خوێندنەوەیەك بۆ بەرگی شەشەمی كتێبی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد نووسینەوەی مێژوو دەروازەیەكە بۆ شرۆڤەكردنی داهاتوو

خوێندنەوەیەك بۆ بەرگی شەشەمی كتێبی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد نووسینەوەی مێژوو دەروازەیەكە بۆ شرۆڤەكردنی داهاتوو


به‌شی یه‌كه‌م
ئەو مێژووەی لە بەرگی شەشەمی «بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد»خراوەتە ڕوو، هەستیارترین قۆناغی مێژووی كوردستان و عێراقی هاوچەرخ دەگرێتەوە كە ساڵانی 2002- 2016 بووە، لە ماوەی ئەم 14 ساڵەی مێژووی كوردستان و عێراقدا، بۆ یەكەمین جارە هەرێمی كوردستان دەبێتە بەشێك لە هاوپەیمانیی بۆ دوو شەڕی گەورەی نێودەوڵەتی كە بریتین لە:
1. لە ساڵی 2002 و دوای گرێدانی كۆنگرەی لەندەنی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی و پاشانیش ڕازینەبوونی دەوڵەتانی دراوسێی عێراق بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەمریكا و بەریتانیا ببنە هاوپەیمان بۆ ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن، دەرفەتێكی زێڕین بۆ هەرێمی كوردستان دێتە پێشەوە، بۆ ئەوەی ببێتە بەشێك لەو هاوپەیمانییە و بەشدار بێت لە شەڕی ڕووخانی ڕژێمی بەعس، كە لە بەرەبەیانی 20ی ئاداری 2003 دەستی پێ كرد و ئێوارەی هەمان ڕۆژ سەرۆك بارزانی لەسەر قەڵای هەولێر ئاگری نەورۆزی كردەوە.
2. لە ساڵی 2014 و دوای ئەوەی تیرۆریستانی داعش مووسڵیان گرت و خەلافەتی ئیسلامیان ڕاگەیاند و، 11 فیرقەی سوپا و فیرقەیەكی پۆلیسی عێراق خۆیان دا بە دەستەوە و چەكەكانیان ڕادەستی تیرۆریستانی داعش كرد، بەمەش تیرۆریستان گەیشتنە حاڵەتی غرووری و بە ئاسانی چەند پارێزگایەكی دیكەشیان داگیر كرد و گەیشتنە دەروازەكانی بەغدا، ئیدی تیرۆریستانی داعش بوون بەو ئەفسانەی كە هێزێكن لەسەر زەوی لە شكان نایەن، بەڵام كاتێك لە سەرەتای ئابی 2014 ئاراستەی هێرشەكەیان گۆڕی بۆ سەر هەرێمی كوردستان، هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە یەكەم هێرشی پێچەوانەدا توانییان مەخموور ئازاد بكەنەوە و لە بەرەی شەڕی ڕۆژئاوای دیجلەش هێزی پێشمەرگە توانییان پێشڕەوییەكانی تیرۆریستان ڕابگرن و پردی سحێلا بپارێزین، ئەم قارەمانییەی هێزی پێشمەرگە جیهانی ڕاچڵەكاند و ئومێدی دروست كردەوە، بۆ هۆكاری ئەوەی هەر لە هەفتەی یەكەمی ئابی 2014، جۆزیف بایدن (جێگری ئەو كاتی سەرۆكی ئەمریكا) پەیوەندی بە سەرۆك بارزانی بكات و ئامادەباشیی وڵاتەكەی پیشان بدات، بۆ ئەوەی بە هێزی ئاسمانی هاوكاریی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكات، ئەم قارەمانییەی پێشمەرگە وای كرد، دەوڵەتانی جیهان بیر لە دروستكردنی هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتی بكەنەوە كە لە 11ی ئەیلوولی 2014 لە چوارچێوەی بڕیارێكی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی «هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی تیرۆریستانی داعش»، بە سەرۆكایەتیی ئەمریكا ڕابگەیەنێت و 58 دەوڵەتیش ئەندامی ئەو هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییە بوون، یەكەم ناوچەش كە سەركەوتنی شەڕی بەسەر تیرۆریستانی داعش تێدا ڕاگەیەندرا، هەرێمی كوردستان بوو كە لە كانوونی یەكەمی 2016 سەرۆك بارزانی لە میحوەری باشیك پەیامی سەركەوتنەكەی بە جیهان ڕاگەیاند.
لە نێو ئەم دوو شەڕە گەورەیە «شەڕی ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن لە 2003 و شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش لە 2014» سەرۆك بارزانی هەوڵی داوە، لەم كتێبەدا نەخشەیەكمان بخاتە بەردەست، چۆن هەنگاو بۆ داهاتوو و داكۆكیكردن لەسەر چارەنووسی گەلی كوردستان هەڵبگرین و پێمان دەڵێت:
1. دوای پشتیوانیی خوا، دەبێت پشت بە ئیرادەی گەل و نەتەوەی خۆمان ببەستین و ئەگەر ئیرادەی گەل و نەتەوەی خۆمانمان لەگەڵ بێت، هیچ دوژمنێك ناتوانێت ئەو ئیرادەیە بشكێنێت.
2. دەبێت زۆر بوێرانە و بە ڕاشكاوی لە خەباتی دیپلۆماتیدا، پێداگری لەسەر ماف و سنووری خاكی كوردستان بكەینەوە و، بارودۆخ چەند ئاڵۆز و سەخت بێت، ناكرێت سازش لەسەر مافی گەل و نەتەوە و جوگرافیای كوردستان بكەین.
3. ئەو ڕێككەوتنانەی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان پێش ڕووخانی ڕژێم و دوای ڕووخانی ڕژێم دەكرێن و تەنانەت ئەوانەشی لەگەڵ دەوڵەتە گەورەكان دەكرێت بۆ نموونە ئەمریكا، هەرگیز ئەو ڕێككەوتنانە وەك ئەوە جێبەجێ ناكرێن كە ئیمزایان لەسەر كراوە، بۆیە گرنگە بەردەوام پشت بە ئیرادەی خۆمان ببەستین و بە ئیرادەی خۆمان داكۆكی لەو بڕگە و بابەتانە بكەین كە پەیوەندی بە ماف و چارەنووسی ئایندەی هەرێمی كوردستانەوە هەیە.
