فەرهاد محەمەد ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان:   خیانەتی ناوخۆیی نەبووایە هێزی پێشمەرگە دەیتوانی ئاكامی ڕیفراندۆم جێبەجێ بكات و بەرگری لە كوردستانیش بكات

فەرهاد محەمەد  ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان:     خیانەتی ناوخۆیی نەبووایە هێزی پێشمەرگە دەیتوانی ئاكامی ڕیفراندۆم جێبەجێ بكات و بەرگری لە كوردستانیش بكات

 

 

فەرهاد محەمەد، ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و سەرنووسەری گوڤاری گوڵانە و ئەندامی لێژنەی ڕاگەیاندنی هەڵمەتی بانگەشەكانی پرۆسەی ڕیفراندۆم بووە، لە گفتوگۆی ئەم جارە (ڕیفراندۆم و هەڵوێستی نێودەوڵەتی) بەم جۆرە بیر و بۆچوونەكانی خۆی خستە ڕوو.

 

ساڵی 2014 تیرۆریستانی داعش سەریان هەڵدا و لە ناوەڕاستی هەمان ساڵدا خەلافەتی ئیسلامییان لە مووسڵەوە ڕاگەیاند، هەروەها هەر لەو ساڵەدا كە ڕووسیا كریمای لكاند بە خۆیەوە، ڕاپۆرتی كۆنفڕانسی میونشن بۆ ئاسایشی نێودەوەڵەتی كە لە شوباتی ساڵی 2015 بە ناونیشانی «لەبەریەك هەڵوەشانەوەی سیستمی جیهانی، دەستەوەستانی، پارێزەرانی»بڵاو كرایەوە. ئەم ناونیشانە ئاماژە بوو بۆ ئەوەی كە چیدیكە ئەو سیستمە جیهانییە نەما، كەپێی دەگوترێت «سیستمی نوێی جیهان و جیهانی یەكجەمسەری»، هەروەها توانای بەرگریكردنیش لەو سیستمە نەماوە، لەبەر ئەوەی ئەوانەی بە پارێزەری ئەو سیستمە لە قەڵەم دەدران، خۆیان سیستمەكە پێشێل دەكەن، كە مەبەستی ڕووسیایە بە داگیركردنی هەرێمی كریمای ئۆكرانیا و لكاندی بە خۆیەوە.

هەر لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە كراوە، ئەو ڕووداوانەی لە ساڵی 2014 ڕوویان دا، هیچ كەسێك پێشتر مەزندەی بۆ نەكردووە، كە ڕووشیان داوە، هیچ دەوڵەتێك توانای بڕیاردانی نەبووە، لەمەشدا مەبەستی لەوەیە كاتێك ڕووسیا بە هێزی سەربازی كریمای لكاند بە خۆیەوە و كاتێكیش تیرۆریستانی داعش خەلافەتی ئیسلامییان لە مووسڵ ڕاگەیاند، لە هەردوو ڕووداوەكەدا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی توانای بڕیاردانی نەبوو، تا ئەو كاتەی قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگە لە مەخموور و زومار ئەفسانەی تیرۆریستانی داعشی بەتاڵ كردەوە.

لە ساڵی 2016ش دوو ڕووداوی گەورە ڕوویان دا، كە پێشتر هیچ كەسێك مەزندەی بۆ نەكردبوو، ئەو دوو ڕووداوەش بریتی بوون لە (سەركەوتنی ڕاپرسیی بەریتانیا بۆ دەرچوون لە یەكێتیی ئەوروپا، هەروەها دەرچوونی ترەمپ بۆ سەرۆكی ئەمریكا) سەبارەت بەم دوو ڕووداوەش دیسان ڕاپۆرتی كۆنفڕانسی میوشن لە شوباتی ساڵی 2017 بەم ناونیشانە بڵاو كراوەیە، قۆناغی دوای «نەمانی ڕاستی، دوای نەمانی ڕۆژئاوا، دوای نەمانی سیستمی جیهانی».

لە نێوان ئەم ئەم دوو بەروارەدا لە ساڵانی (2014 – 2017)، هەرێمی كوردستان دوو جار بوو بە ستەیجی ڕوودانی دوو ڕووداوی گەورەی جیهانی، كە هیچ كەس و بیرمەندێك لەم جیهانەدا مەزندەی نەكردووە، كە یەكەمیان قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگە بوو لە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش، كە جیهان و هەموو فیكری سەربازیی سوپاكانی جیهان مەزندەی ئەوەیان نەدەكرد، هێزێك لەسەر زەوی بتوانێت تیرۆریستانی داعش تێك بشكێنێت، لە دووەمیشیاندا بڕوایان نەدەكرد، سەرۆك مسعود بارزانی بتوانێت لەگەڵ گەلەكەی خۆیدا بڕیاری ڕیفراندۆم بدات و بڕیارەكەشی بە سەركەوتوویی جێبەجێ بكات، لەمەش زیاتر بتوانێت بەرگری بكات و پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی كوردستان بكات.

