سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و سكرتێرى ده‌وڵه‌ت له وه‌زاره‌تى ئابووريى ئه‌ڵمانيا، هاريكاريى هاوبه‌ش تاوتوێ ده‌كه‌ن
به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 2023/6/26 له به‌رلين له‌گه‌ڵ خاتوو فرانسيسكا برانتنه‌ر، سكرتێرى ده‌وڵه‌ت له وه‌زاره‌تى ئابووريى ئه‌ڵمانيا كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا که به ئامابوونی به‌ڕێز باڵیۆزی عێراق له به‌رلین به‌ڕێوه چوو، هه‌ردوولا باسيان له ئاڵنگارییه‌کانی به‌رده‌م عێراق كرد بە تایبەتی له گۆڕینى كه‌شوهه‌وا و كه‌مبوونه‌وه‌ى ئاو و وشه‌كه‌ساڵى و به‌بیابان بوون كه هه‌موو ئه‌وانه وا ده‌كه‌ن عێراق پێويستييان به پشتيوانى و يارمه‌تى و شاره‌زاییی ده‌ره‌کی هه‌بێت.
هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى هه‌بوونى به‌رنامه‌يه‌كى تۆكمه بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌و ئاڵنگارییانه له عێراق و له‌مباره‌يه‌وه جه‌ختيان له پێويستى و گرنگيى يارمه‌تيدانى عێراق كرده‌وه به‌تایبه‌تی له بواری وزه‌ی نوێ و که‌مکردنه‌وه‌ی پشتبه‌ستن به نه‌وت و هاندانی که‌رتی تایبه‌ت و وه‌به‌رهێنانی ئه‌ڵمانی له عێراق و هه‌رێمی کوردستان.