4. هەتا ئاسۆیەك بۆ مافەكانی گەل و نەتەوە و چارەنووسی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان دەرنەكەوێت، ناكرێت گەلی كوردستان خۆی تێكەڵاوی هیچ پڕۆژەیەكی چارەنووس نادیار بكات، هەر بۆ نموونە:
پێش ئەوەی هەرێمی كوردستان ببێتە بەشێك لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن، سەرۆك بارزانی پێداگری لەسەر ئەوە كرد، كە دەبێت ئۆپۆزسیونی عێراقی لەسەر سیستمی حوكمڕانی عێراقی دوای سەدام حوسێن ڕێك بكەون و بزانن هەنگاو بەرەو كام سیستمی حوكمڕانی هەڵدەگیرێت، ئەوەی پێی دەگوترێت «عێراقی نوێ»، سەرەنجام ئەمریكا و بەریتانیاش كە لە ساڵی 2002 گەیشتنە قەناعەتی تەواو بۆ ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێن، هەستیان كرد پێویستیان بە سێ هەنگاوە كە ئەوانیش بریتی بوون لە «ڕازیكردنی ڕای گشتیی وڵاتەكەیان، فراوانكردنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، گرێدانی كۆنگرەیەك بۆ ئۆپۆزسیونی عێراقی و ڕێككەوتن لەسەر سیستمی حوكمڕانی دوای ڕژێمی بەعس»، ئەم كۆنگرەیە كە بە كۆنگرەی لەندەن ناسراوە و سەرۆك بارزانی ڕۆڵی هەرە دیاری لە سەرخستنی ئەم كۆنگرەیە گێڕاوە، نەخشە ڕێگەیەكی لەناو ئۆپۆزسیۆنی عێراقدا گەڵاڵە كرد، كە دەبێت عێراقی داهاتوو «عێراقێكی فیدڕاڵی و دیموكراتی و پەرلەمانی و فرەیی» بێت، ئەمەش كرایە مەرج هەر لایەنێكی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی ئەم ڕێككەوتنە ئیمزا نەكات، ئەوا نابێتە ئەندامێك لە سەركردایەتیی ئۆپۆزسیۆنی عێراق و دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن بەشداری لە بونیادنانەوەی سیستمی حوكمڕانیی عێراقی پێ ناكرێت.
سەرۆك بارزانی لەم كتێبەدا پێمان دەڵێت: ئەوەی لە كۆنگرەی لەندەن بۆ دوای ڕووخانی ڕژێم بڕیاری لەسەر درابوو و ئەمریكا بەڵێنی بە لایەنەكانی ئۆپۆزسیونی عێراقی دابوو، كە دوای ڕووخانی ڕژێم، ئەمریكا وەك لایەنێكی ڕزگاركردنی عێراق لە دیكتاتۆریەت، هاوكاریی عێراقییەكان دەكات بۆ دووبارە بونیادنانەوەی وڵاتی خۆیان و سەروەریی وڵات ڕادەستی عێراقییەكان دەكاتەوە، بەڵام دوای نزیكەی 45 ڕۆژ لە پرۆسەی ئازادكردنی عێراق، ئەمریكا لە 22ی ئاداری 2003 و بە بڕیاری 1483ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی خۆی لە «ڕزگاركەرەوە گۆڕی بۆ داگیركەر»، سەرۆك بارزانی لەسەر ئەم وەرچەرخانە لە ناكاوەی ئەمریكا بۆ داگیركەر، ئاماژەی بە قسەیەكی شەهید سامی عەبدولڕەحمان كردووە كە گوتوویەتی «ئەم هەنگاوەی ئەمریكا لەو كەسە دەچێت كە باوكی خۆی بكوژێت، بۆ ئەوەی سوێند بە قەبرەكەی بخوات».
دوای بوونی ئەمریكا بە هێزێكی داگیركەر، «پۆل بریمەر»ی بە حاكمی مەدەنیی عێراق دەستنیشان كرد، كە كەسێكی كەم ئەزموون و ناشارەزا بوو بە مێژوو و كەلتووری كوردستان و عێراق، داوای یەكەمین كۆبوونەوەی لەگەڵ سەركردە سیاسییەكانی عێراق كردبوو، لەو كۆبوونەوەیەدا بریمەر زۆر بێباك و غروورانە قسەی كردبوو، بە سەركردەكانی ڕاگەیاندبوو «من بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیم وەك حاكمی مەدەنیی عێراق بۆ هاتووە، ئێوەش وەك سەركردە سیاسییەكان لێژنەیەك پێكبهێنن وەك ڕاوێژكار». سەرۆك بارزانی لەسەر ئەم ڕووداوە پێمان دەڵێت «بە ڕاستی ئەمە بابەتێكی چاوەڕواننەكراو و ڕووداوێكی سەیر بوو. هەموومان سەیری یەكترمان دەكرد، لە كوێ و لەچی، بۆ كوێ و بە چی گەیشتین؟ بۆیە دوای قسەكانی بریمەر گوتم: من لە شوێن و بە نوێنەرایەتیی خۆم قسە دەكەم، من ڕاوێژكاری كەس نابم. دەگەڕێمەوە هەولێر، ئەگەر جەنابت كارێكتان هەبوو، ئێمە لەوێین».
ئەم ڕووداوەی سەرۆك بارزانی لەم كتێبەدا تۆماری كردووە، تەنیا ڕووداوێك نییە لە ڕابردوو ڕوویاندابێت و كۆتایی هاتبێت، بەڵكو پێمان دەڵێت بە هۆشدارییەوە هەنگاوەكانتان بۆ داهاتوو هەڵبگرن، مەرج نییە ئەوەی ڕێككەوتنی لەسەر دەكرێت، پاشان وەك خۆی جێبەجێ بكرێت».
