بەیاننامەی ڕۆژنامەوانیی بەشی ڕاگەیاندنی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیان لە وەڵامی لێدوانەکانی عەلی زوبەیدی، سەرکردە لە هاوپەیمانیی فەتح بۆ ئاژانسی مەعلومە
پارتی دیموکراتی کوردستان نوێنەرایەتیی تەواوی گەلی کوردستان دەکات و ڕێگە بە هیچ هەوڵێک بۆ زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی ئەم گەلە تێکۆشەرە نادات، هەر لەبەر ئەمەش هەڵوێستەکانی پارتی هاوشێوەی قەبارە و قووڵایی کوردستان مەزن و بەهێزن و هەمیشە ڕووبەڕووی هەر شتێک دەبێتەوە کە کوردستان و گەلەکەی بەئامانج بگرێت.
هەروەها، باشتر وایە سیاسەتوانانی ناو هاوپەیمانیی فەتح خۆیان لە زاراوەکانی گشت و بەش بەدوور بگرن، چونکە پێش ئەوان سەدام بەهۆی لووتبەرزی و ملهوڕییەوە هەڵخلیسکا و تێگەیشتنی واقیعی لێ شێوا و، هێرشی کردە سەر کوەیت و داگیری کرد و دەهۆڵژەنەکانی کەوتنە باسی گەڕانەوەی بەش بۆ گشت، تا وای لێ هات خەریک بوو عێراق هەموو بەشەکانی لەدەست بدات.
هەرێمی کوردستان بە مێژوو و گەلەکەی و خەبات و قوربانیدانەکانی سەربەرزە و بینایەکی باڵا و وەک قەوارەیەکی تەواو لە دەستووری عێراقی فیدراڵدا چەسپاوە و، لەگەڵ عێراق بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی فیدراڵی یەکیان گرت لە سەر بنەمای ئەو ماددە دەستوورییانەی ماف و کەرامەتی هەردوو گەل دەپارێزن و، پابەندبوون بەم دەستوورە مەرجی پاراستن و مانەوەی یەکێتیی ئازادانەی خاک و گەل و سەروەریی عێراقە.
بۆیە هەر دەستکارییەکی ئەم چەمکانە وا دەکات هەموو شتێک لەدەست بدەن و باشتر وایە بە باشی پەند لە مێژوو و لە وانەکانی وەربگرن.
بەرگریکردن لە دەستوور و یاسا و مافی گەلان بە "توندڕەوی"بوون یان نەبوون ناپێورێت. ئێمە بە زمانی دەستوور و یاسا قسە دەکەین. بەڵام لێتان ناگرین چونکە گەندەڵیی ئێوە سەردار بێ سەر دەکات و، ئێوە بە هەموو یاسا و پەیمانێک نامۆن و، تەنانەت ڕێز لە گفت و واژۆی خۆشتان ناگرن، هەر بۆیە سەختە کە ئێوە لە زمانی ئێمە تێبگەن.
بەشی ڕاگەیاندنی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیان
پارتی دیموکراتی کوردستان
19ی حوزەیران 2023