سزای لەسێدارەدان پێویستیەکی هەنووکەییە !

سزای لەسێدارەدان پێویستیەکی هەنووکەییە !

لەسێدارەدان یان (ئیعدام) مێژووەكەی بۆ سەدان ساڵ بەر لە ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە و بریتییە لە کۆنترین و توندترین سزا ، بە جۆرێک كوشتنی ئەو کەسەیە کە بەگوێرەی یاسا بڕیاری لەسەر دراوە . بێگومان سزای لەسێدارەدان ، سزایەکە دوورە لە ڕوحییەتی مرۆڤایەتی و لەگەڵ دیموکراسی و مافی مرۆڤ ناگونجێت ، بەڵام جێبەجێکردنیشی لە وها بارودۆخێکدا پێویستیەکی هەنووکەییە ..!. پێدەچێت ئەوانەی باسی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و پێشکەوتن دەکەن ، بە کەسێکی جاهیل و دواکەوتوو و نا رۆشنبیر ، یان گوندیەکی دونیا نەدیتەم بزانن ، بەڵام پێویستە هەرکەسێک قابیلی سزای لەسێدارەدان بوو ، لە سێدارە بدرێ ، نەک دایببەستن و تێر برنج و فاسۆلیای پێ بدەن ، دواتریش لێبووردنی گشتی بێت و بیگرێتەوە ، بێگومان بەندینخانە قوتابخانەیەکە ، لێ ناتوانێ تاوانباری وا هیدایەت بدات و بیخاتەوە سەر رێگەی راست و لەم نێوەندەشدا دەکرێ بڵێین درەختی دیموکراسی بەنەمانی سزای لەسێدارەدان بەرناگرێت . گومان لەوە نیە کە برایانی پۆلیس و ئاسایش ، بەو پەڕی ئەمانەتەوە ئەرکی سەرشانی خۆیان جێبەجێ دەکەن و بەگوێرەی سیاسەت و بەرنامە دارێژراوەکانیان ، مێرخاسانە ، لە زووترین کاتدا تاوانبار دەستگیر دەکەن ، ئەمەش شایەدی نیشانەی ئارامی وڵات و ئەمن و پاراستنە ، بەڵام چەندین دیمەن لە رابردوودا گەواهیدەری ئەوەن کە هێشتا کۆمەڵگەی ئێمە پێویستی بە مانەوە و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانە ، بۆ نمونە .. تاوانبارێک دەستدرێژی سێکسی دەکاتە سەر کچێکی هەشت ساڵە و دواتر دەیکوژێت ، یەکێکی تر دایکی دەکوژێت و جەستەی دەشێوێنێت بە لێکردنەوەی تەواوی ئەندامەکانی ، یەکێکی تر لەسەر فوول لایتێک شوفێرێک دەداتە بەر گوللە ، یەکێکی تر منداڵێک بەفێڵی یاری دەبات و دواتر دەیکوژێت بەمەبەستی ئەوەی گورچیلەکانی دەربێنێت و بیفرۆشێت، ئەمانە و دەیان نمونەی تری وها ، هەر لۆیە ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کۆمەڵگەکەمان بە سزای لەسێدارەدان بپارێزین لە دەستدرێژی تاوان . دەربارەی ئەوەی کە ئەم سزایە چ کەسانێک دەگرێتەوە ، یاسای سزادانی عێراقی لە ماددەی 406 دا باسی کردووە ، بەوەی هەر کەسێک بە یەکێک لەم حاڵەتانەی خوارەوە کەسێک کوشت ، سزای لەسێدارەدانی بەسەر جێبەجێدەکرێت : ٭ ئەگەر کوشتنەکە نیازی پێشوەختەی هەبووبێت و بەرنامە بۆ داڕێژراو بووبێت . ٭ ئەگەر کوشتنەکە لەرێگەی بەکارهێنانی ماددەیەکی ژەهراوی یان تەقەمەنییەوە ڕوویدا بێت . ٭ ئەگەر کوشتنەکە بەهۆی پاڵنەرێکی پیس یان بەرامبەر کرێ بوو بێت ، یان ئە گەر تاوانبار ڕێگەی دڕندانەی بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانە بەکارهێنا . ٭ ئەگەر بکوژ ، فەرمانبەر یان کەسی راسپێردراو بە خزمەتێکی گشتی ( مکلف بخدمە العامە) بکوژێت ، لە کاتی بە جێگەیاندنی کاری