ڕووداوێكی دیكەی چاوەڕواننەكراو و سەیر كە دیسان سەرۆك بارزانی لەم كتێبەدا تۆماری كردوون، پرسی «پێشمەرگە»یە، پێش ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن ئەمریكا بەڵێنی دابوو «مەشق و ڕاهێنان بە هێزی پێشمەرگە بكات و پڕ چەكی بكات»، بەڵام ئەوەی سەیر و مایەی گاڵتەجاڕییە، ئەوەیە كە دوای ئەوەی بووە هێزێكی داگیركەر، پۆل بریمەر حاكمی مەدەنیی عێراق داوا لە سەرۆك بارزانی دەكات، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە بڕیارێك هەڵبوەشێنێتەوە، لە وەڵامدا سەرۆك بارزانی ئەمەی پێ دەڵێت:
یەكەم: پێشمەرگە میلیشیا نییە، جگە لە هێزەكانی ئەمریكا و بەریتانیا هێزێك دەستنیشان بكە، وەك هێزی پێشمەرگە ڕێكخراو و بە دیسپلین و ڕێكوپێك بێت.
دووەم: سوپای مەهدی و بەدر بە بڕیارێك دامەزراون و بە بڕیارێكیش هەڵدەوەشێنەوە. ئەوە پەیوەندی بە خۆیانەوە هەیە، هەڵدەوەشێنەوە، یان نا، بەڵام هۆی پێكەوە بەستنی چارەنووسی پێشمەرگە بەو چەكدارانە چییە و بۆ پێكەوەیان دەبەستیتەوە؟
سێیەم: پێشمەرگە بە خوێن و فرمێسكی گەلەكەمان دروست بووە، نەك بە بڕیاری من، یان كەسێكی تر، بۆیە پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەك هەڵناوەشێتەوە. پێشمەرگە هێمای شەرەف و كەرامەتی گەلی كوردە.
ئەم هەڵوێستەی سەرۆك بارزانی لەسەر چارەنووسی پێشمەرگە و ئایندەی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان ئەوەمان پێ دەڵێت «ناكرێت لەو مەترسییانە غافڵگیر بین كە بەردەوام لەسەر ئەم قەوارە سیاسییە هەن، كە هەندێك جار ئەم مەترسییانە لە دەرەوەی ئەو دەوڵەتانەش دێن كە بە داگیركاری كوردستان ناسراون».
دوای یەكلاكردنەوەی پرسی پێشمەرگە لە میانەی هەڵوێستە مێژووییەكانی سەرۆك بارزانی، جارێكی دیكە ئەم كتێبە لە پرسێكی دیكە ئاگادارمان دەكاتەوە كە لە پرۆسەی نووسینەوەی «یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت» ڕووی داوە، ئەویش هەوڵێك بووە لەناو پڕۆژەكەی عەدنان پاچەچی بە گۆڕینی «فیدڕاڵی لەسەر ئاستی هەرێمەكان بۆ فیدڕاڵی لەسەر ئاستی پارێزگاكان»، لەسەر ئەم ڕووداوە سەرۆك بارزانی پێمان دەڵێت «لەگەڵ مام جەلال ڕێككەوتین بۆ ئەوەی مەكتەبی سیاسی گفتوگۆی ورد لەسەر ئەو پڕۆژەیە بكەن و ڕا و سەرنجەكانمان بۆ ئامادە بكەن. دكتۆر ڕۆژیش بە مەبەستی ڕادەستكردنیان بە بریمەر سەردانی بەغدای كرد. خاڵی گرنگ بریتی بوو لەوەی كە فیدڕاڵیی پارێزگاكان لە بنەڕەتەوە ڕەت دەكرێتەوە و بە هیچ شێوەیەك قبووڵ ناكرێت، بە دكتۆر ڕۆژم ڕاگەیاند كە بە بریمەر بڵێت، ئەگەر شێوازی فیدڕاڵییەتی پارێزگاكان پەسەند بكرێت، بە هەموو شێوەیەك دژایەتی دەكەین».
یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت كە لە 8ی ئاداری 2004 ئیمزا كرا، دەكرێت بڵێین بنەما بوو بۆ نووسینەوەی دەستووری عێراق و تیایدا بەرچاوڕوونییەك بۆ چەسپاندنی سیستمی فیدڕاڵی لەسەر ئاستی هەرێمەكان و هەروەها چارەسەركردنی كێشەی كەركووك لە چوارچێوەی ماددەی 58ی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت (كە پاشان لە دەستوری عێراقدا بووە ماددەی 140)، هەر لە سەرەتاوە سەرۆك بارزانی پێداگری دەكرد كە گرنگ و پێویستە یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت كە تەنیا یاسای بنەڕەتییە بۆ بەڕێوەبردنی عێراق لە دوای ڕووخانی دیكتاتۆریەت لە بڕیارێكی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئاماژەی پێ بكرێت، وەك ئەیاد عەللاوی كە سەرۆك وەزیرانی حكومەتی ڕاگوزەر بوو، لە نامەیەكدا بۆ سەرۆك بارزانی نووسیویەتی:
حكومەتی عێراق هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی لە بڕیاری 1546ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و لە وتارەكانی (بوش و بلێر و ئەخزەر ئیبراهیم و كۆفی ئەنان)دا، باسی یاسای بەڕێوەبردنی وڵات بكرێت، بریمەر بەڵێنی داوە كە هەوڵێكی تەواو بدات لەم بارەیەوە.
حكومەتی عێراق هەوڵ دەدات لە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا بنووسرێت «عێراقی دیموكراتی فیدڕاڵی یەكگرتوو».
حكومەتی عێراق هەوڵ دەدات هەر لەو بڕیارەدا ئاماژە بە مافە ڕەواكانی گەلی كورد و مافەكانی مرۆڤ بدرێت.
سەرۆك بارزانی هەر لەسەر ئەم پرسە بەڵێنی لە غازی یاوەر (سەرۆك كۆماری ئەو كاتی عێراق) وەرگرتبوو، بەوەی كاتێك سەردانی ئەمریكا دەكات، هەوڵێكی زۆر بدات بۆ ئەوەی یاسای بەڕێوەبردنی وڵات لە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئاماژەی پێ بكرێت، بەڵام دوای گەڕانەوەی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاندبوو كە جۆرج بوش ڕایگەیاندبوو «لەبەر ئایەتوڵڵا سیستانی یاسای بەڕێوەبردنی وڵات نەخراوەتە ناو بڕیارەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی».
