نێچیرڤان بارزانی: داوا لە بەڕێز موقتەدا سەدر دەكەم، گفتوگۆیەکی هەمەلایەنە دەست پێبکات

نێچیرڤان بارزانی: داوا لە بەڕێز موقتەدا سەدر دەكەم، گفتوگۆیەکی هەمەلایەنە دەست پێبکات

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 8/4/2023 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە بەغدا بەشداریی ڕێوڕەسمی چل و سێیەمین ساڵیادی شەهیدكردنی سه‌يد محەمەد باقر سەدر كرد كە هەریەك لە بەڕێزان سەرۆك وەزیران و ژمارەیەك لە وەزیر و بەرپرسانی حكوومەتی عێراقی فیدراڵى و بەرپرسانی لایەنە سیاسییە عێراقییەكان تیایدا بەشدار بوون.

لە ڕێوڕەسمەكەدا سەرۆك نێچیرڤان بارزانی وتارێكی پێشكەش كرد، ئەمە دەقەكەیەتی:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئامادەبووانی بەڕێز..

ئەمڕۆ هەموومان لەم ڕێوڕەسمەدا پێکەوە یادی تاوانێکی گەورەی ڕژێمی پێشووی بەعس دەکەینەوە بەرامبەر ڕابەرێکی گەورەی مقاوەمەی و زانایەکی گەورەی جیهانی ئیسلامی کە ئەویش شەهید سەید محەممەد باقر سەدرە، هەروەها بەرامبەر خوشکەکەی، شەهید ئامینە سەدر کە بە بنت الهدى بەناوبانگە.

ئەمڕۆ کە ٤٣ ساڵ بەسەر ئەم تاوانە گەورەیەدا تێدەپەڕێت، ڕێزگرتنی خۆمان لە یاد و گیانی هەردوو شەهید، بە بەڕێز نووری مالیکی ئەمینداری گشتی و هەموو جەماوەری حزبی دەعوە و بنەماڵەی گەورە و بەڕێزی سەدر و هەموو گەلی عێراق ڕادەگەیه‌نین.

هەروەها ڕێگەم بدەن بە ناوی جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانییەوە ڕێزگرتنی بەڕێزیان بەرامبەر شەهادەتی ئیمامی شەهید محەممەد باقر سەدر، بە ئێوەی بەڕێز و حزبی دەعوە و هەموو بنەماڵەی سەدر و گەلی عێراق ڕابگەیه‌نم.

بەڕێزان..

ئەوە پەندێکی خوای گەورە و مێژووییە کە دەبینین لەو ڕۆژەی ڕژێم ئەو زانایەی شەهید کرد، لە هەمان ڕۆژیشدا دوای ٢٣ ساڵ، ئەو ڕژێمە خۆیشی تێکشکێندرا و ڕووخا.

ئیمامی شەهید محەممەد باقر سەدر، بیرمەند و زانایەکی گەورە بوو، لەبەرئەوەش شەهیدکردنی، تەنیا شەهیدکردنی مرۆڤێک نەبوو، بەڵکو شەهیدکردنی مەرجەعێک و زانایەک بوو کە دەیتوانی زۆر بەرهەمی دیکەی نایاب بداتە گەلەکەی و بداتە جیهانی ئیسلامی.

کە تەماشای ژیانی دەکەین، دەبینین هەر لە منداڵییەوە کەسێکی زۆر لێهاتوو بووە. کەسێک بوو، زانایەكی زۆر پێش تەمەنی خۆی کەوتبوو. شەهید محەممەد باقر سەدر، وانە و کتێب و زانستەکانی زۆر زۆرتر لە کاتی خۆی تەواو دەکردن و پرسیار و گفتوگۆی زانستيی زۆر بەهێز و تازەی دەورووژاند. کتێبەکانی لە بواری فیقهـ، ئابووری، سیاسەت و بوارەکانی دیکەدا، لەکاتی خۆیدا داهێنانی زۆر گەورە بوون، ئێستاش سەرچاوەی زۆر گرنگن.

