دەستبەسەرداگرتنی زیاتر لە ٦ ملیۆن حەبی ماددەی هۆشبەر لە سعودیە
بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكانی سعوودیە لە میانەی ئۆپەراسیۆنێکدا دەستی بەسەر زیاتر لە 6 ملیۆن حەبی ماددەی هۆشبەردا گرت.
مەروان ئەلحازمی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی سعودیە ڕایگەیاند: لە میانی ئۆپەراسیۆنێکدا بۆ سەر تۆڕی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، 6 ملیۆن و 72 هەزار و 292 حەبی ئەمفیتامین کە لەناو دەفری شیرینی و میوەی وشکدا جێگیرکرابوون، دۆزراونەتەوە و دەستیان بەسەردا گیراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرمی سعودیە، ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە: كە ئەم ئۆپەراسیۆنە بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی عومان ئەنجام دراوە.
ئەلحازمی ڕایگەیاند: کە دوو هاووڵاتی سووری لە عومانەوە بۆ ڕیاز مادەی هۆشبەریان هەڵگرتووە و گوتی: ئەو کەسانەی باسکراون دوای ئەنجامدانی ڕێوشوێنی یاسایی پێشوەختە بەرامبەریان، گواستراونەتەوە بۆ داواکاری گشتی.
هاوکات وەزارەتی ناوخۆی سعودیە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر گرتەیەکی ڤیدیۆیی لەژێر ناونیشانی "وردەکاری چالاکییە سەرکەوتووەکانی هێزەکانی بەشی دژە ماددە هۆشبەرەکان بە هاوکاری لەگەڵ عومان لە دەستبەسەرداگرتنی حەبی ئەمفیتامین" بڵاوکردەوە.
گوڵان: سەردار خەلیل