ئەم مێژووەی سەرۆك بارزانی لەم كتێبەدا بۆی تۆمار كردووین، جارێكی دیكە ئەو ڕاستییە دووپات دەكاتەوە كە هەموو كات هەوڵێك هەبووە بۆ ئەوەی لەسەر حیسابی مافەكانی گەلی كوردستان لایەنەكانی دیكە ڕازی بكرێن، ئەوەشی ئەم ڕاستییەی بە زاری خۆی ئاشكرا كردووە، غازی یاوەر بووە، كە ئەو كات لە قۆناغی ڕاگواستن سەرۆك كۆماری عێراق بووە.
سەرۆك بارزانی لەم كتێبەدا ڕاستییەكی زۆر تاڵی ئاشكرا كردووە و نووسیویەتی «هەرچەندە ئێمە بارودۆخی ئەمریكامان زۆر لە بەر چاو دەگرت، بەڵام بە داخەوە ئەمریكا بەو شێوەیە حیسابیان بۆ كورد نەدەكرد، بەڵێنەكانیان بەجێ نەگەیاند و بە تەواوەتی ئەو پەندە كوردییەیان جێبەجێ كرد كە دەڵێت (بەپێیەكان بگرە، بێ پێیەكان هی خۆمانن)، ئێمەش هەڵەیەكی زۆرمان كرد و دەرەفەتی باشمان لە دەست دا».
ئەم هەڵوێستەی سەرۆك بارزانی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە دوای ڕووخانی ڕژێمی دیكتاتۆریەت، هەرێمی كوردستان ڕۆڵێكی هێجگار گەورەی لە پاراستنی سەقامگیریی عێراق و دووبارە خستنەوە سەر سكەی پرۆسەی حوكمڕانی گێڕا، ئەمە لە كاتێكدا هەر دوو لایەنی عەرەبی سوننە و شیعە هاریكاری ئەمریكا نەبوون و دژایەتییان دەكرد، بەڵام زۆر جار ئەمریكا هەوڵی داوە، لەسەر حیسابی ماف و بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان ئەوانی دیكە ڕازی بكات.
هەڵەكانی ئەمریكا لە عێراق و
هەڵكشانی تیرۆر و بەرەی مقاوەمە
ئەمریكا هەڵەیەكی گەورەی كرد كە دوای كەمتر لە 45 ڕۆژ لە ڕزگاركردنی عێراق لە دیكتاتۆریەت بە بڕیارێكی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی خۆی كردە داگیركەر و پۆل بریمەری كردە حاكمی مەدەنی و ستافێكیشی لەگەڵ نارد بۆ ئەوەی عێراق بەڕێوە بەرێت. سەرۆك بارزانی لەسەر ئەم هەڵەیە نووسیویەتی: «دوای ئەوەی ئەمریكییەكان خۆیان لە هێزێكی ڕزگاركەرەوە گۆڕی بۆ هێزی داگیركەر، ماوەیەكی زۆری نەخایاند كە هێزی بچووك بچووكی تیرۆریستی سەریان هەڵدا و خۆیان ڕێك دەخست و ئەو خەڵكانەی نانبڕاو كرابوون، ئەوانیش خۆیان ڕێكخستەوە و لە مانگی حوزەیرانی 2003وە دەستیان بە جموجووڵ و چالاكی دژی هێزەكانی ئەمریكا كردەوە، كەمین و بۆمبی چێنراویان دادەنا و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراویان دەتەقاندەوە، زۆر كردەوەی تیرۆریستی دژی بارەگا حكوومییەكان و حزبە سیاسییەكان و تیرۆركردنی ئەو كەسایەتی و سەركردانەی نزیك لە ئەمریكییەكان ئەنجام دران، لە سەرەتای هاتنی ئەمریكییەكان خەڵكی باشوور بە گوڵ پێشوازییان لێ كردن، كەچی دوای ماوەیەك هەمان خەڵك بوونە دوژمنی ئەمریكییەكان و بوون بە ئامرازی كردەوە و چالاكییەكان دژی ئەمریكا و ئێرانیش زۆر بە باشی سوودی لەو دەرفەتە وەرگرت».
ئەم پەرەگرافەی سەرۆك بارزانی كە زۆر بە وردی هەڵوەستەی لەسەر كردووە، كورتبینی و كەم ئەزموونیی سیاسەتی ئیدارەی ئەمریكامان لە دوای ڕووخانی ڕژێمی دیكتاتۆریەت لە عێراقدا پیشان دەدات و، جۆرێك لە غرووری و بێباكیی ئیدارەی جۆرج دەبلیو بوشی لێ دەخوێندرێتەوە، كە لە ماوەی یەك دوو ساڵدا توانی دوو شەڕی گەورە لە ڕووی سەربازییەوە بباتەوە، كە یەكەمیان شەڕی ڕووخاندنی ڕژێمی تاڵیبان بوو لە كۆتایی ساڵی 2001 لە ئەفغانستان، دووەمیشیان شەڕی ڕووخانی ڕژێمی دیكتاتۆریەت بوو لە نیسانی 2003 لە عێراق.
سەركەوتنی سەربازیی ئەم دوو شەڕە بووە هۆكاری ئەوەی دەوڵەتانی دیكەی ناوچەكەش بە تایبەتی «سووریا و ئێران» هەست بە مەترسیی گەورە بكەن، هەر ئەمەش وای كرد كە سووریا ئاسانكاری بۆ ناردنی گرووپە جیهادییە تیرۆریستییەكان بۆ عێراق بكات، هەروەها ئێرانیش لە دوای هەڵوەشانەوەی سوپای عێراق و دامەزراوەكانی پۆلیس و ئاسایش هەوڵی دا لە ڕێگەی هاوپەیمانەكانی لەناو لایەنە سیاسییەكانی عەرەبی شیعە كۆنتڕۆلی هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس و تا ڕاددەیەك سوپاش بكات، بەڵام بە شێوەیەكی تایبەتی هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس لەبەر ئەوەی هەر لە دوای ساڵی 2005ـەوە هەتا ئێستا لە كابینەی وەزاری (وەزارەتی ناوخۆ) لای پێكهاتەی شیعە بووە، ئەم وەزارەتەیان بە هەموو شێوەیەك بۆ بەرژەوەندیی خۆیان كۆنتڕۆڵ كردووە، لەمەش زیاتر هاوشانی ئەم كۆنتڕۆڵكردنە هەر لە دوای ساڵی 2003وە، ئێران چەندین گرووپی چەكداری وەلائی دروست كردووە، كە بە ئاشكرا بانگەشە بۆ مقاوەمە و دژایەتیی ئەمریكا دەكەن.
