سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كۆبووه‌وه‌

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كۆبووه‌وه‌

هه‌ر له‌ به‌رده‌واميى ديدار و كۆبوونه‌وه‌كانيدا له‌ به‌غدا، پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2023/4/8 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز محه‌مه‌د حه‌لبووسى، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بيروڕايان ده‌رباره‌ى پرۆژه‌ياساى بودجه‌ى گشتيى عێراق گۆڕييه‌وه‌ كه‌ ئێستا بۆ ده‌نگدان له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانه‌. هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌ گرنگيى ده‌رچوواندنى ياساكه‌ كه‌ ڕۆڵێكى كاريگه‌رى ده‌بێت له‌سه‌ر بووژانه‌وه‌ى دۆخى دارايى و ده‌سپێكردنه‌وه‌ى كار و پرۆژه‌كان.

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ڕێككه‌وتنى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراقيان خسته‌ به‌ر باس و جه‌ختيان له‌ گرنگيى ئه‌نجامدانى ڕێكاره‌كانى جێبه‌جێكردنى كرده‌وه‌. هه‌ر له‌مباره‌يه‌وه‌ ئاماژه‌يان به‌وه‌ دا كه‌ دواكه‌وتنى جێبه‌جێكردنى ڕێككه‌وتنه‌كه‌، كاريگه‌ريى نه‌رێنى له‌سه‌ر ته‌واوى داهاتى گشتى عێراق ده‌بێت.

په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و دۆخى عێراق و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

Top