لەم چوارچێوەیەدا كە هەڵسەنگاندن بۆ «ڕیفراندۆم و هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی» دەكەین، دەبێت بزانین ئایا ئێمە لە ناو كام سیستمی جیهانیدا بڕیاری ڕیفراندۆممان بۆ سەربەخۆیی كوردستان داوە؟ بێگومان لە قۆناغێكدا ئەو بڕیارە بوێرانەیە دراوە كە وەك گرامشی دەڵێت «سیستمە كۆنەكە مردووە و نەماوە و هێشتا تازەكەش لەدایك نەبووە».

بۆیە كاری ڕابەر و سەركردەی مەزن، ئەوەیە لە بارودۆخی لەو شێوەیەدا ئەو دەرفەتەی دێتە پێشەوە بۆ ئەوەی بڕیاری گەورەی تایبەت بە چارەنووسی نەتەوەی تێدا بدرێت، نابێت ئەو دەرفەتە لەدەست بدرێت.

 زۆر كەس بەو شێوەیە هەڵسەنگاندن بۆ بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن، كە پێشتر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی زەمینەسازی بۆ ڕیفراندۆم نەكراوە، یان بیرمان لەوە نەكردووەتەوە، دوای ڕیفراندۆم عێراق لەشكركێشی دەكاتە سەر كوردستان، بە پێچەوانەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی سەرۆك بارزانی بە زۆربەی دەوڵەتەكانی جیهان، بە تایبەتی دەوڵەتانی هاوپەیمانی دژی داعشی ڕاگەیاندبوو، كە چیدیكە ئەو بارودۆخە قبووڵ ناكرێت، كە حكومەتی عێراق مامەڵەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان پێ دەكات، بۆیە ئەگەر ئێوە ناتوانن بڕیار بدەن و گوشار لەسەر حكومەتی عێراق دروست بكەن، ئەوا گەلی كوردستان خۆی بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی دەدات و بە ئیرادەی خۆی كێشەكانی وڵاتی خۆی چارەسەر دەكات.

سەرۆك بارزانی وەك لە كتێبی «بۆ مێژوو» زۆر بە وردی ئاماژەی پێ كردووە، هەموو ئیرادەی گەلی كوردستانی لە هەڵوێست و پشتیوانیی نێودەوڵەتی لا گرنگترە، هەربۆیە كاتێك یەكێك لە سەركردەی حزبە كوردستانییەكان لە سەرۆك بارزانی دەپرسێت: «ئایا دەتوانی شان بدەیتە بەر ئەم بەرپرسیارێتییە گەورەیە؟ سەرۆك بارزانی وەڵامی دەداتەوە و پێی دەڵێت: ئەگەر ئێوە پشتم بەر نەدەن، بەڵێ».

فاكتەرێكی دیكە كە زۆر جێگەی گرنگیپێدانی سەرۆك بارزانی بوو، باوەڕی پتەوی بوو بە قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و، دڵنیا بوو لەوەی ئەگەر پشتتێكردن و خیانەت نەبێت، ئەوا هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئەو توانایەی هەیە، هەموو هەرێمی كوردستان بپارێزێت و زەمینە بۆ ئەمرێكی واقیعی تازە لە عێراق و ناوچەكەدا بخولقێنێت، هەروەها بڕوای پتەویشی بەوە هەبوو، كە هێزە عێراقییەكان قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان بینیوە و ناتوانن بە ئاسانی هێزەكەی خۆیان لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی كوردستان تاقی بكەنەوە، ئەمەشی لە دوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 سەلماند، كە چۆن هێزی پێشمەرگەی كوردستان تەواوی هێزەكانی عێراق و ڕاویژكارەكانی حزبوڵای لوبنانی تووشی شۆك كرد لە (پردێ و سحێلا و مەحموودیە) و تێكی شكاندن.

لێرەوە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ هەڵوێستی نێودەوڵەتی بەرانبەر قەوارەی هەرێمی كوردستان و گەلی كوردستان، ئێمە ڕیفراندۆممان بكردایە، یان نەمانكردایە، ئەگەر هێزەكانی عێراق هێرشیان بكردایەتە سەر كوردستان ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەر نەیاندەتوانی هیچ بڕیارێك بدەن، ئێستاش هەر ناتوانن هیچ بڕیارێك بدەن، شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیاش باشترین بەڵگەیە كە چۆن تەواوی دەوڵەتانی ئەندامی ناتۆ دەستەوەستانن، لەمەش زیاتر زۆر جار سەرۆكی دەوڵەتێكی ئەندامی ناتۆ دەچێت داوا لە فلادمیر پوتین دەكات، بۆ ئەوەی ڕێگە بە دانەوێڵەكەی ئۆكرانیا بدرێت، بۆ ئەوەی هەناردەی بكات بۆ دەرەوە.

 

Top