ســه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ‌ باڵيۆزى ئه‌ڵمانيا كۆبووه‌وه‌

ســه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ‌ باڵيۆزى ئه‌ڵمانيا كۆبووه‌وه‌

به‌يانيى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2023/10/9 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ خاتوو كريستيانه‌ هۆمان باڵيۆزى نوێى ئه‌ڵمانيا له‌ عێراق و شاندێكى ياوه‌رى كرد كه‌ له‌ ژماره‌يه‌ك لە ديپلۆماتكار و پله‌دارانى سه‌ربازى پێكهاتبوو.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى وێڕاى به‌خێرهينان، پيرۆزباييى ده‌ستبه‌كاربوونى له‌ باڵيۆزى نوێى ئه‌ڵمانيا كرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست، هه‌روه‌ها هه‌ردوولا خۆشحاڵييان به‌ ئاستى په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌ڵمانيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و باسيان له‌ فراوانكردنى زياترى بواره‌كانى په‌يوه‌ندى و هاريكاريى هاوبه‌ش كرد.

هه‌ردوولا باشتربوونى دۆخى ئه‌منيى عێراقييان به‌ گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م دا، به‌ڵام دووپاتيان كرده‌وه‌ كه‌ هێشتا داعش مه‌ترسييه‌كى ڕاسته‌قينه‌يه و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسايش و سه‌قامگيرى ده‌كات، بۆيه‌ ده‌بێ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى به‌رده‌وام بن. هه‌ر له‌مباره‌يه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى ئه‌ڵمانياى كرد بۆ پشتيوانيى سه‌ربازى و مرۆيى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان.

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، دۆخى سياسيى عێراقيان تاوتوێ كرد و هه‌ردوولا له‌سه‌ر پێويستى و گرنگيى جێبه‌جێكردنى سيستمى فيدراڵى له‌ عێراق هاوڕا بوون. له‌مباره‌يه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ بۆ سه‌قامگيرى له‌ عێراق ده‌بێ سيستمى فيدراڵى به‌ دروستى جێبه‌جێ و جێگير بكرێت.

فراوانكردنى ئاڵوگۆڕى بازرگانيى ئه‌ڵمانيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، هه‌وڵدان بۆ فره‌چه‌شنكردنى سه‌رچاوه‌كانى داهات له‌ عێراق و دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، لايه‌نێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

ســه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ‌ باڵيۆزى ئه‌ڵمانيا كۆبووه‌وه‌
Top