ئیدارەی جۆرج دەبلیو بوش هەر زوو هەستی كرد كە ئەو بڕیارەی هەڵە بووە، بەتایبەتی كە هەر لە سەرەتاوە و دوای ڕاگەیاندنی «ئەنجومەنی حوكم» لە 19ی ئابی 2003 سێرجێۆڤییرا دی میلۆ نوێنەری ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە كردەوەیەكی تیرۆریستیدا تیرۆر كرا، هەروەها لە 29ی ئابی 2003 سەركردەی بەناوبانگی شیعە «محەمەد باقر حەكیم» تیرۆر كرا. ئەم دوو كردەوەیە زەنگێكی ترسناك بوون، نەك تەنیا بۆ هێزەكانی ئەمریكا، بەڵكو بۆ دۆستەكانی ئەمریكا و ئەو حكومەتەشی كە ئەمریكا بە نیاز بوو لە عێراقدا لەلایەن لایەنە سیاسییە عێراقییەكانیشەوە پێكبهێنرێت، هەر بۆیە لەگەڵ دەستپێكی ساڵی 2004 و هەوڵەكانی بۆ نووسینەوەی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت و پێكهێنانی حكومەتی قۆناغی ڕاگواستن، توانای گرووپە تیرۆریستییەكان گەیشتبووە ئەو ئاستەی چەند جارێك ئەو شوێنانە بە هاوەن بۆردمان بكەن كە لایەنە سیاسییە عێراقییەكان كۆبوونەوەیان تێدا دەكرد.
بەردەوامیی كردەوە تیرۆریستییەكان و تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێل و دانانی بۆمبی چێنراو بۆ هێزەكانی هاوپەیمانان بەگشتی و ئەمریكا بەتایبەتی، گەیشتە ئەوەی ڕای گشتیی ئەمریكا بە تەواوەتی لەو شەڕە بێزار بێت كە ڕۆژانە تەرمی ڕۆڵەكانیانیان بۆ دەهاتەوە و ئەمریكاش خۆی كردبوو بە داگیركەر، بۆیە لەناو ناوەندەكانی فیكر و توێژینەوە لە ئەمریكا ئەو پرسیارە دەورووژێندرا كە «كاتێك سەرۆك بوش دەڵێت لە عێراق سەركەوتووین، ئایا مانا و پێناسەی سەركەوتن لای سەرۆك بوش چییە؟»، لە باری واقعیشدا ئەم پرسیارە لەبەر ئەم هۆكارانە لە جێگەی خۆیدا بوو:
1. پێش دەستپێكردنی شەڕی عێراق بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی دیكتاتۆریەت، ئیدارەی ئەمریكی ڕای گشتیی ئەمریكای بەوجۆرە جۆش دابوو كە عێراق لە دیكتاتۆریەتەوە دەگۆڕێت بۆ دەوڵەتێكی ئازاد و دیموكراتی و فیدڕاڵی و عێراقییەكان خۆیان حوكمڕانیی وڵاتی خۆیان دەكەن، بەڵام دوای ڕووخانی ڕژێمی دیكتاتۆریەت، ئەمریكا بووە هێزێكی داگیركەر و وەك داگیركەر مامەڵەی لەگەڵ عێراقییەكان دەكرد، تەنانەت لە شاری مووسڵ هێزەكانی ئەمریكا تەقەیان لە خۆپیشاندەران كرد لە بەردەم بینایەی پارێزگای مووسڵدا.
2. ئەمریكا نەیتوانی هاوسەنگی لە نێوان پێكهاتە سەرەكییەكانی عێراق (كورد، عەرەبی سوننە، عەرەبی شیعە» دروست بكات، بەپێچەوانەوە زەمینەیەكی ئەوتۆی دروست كرد، كە بە ئاسانی عەرەبی شیعەی عێراق باڵادەست بن و، بوارێكی وای ڕەخساند كە عەرەبی شیعە بە ئاسانی بتوانن تۆڵە لە عەرەبی سوننە بكەنەوە، ئەمەش بووە هۆكاری ئەوەی بەشێك لە عەرەبی سوننە و ئەو ئەفسەر و پلەدارانەی سەردەمی بەعس لەگەڵ گرووپ و تاقمە تیرۆریستییەكان هاوسۆز بن و بچنە ناو ئەو گرووپە تیرۆریستانەوە.
3. لە دەستپێكی ساڵی 2006 دەستێكی نادیار مەرقەدی دوو ئیمامی گەورەی لە سامەرا تەقاندەوە، ئەم كارە تیرۆریستییە وەك سەرۆك بارزانی ئاماژەی پێ كردووە، وەك ئەوە بوو بەنزین بەسەر ئاگری شەڕی مەزهەبیی نێوان عەرەبی سوننە و شیعە بكرێت، بارودۆخەكەی بە ئاستێك بردە قۆناغێكی مەترسیدار كە پیتەر گالبرێس بە «كۆتایی عێراق» لە قەڵەمی دا، لە كتێبەكەشیدا كە ساڵێ دواتر بە هەمان ناونیشان بڵاوی كردەوە، تێیدا ئاماژەی بەوە كردووە «لەم كردەوە تیرۆریستییەدا خانمە ڕۆژنامەنووسی كەناڵی عەرەبیە ئەتوار بەهجەت كوژراوە كە خەڵكی عێراقە و كچی دایك و باوكێكی شیعە و سوننە بووە، بۆیە پەروەردگار شیعە و سوننەی تێكەڵاو كردووە، بەڵام ئێستا لە عێراقدا سوننە و شیعە یەكتری دەكوژن، ئەم دەربڕینەی گالبریس بە تەواوەتی بارودۆخی مەترسیداری ئەو كاتی عێراق پێناسە دەكات.
