هه‌ڵه‌ی کوشنده‌یه‌، ١٦ی ئاب مێژووی گه‌لی کوردستانه‌

هه‌ڵه‌ی کوشنده‌یه‌، ١٦ی ئاب مێژووی گه‌لی کوردستانه‌

ململانێی حزبی و له‌ قاڵبدانی بیر و بۆچوون و ڕکابه‌ری نفوس و ده‌سه‌ڵاتدارێتی له‌ باشوری کوردستان، جگه‌ له‌ زیانه‌کانی دیکه‌ی، زیانێکی گه‌وره‌یی به‌ر مێژووی گه‌لی کوردستان که‌وتووه‌، ئه‌ویش بچووک کردنه‌وه‌ی ده‌ستکه‌وته‌ مێژوویی و سه‌رکرده‌ کارێزماییه‌کانی خه‌باتی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگازیخوازی گه‌لی کوردستانه‌.
له‌م هه‌ڵه‌ کوشنده‌یەدا هه‌مووان به‌رپرسیارین، به‌تاییه‌تی ئه‌کادیمیسته‌کان ئه‌وانه‌ی مێژووی ڕووداوه‌کان به‌ چاویلکه‌ی گه‌وره‌تر ده‌بینین و له‌هه‌مانکاتدا وه‌ک خه‌ڵکانێکی کورتمه‌ودا له‌ بیرکردنه‌وه‌ و هه‌نگاو ده‌که‌ونه‌ هه‌ڵه‌یه‌کی کوشنده‌ که‌ مێژووی دامه‌زراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ته‌نیا وابه‌سته‌ بکه‌ن به‌ مێژووی حزبێک و ئه‌و لایه‌نانه‌ له‌ بیر بکرێت که‌ ئه‌م مێژووه‌ هی گه‌لی کوردستانه‌ و ده‌ستکه‌وته‌کانیشی هه‌ر بۆ گه‌لی کوردستان ده‌مێنێته‌وه‌.
١٦ی ئاب لە ئەدەبیاتی سیاسی لە كوردستاندا ئاماژەیە بۆ دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ڕێبەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی و كۆمەڵێك لە كەسایەتی سیاسی و كۆمەڵایەتی و شۆڕشگێڕ و ئەوانەی هاوتەریب بوون لە بۆچوونی نەتەوەیی و نیشتیمانی و بڕوایان بە خەباتی چەكداری و سیاسی هەبوو كە چۆن لە پێناو ئازادی گەلی كوردستان شۆڕشێك لە پاڵ ناوێكی حزبیدا هەڵبگیرسێنن.
بەڵام ئەم ئاماژەیە لەڕوویەكی دیكەیەوە هێمایەك نییە تەنیا بۆ مۆڵكی حزبێك و دامەزراندنی حزبێك، بەڵكو هێمایەكی گەورەتر لە پشت ئەم ڕووداوە هەیە، مادام حزب ئامرازە بۆ ئامانج، لە بڕوای بارزانیی نەمر و ئێستای سەرۆك مسعود بارزانیدا ئەم ئامرازە كە(پارتی دیموكراتی كوردستان)ە بۆ ئامانجی گەورەی نەتەوەیی و نیشتیمانییە نەك تەنیا وەك پارتێكی سیاسی بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و حكومڕانیكردن.
بگەڕێنەوە سەرەتاكانی ساڵی ١٩٤٦ و خوێندنەوەیەك بۆ تەواوی دیمەن و ڕووداو و دۆخە سیاسیەكەی ئەو سەردەمە بكەین باشتر بەرچاوڕوون دەبین لەوەی ئەم مێژووە ڕاستە موڵكێتییەكەی خراوەتە سەر پارتی، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان حزبێك نەبووە تەنیا لە چوارچێوەیەكی ئایدۆلۆژی لە قاڵبدارو بێت و گرووپێك لەهاوبۆچوونەكانی سەر بە ئایدۆلۆژیایەك پێكیھێنابێت، بەڵكو هەموو ئەو شۆڕشگێڕ و خەباتكار و كەسایەتییە نیشتیمانی و نەتەوەیی و ئاینی و بگرە نەتەوەیی و ئاینی دیكەی وەك مەسیحی و توركمان و ئێزدی لە نێو ئەم پارتەدا بوونیان هەبووە و خەباتیان كردووە، دواجار حزبەكەیش ڕەنگ و دەنگی هەموو كورد بووە و لەیەك چوارچێوەدا بووە، بۆیە هەڵەیەكی زۆر كوشندەیە ئێمە ١٦ی ئاب بكەین بە موڵكی تەنیا پارتییەكان و هەقی شانازیكردن لە خەڵكی كوردستان وەربگرینەوە، یاخود هەندێك لایەن و كەسایەتی ئەمە بكەن بە ئامانج و ئەو مێژووە ببەستنەوە بە پارتیەوە، نەخێر مێژووی هەمووانە و پێویستە هەمووان رێز لەم رێككەوتە و دەسكەوتەكانی بگرن، چونكە لایەكی دیكەی ئەم شانازییە هەر ئەوە بوو كە دواتر چەندین حزب لەم پارتییە بووە و ڕەوتی جیاوازیان پێكهێنا بەڵام پارتی نە كەوت و نە لاواز بوو، بەڵكو لەبەرئەو هۆكارەی كە هی هەمووان بووە و ڕەنگ وڕەنگدانەوەی بیروبۆچوون و ئاین و نەتەوەیی جیاواز بوو بووە بە حزبێكی نیشتیمانیی بە كردەوە.
