ڕێـواز خان و حزبەکەی دەبێت ڕێز لە خۆیان و دەسەڵاتەکانیان لە یاسا و پەیڕەویش بگرن.
سەرۆکی پەرلەمان، وەک کادیر و نوێنەری حیزب هەڵسوکەوتی کرد و دەکات نەک وەک نوێنەری خەڵک، ئەگەر ئەندامێکی ئاسایی پەرلەمان ئەوەی کردبا، ڕەنگە بە ئاسایی وەرگیرابا، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان، ئەجێندای سیاسی حیزبەکەی بەسەر پەیڕەی ناوخۆی پەڕلەمان بسەپێنێت ئەوە جێی هەڵوەست لە سەر کردنە.
ڕێواز خان لە بەهانە هێنانەوە، لە پێشێل کردنی پەیڕەوی ناوخۆ و ڕێزنەگرتن لە پێگەی خۆی وەک سەرۆکی پەرلەمان، تەنها ئاماژه بە دوو بڕگە دەکات، کە لە ماددەی ۱٨ لە پەیڕەوی ناوەخۆی پەرلەمان دا هاتووە، چونکە ئەو دوو خاڵە لە بەرژەوەندی خۆیدایە و هەوڵ دەدات لە ڕێگەی باسکردنیانەوە خوڵ بکاتە چاوی خەڵک و ڕاستیەکان بشێوێنێت، کە بریتین لە بڕگەی(٣)، تێیدا هاتووە (کردنەوەی خول و دانیشتنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتیکردنیان، کۆتاییپێهێنان و دواخستنیان، دەستنیشانکردنی کاتی ئەنجامدانیان) وە بڕگەی (۱۱) لە هەمان ماددە کە باس لە دەسەڵاتی واژۆکردنی سەرجەم نووسراوەکانی پەرلەمان دەکات، بەڵام ئەوەی دەبێ هەموو خەڵک بیزانێت، ئەوەیە کە مادەی ١٨ تەنها لەو دوو بڕگەیە پێکنەهاتووە، بەڵکو چەند بڕگەی دیکە لە خۆوە دەگرێت، لەوانە بڕگەکانی (٤،٥،٦) کە تایبەتن بە پارێزگاری کردن لە شکۆی پەرلەمان، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان ئەو بڕگانەی پشت گوێخست و شکۆی پەرلەمانی خستە بەردەم شەقاوە سەوزەکان، بۆ ئەوەی پەلاماری ئەو شکۆیە بدەن، لە کاتێکدا دەبوایە سەرۆکی پەرلەمان، بە گوێرەی ئەو بڕگانە ڕێکاری پێویستی بۆ پاراستنی ئاسایشی ناو پەرلەمان گرتبایە بەر.
بە گوێرەی پەیڕەوی ناوەخۆی پەرلەمان، لە
کاتی هەبوونی ناکۆکی لە ناو دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، ئەوە بە دەنگدانی پەرلەمانتاران یەکلایی دەکرێتەوە، بۆیە دەبوایە، پرسی هەڵگرتن یان بەردەوامی بوونی دانیشتنەکە بەو شێوەیە یەکلایی کراباوە، سەرۆکی پەرلەمان ئەوەی نەکرد و مافی ئەندامێکی دەستەی سەرۆکایەتیشی پێشل کرد، کە سکرتێری پەرلەمانە، چونکە ماددەی(۲۰)، کە تایبەتە بەدەسەڵاتەکانی سکرتێری پەرلەمان، هەر لە بڕگەی یەکەمی ماددەکە، تاوەکوو بڕگەی شەشەم لەلایەن سەرۆکی پەرلەمان پێشێڵ کران.
هەر لە دەستپێکی دانیشتنەکە سەرۆکی پەرلەمان جێبەجێکاری ئەو پیلانە داڕێژاوەی هاوسەرۆک و فراکسیۆنی حزبەکەیان بوو، زۆر بە نەفسێکی کورت و بە شێوازێکی نایاسایی و ناپەیڕەوییانە دانیشتنەکەی دەست پێکرد، کە هەنگاوی یەکەمی جێبەجێکردنی پیلانگێڕییەکەیان بوو، هەنگاوی دووەمیشیان ئەوە بوو، کە پەلاماری جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سکرتێری پەرلەمان بدەن، ئەو کارەشیان بەشێوازێکی قێزەوەن ئەنجامدا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و پیلانەکەیان لەبار چوو، کاتێک لە سەر پێشنیاری جێگری سەرۆکی پەرلەمان، بە زۆرینەی دەنگی ئامادەبووان دانیشتنەکە بەردەوام بوو، ئەو بڕگەیەی تایبەت بوو بە کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و دانانی دوو کۆمسیار پێش خرا، ئێمە دهنگمان به ٢ ئهندامی یهكێتی و ٢ ئهندامی گۆڕان و ١ ئهندامی كۆمهڵ و ١ ئهندامی یهكگرتوو داوە، ئهگهر پارتی تاك لایهنه بڕیاری دابوایه به گوێرهی بەرکەوتەی ههڵبژاردن دهنگمان به كۆمسیۆن دهدا و ئەو کات بەشێک لەو لایەنانەی کە ئێستا ئەندامیان هەیە لە کۆمسیۆن، مافی ئەندامێتیان لە دەست دەدا و ژمارەی کۆمسیارانی پارتیمان زیاتر دەبوون، دەبێت ڕێز لەو هەڵوێستە نیشتمانیەی پارتیمان بگیرێت، چونکی ئێمە پابەندبووین به ڕێككهوتن له كاراكردنهوهی كۆمسیۆن، ئێستا هیچ بهربهستی یاسایی لهبهردهم ههڵبژاردن نهمایه و پێویسته لە وادهی دیاری كراو ههڵبژاردن بكرێت چونکی بە دەنگی ٥٨ ئەندامی ئامادە بوو لە کۆی ۷٦ ئەندام کارا کرایەوە، کە ئەمەشیان دەسکەوت و سەرکەوتنێکی گەورە بوو لە بەرژەوەندی خەڵک و پڕۆسەی دیموکراتیەت.