شەهید محەممەد باقر سەدر، دژی حزبی بەعس بوو، نەیدەهێشت خەڵک ببێتە بەعسی، چونکە ڕژێمی بەعس ببووە چەوسێنەری خەڵک و ببووە مایەی شەڕ و نەهامەتی بۆ گەلی عێراق. لەبەرئەوەش بنچینەی حەرەکەیی و فکرییەکانی بزووتنەوەی مقاوەمە و بزووتنەوەی سیاسيی شیعەی لە عێراق دانا.

هەروەها شەهید بنت الهدى کەسێکی زۆر خوێندەوار و خاوەن فکر بوو. حەزێکی زۆری لە فێربوون و فکر بوو، بۆیەش وەک ئافرەتێک بەسەر هەموو سەختییەکاندا زاڵ دەبوو. هەموو کاتی خۆی، بۆ خوێندن و نووسین تەرخان کردبوو. چەندین کتێبی گرنگی نووسین. بە هەمان شێوە ئافرەتێکی زۆر ئازا بوو، بە هیچ شێوەیەک ئامادە نەبوو سەر دابنوێنێت بەرامبەر زۆرداری و چەوسانەوەی ڕژێم و ڕێکخەرێکی گەورەی ناڕەزاییەکان بوو دژی ستەمی ڕژێم بەرامبەر بە مەرجەعیەتی باڵا و خەڵک.

ئامادەبووانی بەڕێز..

پەیوەندیی دێرین و بەهێز هەبوو لەنێوان بنەماڵەی بارزانی و مەرجەعیەتدا، هەروەها لەنێوان بزووتنەوەی ڕزگاریخوازيی کوردستان و نەجەف. خوالێخۆشبوو باوکم ئیدریس بارزانی، بە فەرمانی سەرۆکی شۆڕشی کوردستان مەلا مستەفای بارزانی خوا لێی خۆش بێت، سەرەدانی مەرجەعی گەورە سەید موحسین حەکیمی کردووە لە نەجەف.

سەرۆک مەسعوود بارزانی، پەیوەنديی بەردەوامی هەبوو لەگەڵ مەرجەعیەت لە نەجەف. لە ئەنجامی ئاگاداربوونی خوالێخۆشبوو سەید موحسین حەکیم لەو زوڵمەی كە لە کورد دەکرا، سەید موحسین فەتوای حەرامکردنی شەڕی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوولی دەرکرد.

هەروەها دوای هەڵگیرسانەوەی شۆڕش لەنێوان ڕژێم و شۆڕشی ئەیلوولدا لە ساڵی ١٩٧٤، سەید محەممەد باقر سەدر لە وەڵامی پرسیاری گەنجێکدا بە ناوی (کازم جه‌ودە) سەبارەت بەوەی ئایا جائیزە بچنە شەڕی کورد، ئیمامی شەهید لە وەڵامدا پێیگوتبوو: نابێ، چونکە موسڵمانن.

ساڵی ١٩٦٩ ژمارەیەک قوتابيی کورد لەلایەن مەلا مستەفای بارزانييه‌وه‌ نێردران بۆ كەربەلا و نەجەف بۆ چلەی ئیمام حسێن (سڵاوی خوای لێ بێت). د. فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە، کە ئێستا لێرە دانیشتووە، یەکێک لەو قوتابیانە بوو. دوای خوێندنەوەی وتاری بارزانی لەلایەن یەکێک لەو قوتابیانه‌وە، سەید محەممەد مەهدی ئه‌لحەکیم بە قوتابیانی گوت “ئێوەش ڕۆڵەی حسێنن، چونکە ئێوەش وەک ئێمە زوڵمتان لێدەکرێت و مقاوەمە دەکەن”.