ساڵی ١٩٤٦ ناوچەكە بەگشتی و بەهێزی یەكێتی سۆڤیەت لە هەڵسوڕاندنی دۆخە جیاوازەكان و ململانێیەكان كاریگەری زۆری هەبوو لەسەر تەواوی ڕووداوەكان، لەوەو پێشتریش ئەزموونداری خەباتی چەكداری و سیاسی بارزانییەكان ئەوەی هەڵدەگرت لەیەك بەرەدا كە ڕەنگدانەوەی واقیعی باشوری كوردستان بێت كەسایەتیە سیاسیە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكان هاوشانی ئەفسەر و كەسانی سەربازی پارتیك هاوشێوەی پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێران دامەزرێنن، واتا زەرورەتێكی حەتمی لە پشتەوەی ئەم هەنگاوە بووە، بۆیە لای ئێمە وەك كورد لەباشوری كوردستان دەبێت جەخت لەسەر مێژوویەكی هاوبەشی پێكهاتەكان بكەینەوە دەگەڕێتەوە بۆ بنەمای ئەو دیدگا و ڕوانینە دوورمەودایەی بارزانی و هاوەڵەكانی وەك هەمزە عەبدوڵڵا و نەقیب میرحاج ئەحمەد و عەقید روكن عیزەدین عەبدولعەزیز و نەقیب مستەفا خۆشناو و نەقیب خێروڵڵا عەبدولكەریم و مولازم محەمەد مەحمود قودسی و مولازم ئەحمەد تەها كە بەشێكیان لەسێدارەدران بوون بە هێمای خەباتی نەتەوەیەك لەپێناو ئازادیدا.
دووربینی و هەستی بەرزی بەرپرسیاریەتی مێژوویی قۆناغەكە لە تێگەیشتنی بارزانیی نەمردا وابوو كە كەسایەتیە كاریگەرەكانی ناو كۆمەڵگا بەشداری بەم مێژووە بكات، ئەمەش پاڵپشتە بەوەی بڵێین: نابێت پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵەی وا بكات ١٦ی ئابی ڕۆژی دامەزراندنی بكاتە موڵكی حزبێك و ئەگەر حزبی دیكەیش ئەم هەڵەیە دووپات دەكەنەوە بۆ بچووكردنەوەی خودی ڕووداوەكەیە، چونكە ئەم حزبە بووە بنەمایەكی بەهێز بۆ خەباتێكی نەتەوەیی و نیشتیمانی كە ئێستا بەرهەمی هەیە، ئەگەر ئەم لایەنە بەوردی لەپشتەوەی دێرەكانی ناو پەرتووكی(بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد) بەرگی یەكەم(١٩٣١-١٩٥٨) لە قۆناغی دروستكردنی پارتی بڕوانین مسعود بارزانی چ خۆی وەك كارەكتەری درێژەپێدەری ئەم خەبات و ڕێبازە چ وەك كەسی یەكەمی بارزانی باوك زۆر بە لایەنە نەتەوەییەكەوە بابەتەكەی پەیوەست كردووە و پشت ئەستوریشی لەم بوارە بۆ بەشداری سەرجەم چین و توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگەی باشوری كوردستان دەرخستووە، كەواتە دەگەین بە ئەنجامێك ئەویش خەباتی نەتەوەیی و نیشتیمانی پارتی و ئەو ڕێبازەی لەسەری بونیادنراوە مێژووەكەی تەنیا هی پارتی نییە بەڵكو هی گەلی كوردستانە بە هەموو ڕەنگە جیاوازەكانی ئێستای، كەم سەركردەی یەكێتی یا شیوعی یا ئیسلامی یاخود هەر ڕەوتێكی چەپ یا ڕاست یا گرووپی سیاسی هەن بە هەناوی پارتیدا تێپەڕنەبووبن. جا ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی حزبایەتی یا ڕێكخستنی نهێنی یا ڕێكخراوە جەماوەری یا شانە و سەردەستە چەكدارییەكانیان بێت.
حیكمەتی مەلا مستەفا لەم بونیادە خاوەن پاشخانێكی دوور و درێژ و پڕ سەروەری ئامانجێكی نەتەوەییە نەك ئامانجێكی حزبی، زۆرجاریش لۆمەی بارزانی كراوە كە حزبیانە بیر ناكەنەوە، جا بارزانی باوك یا سەرۆك بارزانی و نەوەی ئێستایان هەمان دیدگایان هەیە و حزب بچووكتر لە ئامانج دەبینین، كە پرسی ڕەوای میللەتێكە و ئامرازەكەش پارتی دیموكراتی كوردستانە لە پێناویدا خەبات دەكات، خوازیارین لەم بۆنەیەدا زیاتر نیشتیمانی بوونی ١٦ی ئاب جەخت بكرێتەوە.

* توێژەری سیاسی مێژووی

Top