ئەگەر باس لە کارە نا پەیڕەوی و نا یاساییەکانی سەرۆکی پەرلەمان بکەین کۆتاییان نایەت، گەر خانمی سەرۆک پەرلەمان هێندە پابەندی پەیڕەو و یاسایە بۆچی پێشڵکارییەکانی لەسەر پەیڕەوی ناوەخۆ هێندە زۆرن! ئەوەیە ماددەی( ٥۱) لە پەیڕەوی ناوەخۆ لە بڕگەی (۳)سێیەم، ئاماژە بەوە دەکات ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە تایبەتن بە دانیشتنەکانی پەرلەمان، لێرەیا پرسیار ئەوەیە بۆچی لە دەستپێکی وەرزی بەهارە تا مانگی ئایار تەنها(٤) دانیشتن ئەنجامدراوە، گەر بەپێی ئەو یاسایی بوون و پابەند بوون و ڕێزگرتنە بێت کە ڕێواز خان باسی لێ دەکات، دەبێت بەلایەنی کەم زیاتر لە ۱٥ بانگهێشتی دانیشتن ئاراستەی پەرلەمانتاران کرابوان، ئەوە تەنها بۆ دانیشتنی ئاسایی باس لە نائاسایی و ڕۆژانی پێنج شەممە ناکەم کە بۆ دۆخی پێویست و بانگهێشتی تیمی حکومەت دانراون، هەمدیسا ماددەی (٥۲) بڕگەی دووەم و سێیەم کە دەبێت دوای کردنەوەی دانیشتن پوختەی کۆنووسی دانیشتنی پێشوو، بەمەبەستی ڕاستاندن دەخرێنە ڕوو، بڕگەی(۳) پوختەی کۆنووس لە لایەن سکرتێری پەرلەمانەوە کە دەخوێنرێتەوە. ئەمەشیان هەر خۆی یاساناسەکەمان پێشێلی کرد.! لە هەموو دیارتر کار نەکردن بوو بە ماددەی( ٥۷) کە هیچ هەنگاوێکی ئەو ماددە و بڕگانەی ئاماژەم پێدان ئەنجامنەدان، جا چۆن ڕووتان دێت بڵێن دانیشتنەکە نایاسایی و ناپەیڕەوییە! کەچی خۆت و حزبەکەتان غەرق و ڕێچکە شکێنن لە بابەتی نایاسایی و ناپەیڕەوی و لە هەمووشیان ناپەسندتر دژایەتی کردنتانە لە هەر هەنگاوێکی ئەرێنی کە تایبەتە بە قەوارەی دستوری هەرێمی و کوردستان و پشکی هەرێم لە پڕۆژە یاسای بودجەدا و خۆ ڕادەستکردنتانە بە چەند سەرێکی فیکری بەعسیزم و بۆتەنە بار بەسەر پڕۆسەی سیاسی و ئاشتەوایی.
بۆیە بۆ سەرۆکی پەرلەمان و حیزبەکەشی باشترە مل بۆ ئیرادەی خەڵک و بڕیارەکانی پەرلەمان بدەن، لە جیاتی کار کردن بۆ شکاندنی شکۆی پەرلەمان و جێبەجێکردنی ئەجێندای ئەو هێزە دەرەکیانەی کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی سیاسی کوردستان دەکەن، باشترە کار بۆ خۆئامادەکردنی حیزبەکەیان بکەن، چونکە لە ئێستاوە دیارە لە لیستی سەرکەوتووەکان ناویان دەچێتە خواری خوارەوە، مێژووش ڕەحم بە هیچ کەس و لایەنێک ناکات.
حسیبه سعید گهردی
ئهندام پهرلهمانی كوردستان