کەواتە کە دوێنێ ستەملێکردن و بەرگری و مقاوەمە، ئێمەی پێکەوە بەستبووەوە، ئەمڕۆش دەبێت پێکەوە بین بۆ نەهێشتنی هەموو ستەم و کێشەیەک.

ئامادەبووانی بەڕێز..

دەمەوێت لەم بۆنەیەدا ئەوەش بە بیر بهێنمەوە کە حزبی دەعوە و پارتی دیموکراتی کوردستان لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، دوو کۆڵەگەی سەرەکيی خەبات بوون دژی ستەم و زۆرداری. هاوخەباتی و پێکەوەکارکردنێکی زۆر لەنێوانیاندا هەبوو. زۆر جار پێشمەرگە و جەنگاوەران و ئەندامانی هەردوولا لە یەک ناوچە و له‌ يه‌ك شوێندا پێکەوە بوون. لە زیندانەکانی ڕژێمی پێشوودا پێکەوە بوون.

لەبەرئەوەش ئەم دوو حزبە سەرەکییە، دەبێ پەیوەندییەکی زۆر باشتر، دروست بکەنەوە. بە هەمان شێوە دەبێ پەیوەنديی حزبی دەعوە لەگەڵ هەموو حیزبەكانی کوردستاندا بەهێز بێت، چونکە حزبی دەعوە زۆر زیاتر ئاگاداری ئەو ستەمەیە کە لە گەلی کوردستان کراوە.

بۆیە لەم ڕێوڕەسمەدا کە واتایەکی زۆری هەیە بۆ هاوخەباتی و پێکەوەکارکردن، داوا لە ئەمیندار و سەرکردەکانی حزبی دەعوە دەکەم، پێکەوە ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕین لە ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی ڕابردوو و چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان، لەپێناو بەهێزکردنی متمانەی نێوان هەموو پێکهاتەکانی عێراق و بەهێزکردنی سیستەمی دیموکراسی و چەسپاندنی فیدراڵی لە عێراقدا، هەروەک دەستووری عێراق داوای دەکات.

بەڕێزان..

هەموومان دەزانین بنەماڵەی سەدر خاوەن پێگەیەکی زۆر گەورەن بە زانا گەورەکانیان و بە مێژووی پڕشنگداریان لە زانست و بەرەنگاربوونەوەی ستەمدا، هەروەها بە بەشداريی زۆر سەرەکی و کاریگەریان لە بزووتنەوەی سیاسی و مقاوەمەدا. ئەمڕۆش ئەم بنەماڵەیە جێگەی متمانەی سەدان هەزار کەسە لە عێراق و خاوەنی هێزێکی جەماوەری و سیاسیی زۆر گەورەیە.

ئەم بۆنەیە بە دەرفەت دەبینم کە داوا لە بەڕێز سەید موقتەدا سەدر بکەم، گفتوگۆیەکی تازەی هەمەلایەنە دەست پێبکات لەگەڵ هەموو لایەن و سەرکردەکان، لەپێناو چەسپاندنی سیستەمی سیاسی لە عێراق و بەهێزکردنی بزووتنەوەی چاکسازی و چارەسەری عێراقیانە لە ناوخۆی عێراقدا.

لەم بۆنەیەدا جارێکی دیکە سڵاو و دروود دەنێرین بۆ گیانی پاکی شەهید سەید محەممەد باقر سەدر و شەهید بنت الهدى و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی عێراق.

زۆر سوپاس.

نێچیرڤان بارزانی: داوا لە بەڕێز موقتەدا سەدر دەكەم، گفتوگۆیەکی هەمەلایەنە دەست پێبکات
نێچیرڤان بارزانی: داوا لە بەڕێز موقتەدا سەدر دەكەم، گفتوگۆیەکی هەمەلایەنە دەست پێبکات
نێچیرڤان بارزانی: داوا لە بەڕێز موقتەدا سەدر دەكەم، گفتوگۆیەکی هەمەلایەنە دەست پێبکات
Top