گرنگی پلاتفۆرمی (ئی- ڕیزبەندی)

گرنگی پلاتفۆرمی (ئی- ڕیزبەندی)

سەركردە و شۆڕشگێری روحی هیندی (غاندی) دەڵێ" هەوڵدان و كاركردنی بەدڵ تۆوی سەركەوتن دەچێنن و بەرهەمەكەی بەدەست دەهێنن لە پاشەڕۆژ".
لە چەند ڕۆژی ڕابردوو وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كابینەی نۆیەم لە هەنگاو و كردارێكی ناوازە و بێ وێنە و نوێدا پلاتفۆرمی(ئی-ڕیزبەندی) ڕاگەیاند، كە بریتییە لە پۆلین بەندی ناوەندەكانی خوێندنی حكومی لە چوارچێوەی پڕۆژەی بونیادنانی تواناكان كە ستاندارد بۆ قوتابخانە و بەرێوەبەر و یاریدەدەر و ڕێنمایكاران و مامۆستایانی دیاری كردووە، لە ئێستادا ئەم پلاتفۆرمە بەردەستە و هەموو كەسو كار و بەخێوكارانی قوتابیان دەتوانن لە ڕێگەی ئەو پلاتفۆرمە ئاستی باخچە و قوتابخانەی منداڵەكانیان بزانن. كە بەسەر چوار ئاست دابەشكراوە بەم شێوەیە:
-ئاستی یەكەم لە نمرەی (25 دەست پێ دەكات تا نمرەی 44).
-ئاستی دووەم لە نمرەی(45 دەست پێ دەكات تا نمرەی 62).
-ئاستی سێیەم لە نمرەی(63 دەست پێ دەكات تا نمرەی 81).
- ئاستی چوارەم لە نمرەی(82 دەست پێ دەكات تا نمرەی 100).
هەر لەم ڕێوڕەسمەدا بڕوانامەی سوپاس و ڕێزلێنان بەخشرا ئەو قوتابخانە و باخچانەی كە ساڵی خوێندنی ڕابردوو(2022-2023) ئاستی چوارەمیان بەدەست هێنا بوو.
ڕاگەیاندنی ئەو پلاتفۆرمە بەهەموو وردەکاریەکەوە دەست کەوتێکی گرنگی وەزارەتی پەروەردەیە کابینەی نۆیەم شایانی سوپاس و ستایش کردنە بۆ وەزارەتی پەروەردە و تایبەت جەنابی وەزیری پەروەردە بۆ هەوڵ و ماندوبونی بەردەوام و بەدەست هێنانی ئەو ئامانجە گرنگە پەروەردەییە .
کە خۆی لە خۆیدا ئەو پرۆسەیە، پرۆسەی چاكسازی و دادپەروەری و بەرەوپێشبردن و پەرەپێدان و كێبڕكێیە لە كۆی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن نێوان باخچە و قوتابخانە حكومییەكان كە بە كۆمەڵێ ستاندارد پاڵپشتی كراوە، لە پڕۆژەی بنیاتی تواناكان بە هەماهەنگی ئەنجومەنی ڕۆشنبیری بەریتانی و یەكێتی ئەوروپا لە بوارەكانی (زانین)و(كارامەیی)و(بەها و ڕەفتارەكان) جێ بەجێ دەكرێت.
ئەنجامی ئەو هەڵسەنگاندنانە لە ڕێگای سەردانی كردنی چەند لیژنەیەك بووە لە سەرپەرشتیاران بۆ قوتابخانەكان، دوا لیژنەی سەردانی كردن و پێداچوونە بە هەڵسەنگاندن لە هەمان پارێزگای قوتابخانەكان نەبووە واتە لیژنەی سەرپەرشتیاری لە پارێزگایەک سەردان و بەدواداچوون و هەلسەنگاندنی کردووە بۆ قوتابخانەکانی پارێزگایەکی تر ئەوەش زیاتر دڵنیایی و دادپەروەری و ڕاستاندنی دروستی هەڵسەنگاندنەكان دەردەخات.
بە دڵنیایی هەڵسەنگاندنی باخچە و قوتابخانەكان بە پرۆسەیەكی هەرە گرنگ و پێویستی دەبینم لە پێناو خزمەت گەیاندنی گشتی و ئامانجی هاوبەش و دیاری كردنی ئاستەكان و دەست نیشان كردنی خاڵی لاواز و بەهێز و لایەنی كەمتەرخەم و داهێنەر لە كۆی كاراكتەرەكانی ئەو هەڵسەنگاندنە و پەڕەپێدانی تواناكان و كاریگەری قوتابخانە لە سەر كۆی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن و كۆمەڵگە بە گشتی، لەگەڵ ئەوانەش دا بەر ئەنجامی ئەو هەڵسەنگاندنانە متمانەیەكی زیاتر دەبەخشێ بە پرۆسەكە لەلایەن خانەوادەی قوتابیان و كۆمەڵگە بە گشتی، هەروەها ڕوونی و شەفافیەتی پرۆسەكە دەردەخات لەلایەكی ترەوە كێبڕكێ و هەوڵدانی زیاتر و داهێنانی بەردەوام لەلایەن قوتابخانەكانەوە دێنێتە ناو پرۆسەكە و بەرپرسیاریەتی نیشتمانی و پەروەردەیی و ویژدانی دەكاتە سەر مەشقی كاركردنی بەردەوام و مكوڕبوون لە سەر بەدیهێنانی ئامانجەكان و بەدەست هێنانی بەرهەمی زیاتر و بونیادنانی تاكێكی وشیار و بە ئاگا و زیندوو لە ئەنجامی كاركردنی بە دڵ بەیەكەوە، كە بێگومان ئەوەش پاشە ڕۆژی پڕشنگدار مسۆگەر دەكات بۆ پرۆسەكە.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top