4. ئەم ڕووداوانەی عێراق نەك هەر كۆشكی سپی هەژاند، بەڵكو كۆنگرێس و سەناتی هێنایە سەر ئەو قەناعەتەی كە پێویستە سەرلەنوێ دیراسەتی بارودۆخی عێراق بكرێت، بۆ ئەمەش لێژنەیەك بە ناوی «گرووپی دیراسەتی عێراق» بەسەرپەرشتیی جیمس بیكەر لە پارتی كۆماری و وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە سەردەمی بوشی باوك و لی هاملتۆن كۆنگرێسمانی دیموكراتەكان دامەزرا. ئەم لێژنەیە كە بە لێژنەی «بیكەر –هاملتۆن» ناسرا بوو، ماوەی چەندین مانگ لە ڕاوێژ كردن لەگەڵ سەرۆك و ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی و وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی پێشتری ئەمریكا كە لە ژیاندا مابوون، بەردەوام بوو. هەروەها دوای ڕاوێژكردنێكی زۆر لەگەڵ بەشێكی زۆری سەركردە عێراقییەكان و ناوەندەكانی فیكر و توێژینەوە، ڕاپۆرتێكیان ئامادە كرد، بەڵام ئەم ڕاپۆرتە وەك بەشێك لە ناوەندەكانی فیكر و توێژینەوە لە ئەمریكا هەڵسەنگاندیان بۆ كرد، بەو جۆرە وەسفیان كرد «چاوەڕێ بووین شاخ بزێ، بەڵام مشكی بوو».
5. لە ساڵی 2007 و دوای ئەوەی ڕاپۆرتەكەی «بیكەر – هاملتۆن» هیچ چارەسەرێكی واقیعی بۆ كێشەی شەڕی تیرۆریستان نەبوو (كە ئەوكات ڕێكخراوی ئەلقاعیدە لقی عێراق بوونی هەبوو)، جۆرج دەبلیو بوش بە ناچاری پەنای بۆ بڕیاری زیادكردنی بەپەلە «surge»ی هێزەكانی لە عێراقدا برد، هەروەها بڕیاری دا كە هێزێك لەناو عەرەبی سوننە بە ناوی «سەحوە» بۆ لێدانی تیرۆریستان پێكبهێنرێت، ئەم هێزەش ڕاستەوخۆ لە ژێر فەرمانی ژەنەڕاڵ پەتریۆس بێت، بۆ ئەوەی كۆنتڕۆڵی بارودۆخەكە بكرێتەوە، ئەم هەنگاوە لەگەڵ ئەوەی تا ڕاددەیەكی باش سەركەوتوو بوو، بەڵام دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، هەموو بارودۆخەكە هاتەوە ژێر سفر و ئەمجارە زەمینە بۆ دروستبوونی تیرۆریستانی داعش هاتە ئاراوە و ئەو كارەساتەی دروست كرد كە لە بەشەكانی دیكە بە درێژی لەسەر ڕادەوەستین.
6. ژمارەی كوژراو و بریندارەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان وەك لە كتێبەكەی سەرۆك بارزانی ئاماژەی پێ كراوە بەمجۆرە بووە «ئەمریكا نزیكەی چوار هەزار كوژراو و بیست و چوار هەزار و سێ سەد و چواردە بریندار، بەریتانیا سەد و چل كوژراو، ئیتاڵیا هەژدە كوژراو، پۆڵەندە حەڤدە كوژراو، بولگاریا سێزدە كوژراو، ئیسپانیا یازدە كوژراو، دانیمارك شەش كوژراو، ئۆسترالیا دوو كوژراو».
ئەو هەڵە گەورانەی ئەمریكا لە عێراقدا كردنی، بووە هۆكاری ئەوەی عەرەبی سوننە و شیعە هەر یەكەیان بە شێوازێك دژی ئەمریكا ڕابوەستنەوە و بە سەدان سەربازی ئەمریكی بكوژن و برینداریان بكەن، لەمەش زیاتر بووە هۆكاری ئەوەی كە زەمینەیەكی زۆر لەبار بێتە پێشەوە بۆ دووبارە گەشەسەندنەوەی تیرۆریستان لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا و پاكستان و ئەفغانستان، بووە هۆكاری ئەوەش لە ناو كۆمەڵگەكانی ڕۆژئاوا فیكری توندڕۆیی ئیسلامی ڕادیكاڵی گەشە بكات و بە پۆل بچنە ناو ڕێكخراو و گرووپە تیرۆریستییەكان، ئەمەمان زۆر بە ئاشكرا و بە فراوانی بینی، كاتێك تیرۆریستانی داعش خەلافەتی ئیسلامیان لە عێراق و سووریا ڕاگەیاند، بەڵام لە بەرانبەردا تەنیا شوێنێك كە زۆر جوامێرانە پێشوازیی لە سوپای ئەمریكا كرد، هەرێمی كوردستان بوو، كە هیچ سەربازێكی ئەمریكی هیچی بەسەر نەهات، بەڵام وەك سەرۆك بارزانی زۆر جوان ئاماژەی پێ كردووە، لەگەڵ ئەوەی ئێمە زۆر بارودۆخی ئەمریكامان لەبەرچاو دەگرت، بەڵام ئەمریكییەكان وەك پێویست حسابیان بۆ كورد نەدەكرد. بەداخەوە.
وەرچەرخان و گۆڕانكارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان دوای ئەوەی ئەمریكا وەك هێزێكی داگیركەر خۆی نیشان دا
لەگەڵ ئەوەی بۆ ئێمە وەك گەلی كوردستان و عەرەبی عێراقیش بەتایبەتی عەرەبی شیعە، ڕووخانی ڕژێمی دیكتاتۆری بەعس خەونێك بوو و هاتە دی و، تەنانەت عەرەبی شیعە لە باشوور بە گوڵ پێشوازییان لە هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان كرد، بەڵام لەبەرچاونەگرتنی زەمینەی شەڕی عێراق بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس كە تەواو لە زەمینەی شەڕی ئەفغانستان بۆ ڕووخاندنی ئیماراتەكەی تاڵیبان جیاواز بوو، هەڵەكانی ئەمریكا وای كرد، وەرچەرخان و گۆڕانكاریی زۆر بەرچاو لەسەر ئاستی هەرێمی «دەوڵەتانی دراوسێی عێراق» هەروەها لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش لەناو دەوڵەتانی هاوپەیمانیی ناتۆ دروست بێت كە بەرانبەر ئەمریكا هەڵوێست وەربگرن. لێرەدا بە چەند خاڵێك ئاماژەیان پێ دەكەین:
1. ئەمریكا نەیتوانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی بۆ شەڕی عێراق و ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس بگەیەنێتە قەناعەت و بڕیارێك دەربچێت و لە چوارچێوەی شەرعییەتی نێودەوڵەتی شەڕەكە ئەنجام بدات، تەنانەت یەكێك لەو دەوڵەتانەی زۆر بەرهەڵستیی ئەمریكای دەكرد، فەرەنسا بوو كە ئەندامێكی كاریگەری پەیمانی ناتۆیە.
