په‌يامى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌ يادى ئه‌نفالدا

په‌يامى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌ يادى ئه‌نفالدا

ئه‌مڕۆ له‌ يادى سى و پێنج ساڵه‌ى تاوانه‌كانى ئه‌نفالدا كه‌ ڕژێمى پێشووى عێراق ساڵى 1988 به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵك و خاكى كوردستان ئه‌نجامى دان، به‌وپه‌ڕى شكۆوه‌ زياتر له‌ 182 هه‌زار شه‌هيدى ئه‌نفال به‌بير ده‌هێنينه‌وه‌، سه‌رى ڕێز له‌به‌رده‌م گيانى پاكياندا داده‌نوێنين و سڵاو له‌ خێزان و كه‌سوكارى سه‌ربه‌ر‌زيان ده‌كه‌ين.

له‌م ياده‌دا دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌، حكوومه‌تى عێراق ده‌بێ كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوان له‌ هه‌موو ڕوويه‌كه‌وه‌ قه‌ره‌بۆ بكاته‌وه‌ و بڕيارى دادگاى باڵاى تاوانه‌كانى عێراق جێبه‌جێ بكات كه‌ ئه‌نفالى به‌ جينۆسايد و تاوانى دژى مرۆڤايه‌تى و تاوانى جه‌نگ ناساند‌. له‌ هه‌رێمى كوردستانيش هه‌رچى له‌ توانادايه‌ ده‌بێ باشتر خزمه‌ت بكرێن و بايه‌خ و گرنگيى زياتريان پێ بدرێت.

قه‌واره‌ى ده‌ستووريى هه‌رێمى كوردستان، به‌رهه‌مى خه‌بات و تێكۆشانی سه‌تان هه‌زار شه‌هيدى تاوانى سامناكى وه‌ك ئه‌نفاله‌كان و كيمياباران‌ و قوربانيدانى گه‌لى كوردستانه‌، له‌م ياده‌دا با به‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى و كارى هاوبه‌ش بۆ پاراستنى ده‌سكه‌وت و مافه‌كانمان، ڕێز له‌ گيان و يادى شه‌هيدان بنێين. هه‌روه‌ها ده‌بێ هه‌موو هه‌وڵێك بده‌ين تاكو ئه‌نفال له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تيش زیاتر به‌ جينۆسايد بناسرێت و هه‌رگيز له‌ هيچ شوێنێكى جيهان تاوانێكى وا دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌.

سڵاو و دروود بۆ گيانى شه‌هيدان.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2023/4/14

Top