دەکرێ باوەش بە تەکنیک و زمان‌دا بکەین و بەرپرسیارێتی وێڵکەین؟!

دەکرێ باوەش بە تەکنیک و زمان‌دا بکەین و بەرپرسیارێتی وێڵکەین؟!

 

کەسێک بەهەست و بەرپرسیارە بەرامبەر بە دەورووبەرو کۆمەڵگە کە ویستی وەرگرانەی چالاک و دەقیق بێت و مێشکی ڕوون و وشیار بێت. سۆهرابی شاعیر گوتوویەتی: “کە بۆ لای من دێن، هێواش و لەسەرخۆ وەرن، نەوەک چینی ناسکی تەنیاییم درز بەرێ”. ئەم دێرەی سوهرابی پێمان دەڵێت هەمووکات بە ئاگایی هەڵسوکەوت و مامەڵە لە گەڵ بەرامبەرەکەمان و دەورووبەرمان بکەین، نەبادا سنوری ناسکی هەستیاری کەسەکان بڕووشێنین!.

بئ گومان ئاستی بەرپرسیارێتی و هەستیاری لە کەسێک بۆ کەسێک لەمەڕ دەرەوەی خۆی جیاوازی هەیەو بە جۆر و جنسیش فەرق دەکات، بەڵام پێویستە مرۆڤ ئەوەندە دەرک بە بوونی خۆی بکات، تا ئەوەی تێگەیشتبێت ئەوەی بەرامبەری یان دەورووبەریشی بوونی هەیە. لەوە تێناگەم چۆن دەکرێ باوەش بە تەکنیک و زمان‌دا بکەیت و ناوەرۆک لێگەڕێی!. هەر کۆمەڵگایەک کەسی نەشارەزاو ناهۆشیاری هەیە کە ئەگەر باسیان لێوەبکەین ئەوا دەبئ زمان بکەینەوەو ناو بێنین، بئ گومان کۆمەڵگای ئێمەش بەدەرنیە، انجا بڵێین بەشێکی ئەمانە ئەو کەسانەن کە دەچن تیۆری دەخوێننەوە و ئەمجار دێن دەیتەپێننە نێو هەستێکەوە کە پێی دەڵێین بەرپرسیارێتی و بەشێکی دیکەی ئەوانە ئەو کەسانەن کە هەر بە گشتی هیچ لەسەر بەرپرسیارێتی و هەستیاری ناخوێننەوە و ئەوەی بە قەڵەمیان‌دا هات، بە ناوی بوون و خۆ خاڵی کردنەوە یانیش خۆ دەرخستن دەیدەنە دەرەوە، کە ئەوەش خەسارەیە و پێویستی بە پەروەردەیی زیاتر هەیە.

وە بیرم دێ لە هەژدە نۆزدە ساڵی دا بووم، تازە دەستم بە خوێندنەوەو نووسینی شیعری دڵداری کردبوو، هەردەبئ بڵێم (نووسین و خوێندنەوە) دەنا پێم وایە جگە لە شتی هەرزەییانەو کرچ و کاڵ شتێکی تر نەبوون!. لاوێکی کامڵی باشی دراوسێمان هەبوو کاک ئەسعەد مەروانی ناو بوو، هەر جار کە دەهاتە ماڵمان یانیش دەرۆیشتمە ماڵیان کاغەزو قەڵەمێکم ئەخستە بەردەمی و چەند دێر شیعر یان پەندو وتەی نووسەرانی سەردەمی ئەوسای بۆ دەنووسیم و بە دەمیش شەنووکەوی دەکرد، نووسینەکان هێندە وشەی کوردیی نامۆی تێدا بوو (بۆمن) کە دڵم لە خۆم دادەما و خەم دایدەگرتم کە بۆچی بە قەد ئەو نەم خوێندۆتەوە کە کوردی بزانم و لە مانای هەموو وشەیەک حاڵی بم. هەتا جارێکییان وشەیەکی بەکار هێنا زۆرم پێ جوان بوو، زۆر ماناو هەستیاری دڵنشینی هەبوو، پرسیارم کرد ئەو وشەیە یانی چی..؟ وتی “ئێستا پەلەمە سبەی پێت دەڵێمەوە”!. سبەی کە دیتمەوە واتای وشەکەی پێ وتم و ئەمەشی زیاد کرد کە؛ ”من کاتێک ئەمەوێ شێعری شاعیرە مەزنەکان، یان نووسینی نووسەرە ناودارەکانی کورد دەخوێنمەوە، هەنبانەبۆرینە دەنێمە تەک خۆم و مانای وشەکان لەوێوە وەردەگرم، بۆیە ڕۆژێک لەمەوبەر کە لێت پرسیم، ترسم هەبوو کە واتای وشەکە وەک خۆی نەگات و بەرپرسیارێتی بەهەڵە حاڵیبوونی تۆم بکەوێتە ئەستۆو ویژدانم ئازارم بدات”.

