مه‌سرور بارزانی: پارێزه‌ری كولتووری پێكه‌وه‌ژیان ده‌بین

مه‌سرور بارزانی: پارێزه‌ری كولتووری پێكه‌وه‌ژیان ده‌بین

Farhad Mohamad
دەقی گوتاری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی ( کوردستان لانکەی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە) :

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبوونی بەڕێز
زۆر زۆر بەخێر بێن . سوپاسی ئامادەبوونی هەمووتان دەکەم. سوپاسی ئامادەبوونی مامۆستایانی ئایینی لە هەموو ئایین و ئایینزا جیاوازەکانی کوردستان دەکەم کە تەشریفیان هێناوە و لێرە لە گەڵمانن . هەروەها سوپاسی ئامادەبوونی مامۆستا بەڕێزەکانی زانکۆکان و هەرهەمووتان دەکەم .
ئێمە پێویستیمان بە ڕێنمایی و بۆچوونەکانی ئێوە هەیە . هەروەک چۆن توانیوتانە تاکو ئێستا بە ڕێنماییەکانی خۆتان، کوردستان وەکو لانکەی ئاشتی و پێکەوەژیان بپارێزن ، هیوادارم بە هەمان شێوە، نەوەکانی داهاتووشمان بەم شێوەیە پەروەردە بکەن.
دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی ئەم کۆنفرانسە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەکەم بۆ ڕێکخستنی ئەم کۆنفرانسە لەم بۆنەیە کە ڕۆژی نێودەوڵەتیی بەرەنگاربوونەوەی وتاری ڕق و کینە.
لە مێژووی مرۆڤایەتیدا و تا ئەمرۆش وتار و دروشمی دوژمنکارانە و هاندانی توندوتیژی، کارەساتی گەورەی لێکەتووەتەوە. لەم سەردەمەشدا، کە سەردەمی پێشکەوتن و تەکنەلۆژیایە، هێشتا ئەو جۆرە وتارانە مایەی نیگەرانین و لێکەوتەکانیشی زۆر بەرچاون و دەبینین کە لە زۆر وڵات و ناوچەی جیاجیای جیهاندا شەڕ وخوێنڕشتن بەردەوامە.
بەڕێزان:
هەر وەک لە دروشمی ئەم بۆنەیەشدا هاتووە، کوردستان هەمیشە لانکەی پێکەوەژیانی ئاشتییانە بووە، چەندین هەزار ساڵە کە ئەم دەڤەرەی ئێمە، نەتەوە و ئایین و باوەڕی جیاجیای لە خۆ گرتووە و پێکەوەژیان و یەکترقبوڵکردن بووەتە بەشێک لە کولتور و رێچکەی ژیانی ئێمە. لە زۆربەی دەڤەرەکانی کوردستان کورد و تورکمان وکلدان وئاشووری و سریان و ئەرمەن و عەرەب و موسولمان و مەسیحی و ئێزدی و جوو، پێکەوە ژیاون و لە ڕۆژانی تەنگانەدا، یارمەتیدەری یەکتربوونە. من خەڵکی دەڤەرێکم کە مزگەوت و کەنیسە و کنشت، لە یەک گونددا جێگەیان بووەتەوە. هەمیشە شانازی بەو کولتورە دەکەم و هەموو توانایەکم دەخەمە گەڕ بۆ هێشتنەوە و پەرەپێدانی ئەم کەلتورە جوانە.
بەرێزان،
هەرچەندە هەرێمی کوردستان ئەو ناوەند و لانکەیە بووە کە هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزایەک تیایدا هەستیان بە ئارامی و ئاسوودەیی کردووە، بەڵام بەداخەوە هەمیشە ئەم دورگە ئارامە، کەوتووەتە بەر هێرشی هزری دوژمنکارانە، هەمیشە هەوڵدراوە ئەم کولتووری پێکەوەژیانەی هەرێم بشێوێندرێت و تەنانەت هەوڵی سڕینەوە و جینۆسایدی نەتەوە و ئایینەکانی ناو کوردستان دراوە.
مێژووی نوێی نیشتمانمان، گەواهیدەری ئەوەیە کە بە هۆی هزری شۆڤینی و دوژمنکارانە و حاشاییکردن لە بوونی نەتەوەی ئێمە، وڵاتمان دووچاری چەندەها کارەسات و کۆمەڵکوژیی گەورە بوویەوە. وێرانکردن وسووتاندن و زیندەبەچاڵ کردن و ئەنفال و کیمیابارانکردن، دەرەنجامی زاڵبوونی ئەو هزر و عەقلییەتە بوو کە نکۆڵی لە یەکسانی و دادپەروەریی و داننان بە مافی نەتەوەکانی تر دەکرد.
ئەمرۆ زۆر لەو کەس و لایەنانەی پەلاماری ئێمەیان دەدا نەماون، بەڵام ئێمە هەر ماوین، ئەوەش بێگومان بە هۆی پاراستنی ئەو کولتور و هزرەی پێکەوەژیانەیە. هەموولایەک دەزانن کە لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولدا ، وێڕای ئەو هەموو کوشتارەی لە هاونیشتمانیانمان کرا، بارزانیی نەمر هەمیشە جەختی لەوە دەکردەوە کە ئێمە ڕێگە نادەین ئەو شەڕە ببێت بە شەڕی نێوان کورد و عەرەب، بەڵکو هەمیشە دەیگوت کە، شەڕی ئێمە لەگەل دەسەڵاتدارانی زۆردارە نەک نەتەوەکان. لە کاتی ڕاپەرینیش کە تەنیا سێ ساڵ بەسەر ئەنفال و کیمیاباراندا تێپەڕیبوو، بە هەزاران سەربازی عێراقی لە هەرێمی کوردستاندا بەدیل گیران، بەڵام جەنابی سەرۆک بارزانی بانگەوازی دا کە ڕێزیان لێ بگیرێت و بپارێزرێن.
ئێمە هەمیشە ئەم کولتورە جوانە دەپارێزین و وتاری ئێمە وتاری خۆشەویستی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ڕێزگرتنی بەرامبەر و یەکسانی و دادپەروەری دەبێت. ئێمە ڕێگە نادەین هیچ هزرێکی کینە وتوندوتیژی هاوردەی ناو هەرێم بکرێت.
بەڵام بەداخەوە کە دەبینین دەرس لە مێژوو وەرنەگیراوە و دیسان کەسانێک هەوڵی بڵاوکردنەوەی هزری شۆڤێنی و یەکترسڕینەوە و خۆسەپاندن دەدەن.
ئێمە بۆ دامەزراندنی عێراقێکی فیدرالی و دیموکرات، زۆر سازشمان کرد، ئێمە بە هەموو توانایەک، هەوڵماندا عێراقێکی نوێ ئاوا بکرێت کە تیایدا هەموو پێکهاتەکانی هەست بە بوونی خۆیان و پاراستنی ماف وتایبەتمەندییەکانیان بکەن، بەڵام لە بەرامبەردا دەبینین کە هێدی هێدی ئەو پرۆسەیە لە رێچکەی خۆی لادەدات و خەریکە عێراق بە ئاراستەیەک دەبردرێت کە دووچاری ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردوو ببێتەوە.
دەبینین هەوڵی پێشێلکردنی مافە دەستووریەکانمان دەدرێت، دەبینین وتاری کینە و دوژمنکارانە بەرامبەر هەرێمی کوردستان بڵاودەکرێتەوە و بە شێوازێکی چەواشەکارانە وا بڵاو دەکەنەوە کە پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەرێمی کوردستان لە سەر حسابی ناوچەکانی دیکەی عێراقە و بەو جۆرە دەیانەوێت خراپ بەرێوەبردن و بەهەدەردانی سامانی گشتی و گەندەڵییەکانیان بشارنەوە.