2. لە دوای ڕووخانی ڕژێمی عێراق لە 9ی نیسانی 2003 ئەمریكا سیاسەتێكی پێچەوانەی ئەو سیاسەتی پیادەكرد كە بەڵێنی بە سەركردەكانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی لە كۆنگرەی لەندەن دابوو، هەروەها بە پێچەوانەی بڕیارەكانی كۆنگرەی لەندەن هەنگاوی بۆ حوكمڕانیی عێراق هەڵگرت.
3. پۆل بریمەر كە وەك حاكمی مەدەنی بۆ عێراق دیاری كرابوو، پێشتر كاری لەسەر دۆسیە و سیاسەتی ئەمریكا بەرانبەر بەعێراق نەكردبوو، بۆیە زۆر بە نەشارەزایی هاتە ناو پرۆسەكە و وەك سەرۆك بارزانی لە كتێبەكەی ئاماژەی پێ كردووە، چەندین جار لەسەر پرسی پێشمەرگە و مافەكانی گەلی كوردستان، سەرۆك بارزانیی ناچار كردووە كە هەڕەشەی كشانەوە لە پرۆسەی سیاسیی عێراق بكات.
4. دەوڵەتانی عەرەبی كە بە شێوەیەكی گشتی بە هاوپەیمانی ئەمریكا ناسراون، دوای ئەوەی ئەمریكا عێراقی داگیر كرد و زەمینەی ئەوە دروست بوو كە عەرەبی شیعە تۆڵە لە عەرەبی سوننە بكاتەوە، لە هەڵوێستی ئەمریكا زۆر نیگەران بوون و هەستیان كرد ئەمریكا وەك بەعس مامەڵە لەگەڵ هەموو عەرەبی سوننەی عێراق دەكات.
5. توركیا لەوە دەترسا كە هەژموونی ئێران بە تەواوەتی لە عێراقدا بگاتە لووتكە و عەرەبی سوونەی عێراق بەتەواوەتی تەسلیمی ئەو واقیعە بن، لە سەرووی ئەمانەشەوە دەترسا كە هەرێمی كوردستان لەم بارودۆخەدا ببێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ، هەر ئەمانەش وای كرد كە ڕێگە نەدات ئەمریكا لە توركیا بەرەی باكوور بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس بكاتەوە، ئەمە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی توركیاش ئەندامی هاوپەیمانیی باكووری ئەتڵەسییە كە ئەمریكا سەركردایەتی دەكات.
6. ئێران لەوە دەترسا، كە عەرەبی شیعەی عێراق كەم ئەزموونن لە سیاسەتی حوكمڕانیدا و بە درێژایی مێژووی دەوڵەتی عێراق لە حوكمڕانیدا پەراوێز خراون، بۆیە دەترسا كە ئەمریكا جڵەوگیریان بكات و بارودۆخەكەی لەدەست دەربچێت، هەروەها دەترسا كە كورد لە هاوپەیمانیی شیعە بێتە دەرەوە و زیاتر ببێتە هاوپەیمانی ئەمریكا، ئەگەر ئەمریكاش لەم هەنگاوەی سەركەوتوو بێت، ئەوا هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی كۆماری ئیسلامی دروست دەبێت. بۆیە هەر لە سەرەتاوە هەوڵی دا بە شێوازی جۆراوجۆر ڕیسەكەی ئەمریكا بكاتەوە بە خوری و لەم كارەشیدا سەركەوتوو بووە. لە بەرانبەردا لە بری ئەوەی ئەمریكا جڵەوگیری نفووزی ئێران لە عێراقدا بكات، دەستی كرد بە كاری ئیستفزازی، كە نەك ئێران، بەڵكو حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستانیش پێیان قبووڵ نەكرا، هەر بۆ نموونە وەك سەرۆك بارزانی لە كتێبەكەی ئاماژەی پێ كردووە «هەڵیان كوتایە سەر كونسووڵخانەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر و دەستگیركردنی كارمەندەكانیان و، ویستبوویان بە ڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بیانگوازنەوە بۆ بنكەكانی خۆیان، كە پاشان سەرۆك بارزانی قبووڵی نەكرد و هێزێكی زێرەڤانی نارد بۆ ئەوەی گەمارۆی فڕۆكەخانەی هەولێر بدەن و ڕێگرییان لێ بكرێت، ئەو كارە نەكەن»، ئەم كارەی ئەمریكا لە هەولێر كارێكی دوور لە دابونەریتی دیپلۆماتی و مامەڵەكردن لەگەڵ باڵێوزخانە و كونسووڵخانەكانی وڵات بووە.
7. سووریا كە لەوێش لقێكی دیكەی حزبی بەعس بە ناوی «حزبی بەعسی سووری» لە دەسەڵاتدایە، دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە عێراق، ترسی ئەوەی هەبوو، ئیدی سەرەی ئەو بێت لەلایەن ئەمریكاوە و ڕژێمەكەی بڕووخێندرێت، زەمینەی لەباریش هەبوو، لەبەر ئەوەی سووریا لەناو ئەو میحوەردا خۆی دەبینییەوە كە زیاتر دژی میحوەری ئەمریكایە، بۆیە هەر زوو دەستی كرد بە قۆستنەوەی بارودۆخی دوای گۆڕینی هێزی ئەمریكا لە ڕزگاركەرەوە بۆ داگیركەر و، سووریای كردە دەروازەیەك بۆ هاتنی تیرۆریستانی ئەلقاعیدە و پەیوەندیكردنیان بە لقی قاعیدە لە عێراقدا، ئەم كارەی سووریا بە ئاستێك حكومەتی عێراقی هەراسان كرد، كە گەیشتە ئەوەی نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق گازندە لە سووریا بكات و بە ئاشكرا ڕایبگەیەنێت كە سووریا بووەتە دەروازەی هاتنە ناوەوەی تیرۆریستان بۆ عێراق.
