سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازیى له جەنەراڵ جۆول ڤاوڵ فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و شاندێکی یاوەری کرد.
مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازیى له جەنەراڵ جۆول ڤاوڵ فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و شاندێکی یاوەری کرد.
له کۆبوونەوەکەدا کە مارک سترۆ کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەیی بوو، دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و سوریا تاوتوێکرا.
تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەبارەی پرۆسهی چاکسازی له وهزارهتی پێشمهرگه و هەنگاوەکانی یهکخستنهوهی هێزەکانی پێشمهرگه و ڕێکخستنەوەی پێکهاتەکانی، لهمبارهیهوه سەرۆکی حکوومەت جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوون و خێراکردنی پرۆسەکە و پابەندبوون بە جێبەجێکردنی کارنامەی کابنیەی نۆیەم لە بواری ڕێکخستن و یەکخستنی پێشمەرگە و دوورخستنەوەی وەزارەت لە هەر دەستوەردانێکی حزبی و بەرژەوەندییەکی کەسیی کردەوە.
هەروەها ئاماژەی بەو دەنگۆیانە دا کە گوایە کێشە لە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا هەیە و رای گەیاند کە پێویستە دەستوەردانی شەخسی و حزبی لە وەزارەت دوور بخرێتەوە و ڕێگری لە هەوڵەکانی سەرۆک وەزیران نەکرێت لە دانانی وەزیرێک کە توانایی جێبەجێکردنی کارنامەی حکوومەتی هەبێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بیروڕا دەربارەی بارودۆخی سوریا و بە تایبەتی ئاڵۆزییەکانی دەڤەری دێرئەززۆر و ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە ئاڵوگۆڕ کرا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و ئاشتی کۆمەڵایەتی و تەبایی نێوان کورد و عەرەب و پێکهاتەکانی ناوچەکە.