فەرمانبەرێتییەکەی یان خزمەتەکەی . ٭ ئە گەر تاوانبار مەبەستی بوو بێت زیاتر لە کەسێک بکوژێت . ٭ ئەگەر کوژراو لە بنەچەی بکوژ بێت (دایک و باوک بەرەو سەرەوە) بێت. ٭ ئەگەر کوشتنی بە ئەنقەست تاوانێک یان زیاتر لە تاوانەکانی کوشتنی بە ئەنقەست یان دەستپێکردنی کوشتنی لە گەڵدا بێت . ٭ ئەگەر ئەو کوشتنەی کە ئەنجامدراوە وەک ڕیخۆشکردن یان کار ئاسانی بووبێت بۆ ئەنجامدانی یان جێببەجێکردنی تاوانێک یان کەتنێک کە سزاکەی بریتی بێت لەحە پسکردن کە لە ماوەی ساڵێک کە متر نە بێت ئەنجامدرا بێت تاکو ئە نجامدەر یان هاوبەشی تاوانەکە بتوانێت ڕابکات یان لە سزادان رزگاری ببێت. ٭ ئەگەر تاوانبار بە هۆی کوشتنی بە ئەنقەست بڕیاری بەندکردنی هەتاهەتایی لەسەردرا بێت و لەماوەی جێبەجێکردنی سزاکە ، تاوانی کوشتنی بە ئەنقەستی ئە نجامدابێت یان دەستی پێکردبێت. ئەو سزایە لە یاسای عێراقی بۆ تاوانە گرینگەكان بڕیاری لێوە دراوە ، بە جۆرێك بۆ هەندێك لەو تاوانانەی كە زیان بە ئاسایشی دەرەوەی وڵات دەگەیەنن ، هەر وەك لە ماددەكانی (156 – 157 – 158 -159 -162)دا هاتووە. هەروەها لەو تاوانانەی كەوا زیان بە ئاسایشی ناوخۆی وڵات دەگەیەنن بڕیار لێوە دراوە ، وەك لە ماددەكانی (191 – 194 – 195 -197) باسی لێوە کراوە . ئەو تاوانانەشی كە زیان بە دەستەیەكی فەرمی دەگەیەنن بە گوێرەی ماددەی (223) لە یاسای سزادانی عێراقی . تاوانەكانی دەستدرێژیكردنە سەر ئامرازەكانی گواستنەوەو گەیاندنی گشتی، ئەگەر ببێتە هۆی مردنی مرۆڤێك ، پاڵپشت بە ماددەکانی (354 – 355) . تاوانەكانی كوشتنی بە ئەنقەست ، ماددەی (406). یاسادانەری عێراقی لە ماددەكانی (285 – 293) لە یاسای بنەماكانی دادگایكردن باس لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەو سزایە دەکات ، بەم شێوەیە : - دەبێت بڕیاری لە سێدارەدان دوای پەسەندکردنی بێت لەلایەن دادگای پێداچوونەوە (م/286) ی.س.ع. - بەڕێوەبەرایەتی بەندیخانە هەڵدەستێ‌ بە جێبەجێكردنی سزای لە سێدارەدان لە ناو بەندیخانە یان هەر جێگایەك كە دادگای سزایی لە بڕیارەكەی دیاری بكات (م/288)ی.س.ع . ـ فەرمانی كۆماری بە جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدان ، لەسەر بڕیار لەسەر دراوەكە لەلایەن بەڕێوەبەری بەندیخانە بۆ ئامادەبوان دەخوێندرێتەوە، ماددەی (289) ی.س.ع . لەکاتی جێبەجێکردنیشیەوە ، چەند بەربەستێکی کاتی هەن کە سزای لەسێدارەدانەکە بۆ کاتێکی تر دوادەخەن کە ئەمانەن : ـ دروست نییە سزای لە سێدارەدان لە رۆژانی پشووی فەرمی و ئەو جەژنانە جێبەجێ بکرێت کە بە ئاینی بڕیاریان لەسەر دراوە ، (م/190) ئەوەش وەك پارێزگاری كردن لە رێزی ئەو رۆژانە ، كە بریتین لە بۆنە نەتەوەیی و ئاینییەكان . هەروەها دروست نییە سزای لە سێدارەدان لەسەر ئافرەتی سكپڕ جێبەجێ‌ بكرێت ، تا كۆرپەكەی دادەنێت، چونكە جێبەجێ‌ كردنی سزاكە دەبێتە هۆی مردنی كۆرپەكە كە ئەمەش لە چوارچێوەی سزادان نییە ، کە بۆ سزادانی تاوانبارێک ، بێ تاوانێکیش سزابدرێت (م/287) .

Top