دوو بەلەم لە کەناراوەکانی فەرەنسا و تونس نوقم بوون/ 8 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا

دوو بەلەم لە کەناراوەکانی فەرەنسا و تونس نوقم بوون/ 8 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا

 

 

 

دەسەڵاتدارانی فەرەنسا و تونس ڕایانگەیاندووە، دوو بەلەم کە کۆچبەری نایاساییان هەڵگرتبوو لە کەناراوەکانی ئەم دوو وڵاتە نوقم بوون و لە ئەنجامدا ژمارەیەک کەس گیانیان لەدەستدا.

دەسەڵاتدارانی فەرەنسا پاشنیوەڕۆی ڕۆژی (شەممە) ڕایگەیاند، بەلەمێک کە کۆچبەری نایاسایی هەڵگرتبوو لە ڕێگەی ئەم وڵاتە بۆ بەریتانیا، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە کەناڵی "مانێش" نوقم بوو و لە ئەنجامدا شەش کەس گیانیان لەدەستدا.

وتەبێژی ئیدارەی کەناراوەکانی فەرەنسا جەختی لەوە کردەوە کە ٥٥ سەرنشینی بەلەمەکە ڕزگارکراون و پێنج بۆ ١٠ کەسی دیکەش تا ئێستا بێسەروشوێنن لەکاتێکدا ئۆپەراسیۆنی گەڕان بەردەوامە بۆ دۆزینەوەیان لە کەناراوەکانی شارۆچکەی سەنگات لە باکووری ئەم وڵاتە.

بەگوتەی دەسەڵاتدارانی فەرەنسا، چوار کەشتی و هەلیکۆپتەرێکی ئەم وڵاتە، لەگەڵ دوو کەشتیی بەریتانی، بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردن لە کەناراوەکانی سەنگاتدا کردووە، هەروەها بەشێک لە کۆچبەرانی ڕزگارکراو لەم ڕووداوە بەهەمان شێوە گواستراونەتەوە بۆ بەندەری "کالێ" ی باکووری فەرەنسا.

کاتژمێرێک پێش ئەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پاسەوانی نیشتمانی تونس ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، کە بەلەمێک کە کۆچبەرانی نایاسایی هەڵگرتبوو لە دەریای ناوەڕاست بە دووری نزیکەی ١٢٠ مەتر لە کەناراوەکانی پارێزگای گابس لە ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتە نوقم بوو ، تەرمی دوو لە سەرنشینانی بەلەمەکە لە ئاوەکە دەرهێنرایەوە، هاوکات ١٣ سەرنشینی دیکە ڕزگارکران.

لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پاسەوانی نیشتمانی تونس، وێڕای ئەوەی ڕایدەگەیەنێت کە ئەو تەرمانە هی کۆرپە و گەنجێکی تەمەن ٢٠ ساڵە، هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەو بەلەمەی کە لە کەناراوەکانی گابێس نقوم بووە، لانیکەم ٢٠ کەسی هەڵگرتووە ، پێنجیان تا ئێستا بێسەروشوێنن و ئۆپەراسیۆنی گەڕان بۆ دۆزینەوەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی بەرگری شارستانی بەردەوامە.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

 

Top