‌كێك له ئه‌وله‌ویه‌ته سهرهكييهكانمان بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا و په‌نا به‌خوا بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه.