ئەرێنی بوون دەمانگەیەنێتە ئامانج
نوسەر و وتەبێژی (پەرەپێدان و هاندان)ی ئەمریكی (بریان تریسیی) دەلێ" ئەو كاتانەی زیاتر ئەرێنی بووم كە بیرم دەكردەوە و كارم دەكرد لە سەر جێ بەجێ كردنی ئامانجەكانم، خێرایی جێ بەجێ كردنەكان زیاتر دەبوون".
شكی تێدانییە كە ئەرێنی بوون بریتییە لە بیركردنەوە بە شێوەیەكی گەشبین و كاركردن لە سەر دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ كێشەكان كە ڕۆژانە رووبەڕووی هەركەسێك دەبنەوە، بۆیە كەسە ئەرێنییەكان هەردەم پێشبینی ئەنجامی باش و ئەرێنی دەكەن و هەرگیز ڕەشبین نابن، بەڵكو لە هەموو كێشەو گرفت و تەنگ و چەلەمەوئەزموونی خراپ فێر دەبن و وانە وەردەگرن و لە هەمان كاتدا بەهێزتر دەبن و هەمیشە تێڕوانینیان ئەرێنی و ئومێد بەخش ئومید دەبیت هەردەم كەسە ئەرێنییەكان دڵخۆش و بەختەوەرن و سوود لە ڕابردوو دەبینن و بە پەرۆش و جۆش وخرۆشن بۆ ئێستا و گەش بینن بۆ ئاییندە و پاشە ڕۆژ.
ئەرێنی بوون چالاكییە و موژدە بەخشە هەمیشە بۆ ئەنجامەكان، كەسە ئەرێنییەكان هەمووكات سوپاسگوزارن لە سەر ئەو شتانەی كە هەیانە و نرخی دەزانن، هەردەم لە سەر ئەو شتانەی كە بەسەریان دێ دەلێن سوپاس بۆ خودا هەمووی خێرو چاكەی تێدایە و بەخێرو چاكە دەگەرێتەوە، لە هەموو گرفت و ئاریشەیەك بەهێزتر دەردەكەون و هەرگیز خۆیان بە دەستەوە نادەن، بەڵكو فێردەبن و ئیرادەیان بەهێزتر دەبێت هەروەكو (تۆماس ئەدیسۆن) دەلێ" من نەدۆڕاوم بەڵكو(000 10)رێگای نا سەركەوتووم دۆزییەوە.
كەسە ئەرێنییەكان لە هەر گرفت و كێشەیەك بیر لە چارەسەركردن دەكەنەوە خەریكی پاساو و بیانوو هێنانەوە نین و هەردەم ڕازین بە بەشی خۆیان و هەرگیز خۆیان بەراورد ناكەن بە كەسانی تر، بەڵكو بەردەوام هەوڵ دەدەن باشتر و باشتر دەربكەون لە ژیانی ڕۆژانە و ماڵ و كار و كۆمەڵگە.
لە بیرمان نەچێت كەسە ئەرێنییەكان كۆمەڵایەتین و پەیوەندی باشیان هەیە لەگەڵ خەڵك دوور لە بەرژەوەندی تایبەتی و بەردەوام حەز دەكەن یارمەتی كەسانی تر بدەن و هەست بە بەرپرسیایەتی دەكەن بەرامبەر بە خەڵك و كۆمەڵگە، هەمیشە نیازوخواستیان دروست و باشە و پاکە بەرامبەر بە كەسانی دەوروبەریان و ڕاستگۆن و یارمەتیدەرن، نەك كۆسپ بەر و ریگر بن لە کارەکانیان ، ئەرینیەکان هەمیشە كاروكردار و گوفتار و ڕەفتاریان هاوسەنگ و جێگیرە.
لە بیرمان نەچێ كەسە ئەرێنییەكان خەیال پلاونین، بەڵكو ئامانجی دیاری كراویان هەیە و كاروئیش و بەرپرسیاریەتی خۆیان خۆش دەوێ و دڵسۆزن بۆ كارەكانیان، هەمیشە حەز دەكەن كەسانی دڵسۆز و بەتوانا لە دەوری خۆیان كۆبكەنەوە. گرنگە كەسانی ئەرێنی هەردەم كەسانی گەشبین و ئەرێنی لە دەوری خۆیان كۆبكەنەوە كە وزەی ئەرێنییان پێ دەبەخشن و ژینگەكەیان پر لە وزەی ئەرێنی دەبێت.
بۆ ئەوەی بەردەوام ئەرێنی بین بەبەردەوامی پێویستە هەردەم سوپاسگوزار و ڕازی بین و خۆمان خۆش بوێت و كەسانی تر و ژیانمان خۆش بوێت و ئەوەی هەمانە لامان بەنرخ بێت، لەگەڵ كەسانی تر ڕووخۆش و دڵخۆش و دەم بەخەندە بین لە كاتی پێشوازی و پێویستدا و هەرگیز سڵ لە چاكەكردن و یارمەتیدان نەكەینەوە، چونكە تێروانینمان بۆ ژیان دەگۆرێ هەست بە ئاسودەیی و دڵخۆشی دەكەین. هیچ شتێك لە قەبارەی خۆی گەورەتر و ئالۆزی نەكەین، لە بەر ئەوە تێڕوانینی تەندروست لە دەست دەدەین، لەگەڵ خودی خۆمان ئەرێنی بین بەردەوام خۆمان هان بدەین. توێژینەوەكان دەریان خستووە هەر گۆڕانكارییەكی سادە لە چۆنیەتی قسەكردن و گفتوگۆكردن لەگەڵ خودی خۆت كاریگەری خراپی دەبێت لە سەر بیركردنەوە و توانا و ڕێكخستنی هەستەكان و دەربڕین و ڕەفتار و كردەوەكانمان، بۆیە بەردەوامی وتووێژكردن لەگەڵ خۆمان بلێین (پێمان دەكرێ، دەتوانین، ئاسانە، هەوڵی زیاتر دەدەم، بەهێزم،دەستبەردار و دەستەمۆ نابم....). لەگەڵ خۆت ڕووخۆش و دڵخۆش و میهرەبان بە هەرگیز سەرزەنشتی خۆت مەكە و ناوەناوە پێویستە لە سروست كات بەسەر ببرێ و تێڕِامانی قول هەبێت كە كاریگەری باشی هەیە لە سەر قایم كردن و مكوم كردنی بیركردنەوەی ئەرێنی.
پێویستیمان بە شۆرشی ئەرێنی بوون هەیە لە ناخمان دەست پێ بكەین دواتر بۆ خێزان بۆ شوێنی كاركردن و دواتریش بۆ كۆمەڵگە، پێویستە ئەرێنی بن هەوڵی بۆ بدەین سووربین و دەست بەردار نەبین و هەموو بیركردنەوەیەكی نەرێنی ڕەت بكەینەوە، بیركردنەوەی ئەرێنی دڵخۆشمان دەكات و بەختەوەرمان دەكات، ژیانمان لاخۆشەویست دەكات و لە بیرمان نەجیت باشترین رێگایە بۆ سەركەوتن و ئاسودەیی.
بەرێوەبەری گشتی/ وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لەکارگێڕی پەروەردەیی