ئەم خاڵانەی ئاماژەمان پێ كردن، جیا لەوەی بەرەی دژ بە ئەمریكای بەهێز كرد، لە هەمان كاتدا بێ متمانەیی و دڕدۆنگی لەناو دەوڵەتانی هاوپەیمانیی باكووری ئەتڵەسی و تەنانەت دەوڵەتانی یەكێتیی ئەوروپاش دروست كرد، هەر ئەمەش بووە هۆكاری ئەوەی كە ڕووسیا بێ منەتانە بتوانێت لە ساڵی 2008 هێرش بكاتە سەر جۆرجیا و ددان بە سەربەخۆیی ئەبخازیا و ئوسیتا بنێت و كاریگەریشی لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی ڕووسیاش نەبێت.
ئەم گۆڕانكاری و وەرچەرخانانە لەسەر ئاستی ڕای گشتیی ئەمریكاش بە تایبەتی دوای ئەوەی جارێكی دیكە سەرۆك بوش لە ساڵی 2004 دووبارە هەڵبژێردرایەوە، كاریگەرییەكی زۆر گەورەی هەبوو، بووە هۆكاری ئەوەی كە ڕای گشتیی ئەمریكا بەرانبەر سیاسەتی كۆمارییەكان لە عێراقدا گۆڕانكاریی گەورەی بەسەردا بێت، لەمەش زیاتر دیموكراتیەكان پلانی «B»یان داڕشت وەك سیاسەتی ئەمریكا بەرانبەر عێراق لەو كاتەی دیموكراتەكان لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەچنە كۆشكی سپی، هێزەكانیان لە عێراق دەكشێننەوە و كۆتایی بە شەڕی ئەمریكا لە عێراقدا دەهێنن و دەسەڵات و سەروەریی وڵات دەگێڕنەوە بۆ عێراقییەكان.
ئەوجا لەگەڵ ئەوەی جورج دەبلیو بوش لە ساڵی 2008 هەنگاوی بۆ ئەوە هەڵگرت كە لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی وەرگرتنی ڕێوشوێنی تازە «سۆفا» بۆ مانەوەی هێزەكانی لە عێراق و هەتا 31ی11ی 2011 هەر كاتێك عێراق داوا بكات هێزەكانی بكشێنێتەوە، بەڵام هەڵبژاردنەكانی ئۆكتۆبەری 2008ی دۆڕاند و، دیموكراتەكان بە سەرۆكایەتیی باراك ئۆباما لە 20ی كانوونی دووەمی 2009 هاتنە دەسەڵات.
لەگەڵ ئەوەی لە ئیدارەی یەكەم و دووەمی ئۆباما، جوزیف بایدن (سەرۆكی ئێستای ئەمریكا)، جێگری سەرۆك ئۆباما بوو، بایدنیش كە پێشتر سەرۆكی ئەنجومەنی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كۆنگرێس بوو، جیا لەوەی زۆر شارەزا بوو لە سیاسەتی عێراق و پێشتریش سەردانی هەرێمی كوردستانی كردبوو، زۆر ئاشنای هەرێمی كوردستان بوو، بەڵام سیاسەتی ئیدارەی ئۆباماش بەرانبەر عێراق سەركەوتوو نەبوو، بەتایبەتی لە دوای هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2010ی پەرلەمانی عێراق و پێداگریی ئیدارەی ئەمریكی بە هاوشێوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ دووبارە كاندیدكردنەوەی نووری مالیكی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، وەك سەرۆك بارزانی لە كتێبەكەی ئاماژەی پێ كردووە، جێگەی سەرسوڕمان بوو، هەروەها ڕاستەوخۆش كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە 31ی12ی 2011 بەبێ گوێدانە ڕاوبۆچوونی بەشێكی زۆری لایەنە سیاسییەكان و سەركردەكانی عێراق كە هۆشدارییان بە ئەمریكا دا، كشانەوەی بەپەلەی هێزەكان كارەسات بە دوای خۆیدا دەهێنێت، بەڵام ئیدارەی ئەمریكا هەموو ئەمانەی فەرامۆش كرد و لە كاتی خۆیدا هێزەكانی كشاندەوە، ئەمەش لە بارودۆخێكدا كە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هۆی ڕاپەڕینەكانی بەهاری عەرەبی ئاڵۆز و ناسەقامگیر بوو، شەڕی سووریاش دەستی پێ كردبوو، جیا لەوەی ئێران پشتگیرییەكی گەورەی مانەوەی حكومەتەكەی بەشار ئەسەدی دەكرد، بە دەیان گرووپی میلیشیای شیعەكانی عێراق و حزبوڵای لوبنانی چووبوونە ناو سووریا و بەرگرییان لە مانەوەی حكومەتەكەی ئەسەد دەكرد، لە ناوەڕاست و باشووری عێراقیش، سەرەتای ناڕەزایی و خۆپیشاندانەكان دەستی پێ كردبوو، بارودۆخەكە بەرەو ئەوە دەچوو لە هەر ساتێكدا بتەقێتەوە، دەتەقایەوە.
لە دوماهی ئەم بەشەدا، جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە كە بەشی یەكەممان تەرخان كرد بۆ ئەو وانە و پەندانەی لە كۆی بەرگی شەشەمی «بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد» لەم بەرگە فێری دەبین و، بێگومان بابەتی گەلێك گرنگی دیكەش ماون كە پێویستیان بەوەیە هەڵوەستەی جددی لەسەر بكرێت، بەتایبەتیش وەك بابەتی «نووسینەوەی دەستووری 2005، بەشداریی كورد لە پرۆسەی سیاسیی عێراق، شەڕی دژی داعش و قارەمانیەتی هێزی پێشمەرگە لە بەتاڵكردنەوەی ئەفسانەی تیرۆریستانی داعش» كە لە بەشەكانی دیكەدا زیاتر هەڵوەستەیان لەسەر دەكەین.

خوێندنەوەیەك بۆ بەرگی شەشەمی كتێبی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد نووسینەوەی مێژوو دەروازەیەكە بۆ شرۆڤەكردنی داهاتوو
Top