لەو ساڵانەی کە شەڕێکی تایفی لە زۆر شوێنی عێراق لە ئارادابوو، هەرێمی کوردستان ببوو بە پەناگەی هەموو لایەک. هەموو ئەو تایفانەی لە شوێنەکانی دیکەی عێراق یەکتریان دەکوشت لە هەرێمی کوردستان دەبوون بە هاوسێی یەکتر. لە سەردەمی جەنگی دژی تیرۆریستانی داعشیش، بە سەدان هەزار خەڵکی ناوچەکانی دیکەی عیراق ڕوویان لە هەرێم کرد و تا ئێستاش زۆربەیان ئامادە نین کەمپەکان چۆل بکەن و بگەرێنەوە شوێنەکانیان، چونکە هێشتا هەست بە مەترسی دەکەن.
ئێمە شانازی بەوە دەکەین کە کولتورێکی وامان هەیە و بە هەموومان دەبێت هەوڵ بدەین پەرە بە هزر و گیانی پێکەوە ژیان بدەین. داواشمان لە خەڵک و بەرپرسانی دڵسۆزی ناوچەکانی دیکەی عێراقە، کە ڕێگە لە بڵاوکردنەوەی هزری توندوتیژی و نکۆڵیکردن لە یەکتر بگرن و پەند لە مێژووی خوێناوی عێراق وەرگرن. با هەموومان پێکەوە کار بکەین بۆ چەسپاندنی ئاشتی و تەبایی و تواناکانمان بخەینە گەڕ، کە نەک هەر لە هەرێم و عێراقدا، بەڵکو لە هەموو ناوچەکە و جیهانیشدا ببین بە فاکتەری چەسپاندنی ئاشتی و نەهێشتنی جەنگ و خوێنڕشتن.
بەرێزان...
لە کۆتاییدا پێویستە جەخت لەوە بکەینەوە کە پابەندبوون بە دەستووری عێراق، تاکە گەرەنتیی سەقامگیری و پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکانی عێراقە. کوردستان و هەموو پێکهاتەکانی، دوچاری چەندین هەوڵی پاکتاو و سڕینەوە بوونە، وەک ئەنفال و کیمیاباران و داگیرکردنی زەوی و زار و گواستنەوە و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی، بۆیە بە پێی دەستوور، داوای قەرەبووی ئەو هەموو ستەمە دەکەین کە لێمان کراوە.
کێشەی ئێمە تەنیا کێشەی مووچە و بابەتی دارایی نیە، ئێستا زۆربەی مافە دەستوورییەکانی ئێمەیان پشت گوێ خستووە و پێشێل کردووە، نموونەی هەرە زەقیش ئەوەیە، کە تا ئێستا لە کەرکوک و دەورووبەری، جووتیارانی کورد و تورکمان هەڕەشەیان لەسەرە و زەوی و زاریان لێ داگیر دەکرێت، کەچی دەیانەوێت هەموو مافەکانی ئێمە، لە بابەتی دارایی و مووچەدا بچوک بکەنەوە و ئەوجا ئەم بابەتەش لە دژی ئێمە بەکار بێننەوە.
داوام لە دەسەلاتدارانی بەغدا ئەوەیە کە ڕێز لە دەستوور بگرن و وانە لە مێژوو وەرگرن. ئەوەی بە ئاشتی و سەقامگیری دەتوانین بەدەستی بێنین، بە شەڕ و ستەم و خۆسەپاندن ناهێتە دی.
داوام لە هاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمیش، ئەوەیە کە خەبات و قوربانیدانی گەلەکەمان لە بیر نەکەن و بەها بەرزەکانی خۆیان لە ژێر هیچ فشارێک و بۆ بەرژەوەندیی تەسک لە دەست نەدەن و بەردەوام بن بۆ پەرەپێدان بەو کولتورە و ڕێزگرتن لەو بەها پیرۆزانەی کە هەمانە لە پێناو نیشتمانێکی گەشەسەندو و بەهێز.
ئێوە هەر شاد و کامەران بن و کوردستانیش هەر ئاوەدان بێت.

Top