ئەو نموونەیە هەڵگرن و ڕاست بینێنە سەر ئەو کەسانەی هەر ئەم کارە بە تیۆریی و تەکنیکە ئەدەبییەکان دەکەن. واتە دێن بۆ وێنە لەسەر بابەتی (فەلسەفە)یی دوو لاپەڕە دەخوێننەوە و ئەمجار بە بێ ئەوەی کە لەم چەمکە بژین و هەڵیمژن و تێیبگەن کە ئەمە بۆ هاتووە و چۆن لە وشەیەکەوە گوازراوەتەوە بۆ نێو ژیان و ژیاوی مرۆڤایەتی و گرنگییەکەی لە چی‌دایە و لە کوێ‌دا دەکرێ کەڵکی هەبێ و شارەزایانە یان ناخودئاگا کەڵک لەم چەمکە قەدیمییە وەربگرین و زیاتری لەسەر ورد ببنەوە کە فەلسەفە ئەو توانایە بە مرۆڤ دەبەخشێت، تا بە شێوەیەكی زۆر هەستیاری بڕوانێتە گەردوون و لە سەرجەم بوونەوەرەکان، بە مرۆڤیشەوە، بکۆڵێتەوە و بنچینەکانی ئاکار و لۆژیک بە بەرپرسیارێتیەوە فێربێت…، ئاخر فەلسەفە زانستێک نیە، کە گرینگی بە بوارێکی تایبەت بدات، فەلسەفە بیرکردنەوەیە لە بیرکردنەوە و لە بەڕێوەبردنی جیهانی ماددی و هەست و میتافیزیک. فەلسەفە هەوڵدانی بێ ووچانە بۆ گەیشتن بە دانایی و بەرپرسیارێتی، وە بەدەستهێنانی كڕۆکی زانیاری سەبارەت بە خودی مرۆڤ و ژینگەی دەرەوەی و ئەو هێزەی بزوێنەرەی جیهان دەجوڵێنێ. دێن و ڕاست دەیتەپێننە ناو دەقەکە.

لە ڕاستی‌دا ڕەخنە دەگرم، دەشزانم بۆچی و لە چی دەگرم، وە پێشنیاری بنیاتنەریش لە تەک ڕەخنەکەم دەخەمە روو، دەبێ ڕەخنەش هەبێت و قەبوڵیشی بکەین، کە مافی ڕاستەقینەی ڕەخنە، جەوهەری خوێندنەوەو گرینگی پێدانە بە بەرامبەر، کەواتە بەرپرسیارێتیە بە هەستیارییەوە. چون ڕەخنە یارمەتیمان دەدات کە درووست بخوێنینەوەو مامەڵە بکەین، بەڵام بواری ڕەخنەی ئێمە بوارێکی خەسارەیە. وێڕای ئەو خەسارەیە دیسانیش ڕەخنە و بابەتگەلی لەو چەشنە لە پڕۆسەی ئەو شتەی کە پێشتر ناوم لێنا ‘هەستیاری’ ، ‘پەروەردە’ ‘بەرپرسیاری’دا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە ژیانی ئێمەمانان. هەوڵی ڕەخنە لەم ساڵانەدا لەوەدا چڕ بووەتەوە کە بە بەردەنگ بڵێ بۆچی و چۆن دەتوانێ چێژ لە فڵانە نووسین یان وتار یان گوتار وەرگرێ و لێی تێبگا و کۆدەکانی ئەم شێوازە نوێیە بشکێنێ، لە لایەکی دیکەشەوە ئاگای لێیە کە خەسارەکانی نووسەرانی هاوچەرخیش بخاتە بەر باس. هەڵبەت وەک وتم لەمەدا گەندەڵیش هەیە و دەستەوتاقمگەریی و سەفسەتە و نان بە قەرزدان و شتی لەو چەشنەیش هەیە بەڵام لە کۆتایی‌دا ئەوەی کە لەم حەوتخانە دەردەچێ ڕەخنەی ساغە بە هەستیاری و بەرپرسیارێتیەوە. ڕەنگە کەسانێک لەمەوپێش بە ڕەخنەی نابەرپرس زیانێکیان پێت گەیاندبێ و بەردەوام بن بەڵام لە کۆتایی‌دا، ئێمە بە ئاسانی دەتوانین پێیان‌دا بچینەوە و کەس ناتوانێ لە حوکمی مێژوو دەرچێ. ئەگەر وتارێکی ڕەخنەییت نووسیوە و کێشەی جدیی تیۆریک و مێتۆدیکی هەیە و ئەودەم کەس پێی نەزانیوە، ئێستا لەسەرت دەبێ بە ماڵ و کەم نین ئەو کەسانەی کە دوای دە پازدە ساڵ تازە بە تازە لەسەر وتارەکانی ئەو سایان یەخەیان دەگیرێ. ئەم بەرکەوتنانە وای کردووە لەم چەند ساڵەی دوایی‌دا زۆر کەمتر بەر بابەتی لەو چەشنە بکەوین، با هەوڵبدەین هەرچوار بواری هەستیاری، بەرپرسیاری، پەروەردەیی، ڕەخنە لەو زەلکاوە بێنینە دەرەوە و پێمانوابئ ئەوەی تێپەڕی، پێویستییەکی مێژوویی بوو و بەس.

Top