ڕاستگۆیی بنەمای متمانە بەخۆبوونە

ڕاستگۆیی بنەمای متمانە بەخۆبوونە

شاعیرو وتاربێژی بەریتانی (جۆرج هربەرت) دەلێ" متمانە بەخۆبوون و كارامەیی سوپایەكن نابەزێندرێن".
بێگومان متمانە بەخۆبوون بریتییە لە متمانە بوونی هەركەسێك لە كار و كردار و ڕەفتار و گوفتار و توانا و شێواز و ڕەوشت و هەڵسەنگاندنی بۆ كاروبارەكان و رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكان كە لە بنەڕەتدا پەیوەندی بە بڕوا و باوەڕی كەسەكان هەیە لە خودی خۆیان ڕازین و خۆیان لاپەسندە،بیگومان هەمیشە متمانە بەخۆبوون كلیلی سەركەوتنە لە سەر سەرجەم ئاستەكانی كەسی و پیشەیی ، كلیلی متمانە بەخۆبوونیش بریتییە لە ئامادەیی بەردەوام و هەبوونی ئیرادە، بۆیە پێویستە هەمیشە متمانەمان بە خۆمان هەبێت و متمانە زیاتر بكەین، ڕاهێنان بكەین لە سەر بنیاتنانی متمانە بەخۆمان، بۆنموونە هەركاتێ خاڵی لاواز و بەهێزی خۆمان دیاری دەكەین دەبێ بەردەوام جەخت لە سەر خاڵە بەهێزەكانمان بكەینەوە و پەرەی پێ بدەین، ئەمەش دەبێتە زیادبوونی متمانە بەخۆمان، هەرگیز جەخت لە سەر خاڵی بەهێزی ئەوانی تر مەكەوە، چونكە دەبێتە هۆی دابەزاندن و كەم كردنەوەی متمانە بەخۆت، بۆیە گرنگی بە جیهانی خۆت بدە، هەروەها بەردەوام بایەخ و گرنگی بەخۆت بدە و هەوڵ بدە پراكتیزی چاودێری و پاراستنی خۆت بكەی لە خواردن و نووستن و وەرزش و پَداویستییەكانی تر، لەگەڵ ئەوەش دەبێ لەگەڵ خودی خۆت بە سۆز و میهرەبان و ڕووخۆش و دلۆڤان بی تا بتوانی متمانە زیاتر بكەیت بەخۆت، نەوەك بەردەوام سەرزەنشت وگلەیی لە خۆت بكەی، هەمیشە هەڵەكانی خۆت لە بەرچاو بێت، بەڵكو هەموو كەس هەڵە دەكەن و هەڵە كردنیش جۆرێكە لە فێربوون، بۆیە دەبێ نەرم و نیان بی لەگەڵ خودی خۆت و هەمیشە دەستكەوت و بەرهەم و كارە باشەكانی خۆت لە بەرچاو بێت و بەدوایی ئاسودەیی و دڵخۆشی و ئارامی بگەڕێیت و، خۆت ڕزگار بكەی لە بیركردنەوەی نەرێنی و خراپ و ئازار بەخش كە دەبنە هۆی كەم بوونەوەی متمانە بە خۆبوون، پێویستە هەرگیز خۆت بەراوورد نەكەی بە كەسانی تری دەوروبەرت و كەسانی تر، واز لە چاودێری خەڵكانی تر بهێنە و خەركی خۆت بە، كە خۆت بەراوورد دەكەی بە هەركەسێك واتە بەراووردی خراپترینی خۆت دەكەی بەرامبەر باشترینی ئەوانی تر، ئەوەش متمانە دەكوژێ. پێویستە خۆت بەراوورد بكەی لەگەڵ خودی خۆت پێشتر چۆن بووی لە كوێ بووی؟ ئێستا چۆنی و لە كوێت؟ دەتەوێ بگەیتە کێندەر و چی بکەیت ؟ خەریكی ئامانجەكانت بە و خۆت لەگەڵ خۆت بەراوورد بكە، چونكە ئەوانەی خۆیان بەراوورد دەكەن بە كەسانی تر هەست بە ئیرەیی دەكەن و زیادبوونی ئیرەییش هەست كردنێكی خراپ دروست دەكات بەرامبەر خودی كەسەكان ئەوەش ئەنجامی باش نابێت.
لە بیرمان نەچێت هاوكاری كردن و یارمەتیدانی خەڵكانی تر هەست كردنە بە ئاسودەیی و دڵخۆشی و شانازی، ئەوەش متمانە دەبەخشێ‌. جودا لەوەش ڕزگاربوونمان لە كەسانی ڕەش بین و نەرێنی لە ژیانمان كە بەردەوام هەوڵ دەدەن دوو دڵی و ڕاڕایی و ترس و بێزاری دروست بكەن، خۆی لە خۆیدا متمانە لاواز دەكات، پێویستە ژینگەی دەوروبەرمان تەژی لە كەسانی ئەرێنی و گەش بین بن و هەمیشە رووبەڕووی ترس و دوو دڵی ببنەوە، كە لە ئەنجامدا متمانە بەخۆبوون زیاتر دەبێت، بێگومان وەرزش كردنی ڕۆژانە و تەندروستی باش و گرنگیدان بە ڕووالەت و هەماهەنگی و گونجانی جل و بەرگ و ڕێكخستنی سەروسیما ئەوانەش هۆكارن بۆ زیاد بوونی متمانە بەخۆبوون ، هەروەها بوونی بەرێوەبەری دڵسۆز و بەرپرسیار و خاوەن ویژدان و ڕاستگۆ كە هەمیشە هانی فەرمانبەرانی دەدات و خۆیان بە خاوەنی كارەكەیان بزانن و هاوكار و یارمەتیدەریان دەبێت بۆ ڕایی كردن و سەرخستنی كارەكانیان و چەسپاندنی دادپەروەری ئەوەش بە هۆكاری تری متمانە بەخۆبوون دادەنرێت. ماوەتەوە بلێم ئەوەی لە سەر خودی هەركەسێك پێویستە دەبێ بەردەوام هەوڵ بدات كارامەیی نوێ فێر ببێ و ڕاهێنان بكات و پەرە بە خۆی بدات لە هەر بوارێك لە بوارەكانی ژیان كە ببێتە كەسێكی لێهاتوو جیاواز ئەوەش متمانەیەكی زۆر دەبەخشێت بە كەسەكە، هەروەكو دەبینین یاریزانە باشە نێودەوڵەتییەكان و ئەكتەرە بەناوبانگەكانی جیهان و هەر زانا و پسپۆڕێك لە بواری خۆی دا كە هەر كارێك ئەنجام دەدات متمانەیەكی زۆر دەبینن كەوا لێهاتوو كارامە و شارەزایە، بۆیە ڕاستگۆیی لەگەڵ خودی خۆت كە پێویستە ڕاستگۆ بین لەگەڵ ناخی خۆمان و نواندن نەكەین كە ئەوەش بنەمای بەهێزی متمانە بەخۆبوونە.

بەرێوەبەری گشتی/ وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕی پەروەردەیی

Top