تەقینەوەیەک لە ناوەڕاستی شاری میلانۆ ڕوویدا

تەقینەوەیەک لە ناوەڕاستی شاری میلانۆ ڕوویدا

 

 

لە ئەنجامی تەقینەوەیەکی گەورە لە شەقامی پیر لۆمباردۆ لە ناوچەی پۆرتا ڕۆمانای شاری میلانۆی ئیتاڵیا ئاگر لە ناوچەکە کەوتەوە.

بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئیتاڵیا، دوابەدوای ئەم ڕووداوە، هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی فریاکەوتن و ئاگرکوژێنەوە بۆ ناوچەکە گواستراونەتەوە.

بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، لەم تەقینەوەیەدا ٤ کەس برینداربوون و ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و ئاگرکوژێنەوە و هێزە ئەمنییەکان ڕەوانەی شوێنەکە کراون.

هەروەها خانووی نیشتەجێبوون و بەشێک لە قوتابخانەکانی دەوروبەری شوێنی ڕووداوەکە چۆڵکران.

تا ئێستا بە فەرمی هۆکاری تەقینەوەکە ئاشکرا نەکراوە.

لە لایەکی دیکەوە هەندێک لە شایەتحاڵەکان ڕایانگەیاندووە کە کەپسوولی ئۆکسجین لە پشتەوەی بارهەڵگرێکی پیکاب ئاگری گرتووە و دواتر هەموو کەپسولەکان تەقیونەتەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەی ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی زیانلێکەوتوو و دوکەڵ کە ناوچەکەی گرتووەتەوە بڵاوکراونەتەوە.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

Top